١٧
شێوازی ژیان له‌م سه‌رده‌مه‌دا به جۆرێكه كه ئه‌گه‌ر به سه‌د ساڵ به‌رتر به‌راوردی بكه‌یت، وا ده‌ركه‌وێت باشتر بنوێنێت. زۆریشن ئه‌وانه‌ی زۆریان له‌باردایه بۆ ئه‌وه‌ی نموونه‌ت بۆ بهێننه‌وه و تەنانەت بۆشت بسه‌لمێنن، كه له‌مه‌دا ڕاست ده‌كه‌ن.
له به‌رامبه‌ردا منیش و زۆری دیكەیش به‌ڵگه‌یان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی گومان له‌سه‌ر واچهكهی ئه‌وان دروست بكه‌ن، له‌مه‌دا ئه‌وانیش ڕاست ده‌كه‌ن!
جا ئه‌مه ده‌كاته چی و كێ ڕاست ناكات، كه هه‌ردوولا ڕاست ده‌كه‌ن؟
(مۆنك دیبه‌یت) دامه‌زراوه‌یه‌كی وڵاتی كهنەدایه، گفتوگۆی گه‌رم سه‌باره‌ت كێشه‌كانی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام ده‌دات، له‌ته‌ك گفتوگۆی شاره‌زایاندا، ماف به هه‌موو ئاماده‌بوانیش ده‌دات، له ڕاپرسییدا به‌شداری بكه‌ن.
یه‌كێك له‌و دیبه‌یتانه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێر ناونیشانی ئه‌و پرسیاره‌دایه، كه: "ئایا مرۆڤ باشترین ڕۆژگاریان ده‌گوزه‌رێنن؟" گفتوگۆی گه‌رم ده‌وروژێنێت.
زۆر كەس پێیان وایه، ڕه‌وتی پێشڤه‌چوونی زانست، ژیانی مرۆڤایه‌تیی باش كردووه و له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وانه‌ی پێیان وایه هه‌موو شت هه‌ر خراپتر بووه كه‌م نین و وه‌كوو ئه‌وان زۆرن. گرنگیش نییه كێ لایه‌نگری زۆره و كێ ده‌یباته‌وه، ئه‌وه‌ی بایه‌خداره ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ن كه به ئاراستەیه‌كی دیاریكراو و تاكڕه‌هه‌ند و به‌بێ به‌شداریی ئه‌وانی دیكە به رجه سته بووه.
به‌ڵگه‌ی بوونی هێندێك هه‌نگاوی چاك، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ناتوانێت ئه‌وه ڕه‌ت بكاته‌وه، هه‌مان ئه‌و به‌ڵگانه به‌ره‌و كاره‌ساتمان نابه‌ن.
له شاری تۆرنتۆی كه‌نه‌دا، به ١٠ ڕۆژێك به‌ر له كۆتایی مانگی نیسانی 2019 له‌سه‌ر ئاستی جیهان (دیبەیتی سه‌ده) به‌ڕێوه ده‌چوو. ئه‌و دووه‌ی له‌م دیبه‌یته‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌یان ده‌دایه‌وه "به‌خته‌وه‌ری؛ له‌نێوان سه‌رمایه‌داری و ماركسیزم‌دا" و گفتوگۆی گه‌رمیان كرد، یه‌كه‌میان فەیلهسووفی سلۆڤینی (سلاڤوای ژیژاك)ی ماركسی ڕادیكاڵ بوو (ئه‌و خۆی وه‌ك هیگڵهك پێناسه ده‌كات). دووه‌میشیان (گوردن پیته‌رسۆن)ی ده‌رونناسی لیبراڵی موحافیزكار بوو.
له دیبه‌یته‌كه‌ی (دامه‌زراوه‌ی مونك)دا سه‌باره‌ت وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری: "ئایا مرۆڤ باشترین ڕۆژگاریان ده‌گوزه‌رێنن"؟ گۆردن پیته‌رسۆن به‌شدار بوو، دیبه‌یته‌كه و ورده‌كارییه‌كانی كراوه به كتێب و منیش بهرگاوبهرگ خوێندوومه‌ته‌وه. دیبه‌یته‌كه‌ی (پیته‌رسۆن و ژیژاك)یشم ڕاسته‌وخۆ بینیوە و كه خراوه‌ته سه‌ر كاغه‌زیش خوێندوومه‌ته‌وه و لهبارهشەوه زۆرم نووسین به‌هێند وه‌رگرتووه.
پیته‌رسۆن له هه‌ردوو بۆنه‌دا موحافیزكارێكی لیبڕاڵه و لایه‌نگری ڕاستڕه‌وییه و ئه‌مه‌ش ناكاته ئه‌وه‌ی بڵێین "له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت دژی ببینه‌وه."
ئه‌و ژماره و داتای زۆری پێیه، بۆ ئه‌وه‌ی قایلت بكات به‌وه‌ی، مرۆڤ ئێستا بارودۆخیان له سه‌د، یان ته‌نانه‌ت په‌نجا ساڵ پێش ئێستا باشتره. نابێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ش به‌ڵگه‌مان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پێیه، مافمان هه‌بێت ڕه‌تی بكه‌ینه‌وه.
كاتێك پیته‌رسۆن له دیبه‌یته‌كه‌ی (مۆنك)دا گوتی: "له چل په‌نجا ساڵی ڕابردوودا ئاستی برسیه‌تی و نه‌داری له چین و هندستان به ڕێژه‌ی به‌رچاو كه‌م بووەته‌وه، ئاستی گوزه‌ران سه‌د به‌رابه‌ر باش بووه و ڕێژه‌ی مردنی منداڵان كه‌م بووه، ئاستی ته‌مه‌نیش درێژ هه‌ڵكشاوه". له‌وبه‌ره‌وه یه‌كێك كه هه‌ردوو ئایدۆلۆژییانه سه‌نگه‌ربه‌ندیان گرتبوو، وه‌ڵامی دایه‌وه و گوتی: "ئه‌م قسه‌یه ڕاسته و به‌ڵگه و ئاماره‌كانیش ڕاستن، به‌ڵام له هه‌مان ئه‌و قۆناغه‌دا كه له‌و دوو وڵاته باری گوزه‌رانی خه‌ڵك باش بووه، به‌هۆی پیشه‌سازییه‌وه كاره‌ساتی خراپتر به‌رۆكی ئه‌وان و هه‌موو ئهستێرهكهشیان گرتووه، به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی برسیه‌تییه‌وه ژینگه و خاك و ئاووهه‌وای ئه‌و وڵاتانه و جیهانیش ژه‌هراوی بووه!"
دێمه‌وه سەر دیبه‌یته‌كه‌ی (ژیژاك و پیته‌رسۆن) كه له ڕاستیدا سه‌ره‌تای ستاییشكردنی له‌لایه‌ن ڕاگه‌یاندنه‌وه و پێشتریش فووتێكردنی، ئه‌گه‌رچیش به به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌له‌حانێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌نگین بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی تۆزێك به هزر و بیركردنه‌وه‌وه خه‌ریكن له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو، به گفتوگۆی هاوشێوه‌ی نێوان بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفانی سه‌ده‌ی ڕابردوو به‌راورد بكرێت.
بێ گومان به‌ڵگه‌كان كاریگه‌ر بوون، نموونه‌كانیش به‌هادارییان هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی به بۆچوونه‌كان قایل بیت، به‌ڵام هه‌رگیز له ئاست چاوه‌ڕوانیی كێشه و دهردودووی مرۆڤایه‌تیدا نه‌بوون.
(ژیژاك) ڕه‌خنه‌گرانه‌تر و به شێوازێكی دیالكتیكی، سه‌رمایه‌داری و سۆشیالیزمی به‌ر نه‌شته‌ر خست. به هه‌مان شێوه‌ش سه‌باره‌ت (به‌خته‌وه‌ری)ش وه‌ك ڕوانگه‌یه‌كی ئایدۆلۆجی قسه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه ئاستێكی بڵند نه‌بوو، تا بڵێین: "هاوتای كێشه و گرفته‌كانن."
خاڵە گرنگەكە، به‌ڵام نوێ نه‌بوو، (ژیژاك) نموونه‌ی بۆ ئه‌وه هێنایه‌وه: "چه‌پی نوێش به‌شێك له سیستمی شێواوی ئێستاكه‌ی جیهانن". ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌و سیستمه بێت، ناتوانێت تێیپه‌ڕێنێت.
كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، ئێستا هێندێك كه باڵاده‌ستن، له‌جیاتی هه‌موو مرۆڤایه‌تی بیر ده‌كه‌نه‌وه، خۆیان كێشه‌كان دروست ده‌كه‌ن و خۆشیان چاره‌سه‌ر ده‌دۆزنه‌وه، ده‌بێ هه‌موانیش له‌مه‌دا لاساییان بكاته‌وه.
(ژیژاك) دژی به‌كاڵاكردن و به‌كاڵاكردنی ئایدۆلۆژیاش ده‌وه‌ستایه‌وه، (پیته‌رسۆن)یش وه‌ك موحافیزكارێكی ڕادیكاڵ خۆی ده‌نواند. سه‌باره‌ت ئه‌م بۆچوونه‌ش ده‌مه‌وێت دوو خاڵ تۆمار بكه‌م:
یه‌كه‌م: هێنده به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی دژی سه‌رمایه‌داری ببیته‌وه، وه‌ك (ژیژاك) دژی چه‌پی نوێ بیت و ئه‌زموونی وه‌كوو (چین) بكه‌یته نموونه كه توانیویه‌تی هاوتایی له‌نێوان كارای ئابووریی بازاڕ و ماركسیزم‌دا دروست بكات، چونكه (چین) به هه‌مان به‌های سه‌رمایه‌داری خۆسه‌پێن و داگیركارانه‌یه و ته‌نیا چه‌كه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه داگیركاری و خۆسهپاندنهكهی ئابوورییه، ئه‌مه‌ش نموونه‌ی ئیمپراتۆریه‌تێكی نوێی پۆست مۆدێرنه‌یه.
دووه‌م: هێنده به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی دژی نموونه‌ی دیكە بیت، كه ده‌شێت له ئاسیا و شوێنێكی دیكەی خۆرهه‌ڵات دێنه ئارا و باشترن و ڕێسا و یاسای خۆرئاواییان به‌سه‌ردا بسه‌پێنیت و بڵێیت "دیموكراسی و لیبراڵی باشترین نییه، به‌ڵام له هه‌موو سیستمه‌كانی دیكە باشتره!"
با بێمه‌وه سه‌ر به‌ندوباوی پرسیاره‌كان، كه له دیبه‌یتی یه‌كه‌می (دامه‌زراوه‌ی مۆنك دیبه‌یت) و (دیبه‌یتی سه‌ده)شدا سه‌باره‌ت خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌رییه و بپرسم، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م دووانه چییه؟
ئایا ئه‌مانه جۆرێك نین له شرۆڤه و بۆچوون و لێكدانه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به به‌هاكانیان؟
ئه‌و وێنه‌یه‌ی بۆ خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری نه‌خشێندراوه، ته‌واو خۆرئاوایی نییه و به پێودانگی ئه‌وان دروست نه‌كراوه؟
بۆچی مرۆڤ، ئهفغانییهك، سۆماڵییەك و كوردێك و ئهندهنووسییهك، ئه‌گه‌ر وه‌كوو ئه‌مریكایی نه‌ژی و نه‌خوا و نه‌پۆشێت و بیر نه‌كاته‌وه، به‌خته‌وه‌ر نییه؟
بۆچی زه‌رده‌شتییه‌ك، یان بووزییهك، یان موسڵمانێك، به شێوازی خۆی به‌خته‌وه‌ر بێت، نابهكامه و هه‌ر ده‌بێت به‌و شێوازه‌ی (هۆلیود) سه‌باره‌ت به‌خته‌وه‌ری وێنه‌ی بۆ كێشاوه، لاسایی بكاته‌وه و بگوترێت ئه‌وه به‌خته‌وه‌رییه؟
به‌خته‌وه‌ری وێنه‌ی له چوارچێوهدراوی نییه و خۆشگوزه‌رانییش داتا و ژماره نییه. زاست سه‌لماندوویه‌تی به‌خته‌وه‌ری و خۆشگوزه‌رانی، ژماره و پێوه‌ر و پێوانه‌ی نییه، له شوێنی دیكە نییه و له‌نێو سه‌ختی و بارگرانیی ژیاندایه.
ئه‌و له شوێن و كاتێكی دیكەدا به‌ده‌ست ناكه‌وێت، له گوزه‌راندنی سه‌ختی و به‌رپرسیاره‌تی و بێ نه‌وایی ئازار و بار و كارگرانی دایه.
(فرۆید)ی زانای ده‌روونناس نووسیویه‌تی: "ئاوڕ له ڕابردوو ده‌ده‌یته‌وه، خۆشترین ڕۆژانت ئه‌وانه‌ن كه پڕ له ئازار و نههامهتیین!"
پێوه‌ر و پێوانه‌یان بۆ خوشگوزه‌رانی دروست كردووه، ئایدۆلۆژیای نه‌خۆشانه‌یه.
بۆچی ئه‌گه‌ر كۆلیتێكت هه‌بێت و چیلكه و چه‌وێڵ كۆ بكه‌یته‌وه، كوانوو گه‌رم بكه‌یت و مه‌ڕ بدۆشیت و مریشك به‌خێو بكه‌یت و هێلكه بكوڵێنیت و به نانی گه‌رمه‌وه بیخۆیت به‌خته‌وه‌ری نییه، به‌ڵام ماڵه‌كه‌ت هه‌زار مه‌تر ڕووبه‌ری بێت و چه‌ند خزمه‌تكارت هه‌بێت، خزمه‌تكار ببن به ڕۆبۆت و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مرۆڤێكدا هه‌ڵبكه‌یت، سه‌گ و پشیله به دۆست بگریت، به‌خته‌وه‌رییه؟
زانستی نوێ دەیسهلمێنێت، له سه‌دا نه‌وه‌دی ده‌ردودوو و نەخۆشیی جه‌سته‌یی، به گۆڕینی شێوازی ژیان چاره‌سه‌ر ده‌بێت و چ پێویستی به چاره‌سه‌ری پزیشكی و كیمیایی نییه.
ئه‌مه ئەوە پشتڕاست ده‌كاته‌وه، خه‌وبینین به به‌خته‌وه‌ری و به‌ده‌ستخستنی، نه‌خۆشییه و دروستكردن و ڕه‌خساندنی ساغڵهمییه.