3
خۆخوێندنەوە.
لەو هەوڵ و كۆششەی بە خۆم داوە بۆ ئەوەی زۆر لە زانا و خەمخۆر و چاكەكار لەوانەی بۆم پێ تێدەگەیەنرێن و دەزانم هاوبیرم دەبن، چەند ساڵێكە بەندوباوی پرۆژەی (بیركردنەوەی كوردی)م بۆیان وەشاندووە. یەك دوو جارێك پێیان گوتم: "باشە سەروومە، سەردارتن، هەن ئەم باس و خواسە بۆ ئەوان بكەیت دەیقۆزنەوە، بۆ وا نەكەیت؟"
ئەمە وەڵامی من بووە بۆ ئەوان "گەر بمزانیایە ئەوانی سەردار بەتەنگ ئەم خەمەوە دێن بۆیانم باس دەكرد. ناشڵێم لە نێوێندا نین بە تەنگەوە بێن، خۆ ئەگەر بەتەنگەوە هاتن ئەوەش هەر چاكی چاكایەتییە، بەڵام ئەگەر نەهاتنە سە ر بەندوباو، ناكرێت بچەمێین و چەوتەوێڵ بكەوین و دەستەوەستان بین. من كە تۆم هەڵبژاردووە، لەخۆڕا نەبووە، نازانم تۆش چەندت پێ دەكرێت، ئەگەر بەدەنگەوە هاتی بۆم دەكرێت ڕەنجەوەرییت بۆ بنووسمەوە."
بڕوانە لە بەندوباوی مێژوودا سەبارەت (پرۆژەی بیركردنەوەی كوردی) چیم هۆنیوتەوە.
ئەوە هەر كارنامە و نووسراو نییە، وانێك نازانن چ دەكەم و سەرقاڵی چیم، وا دەزانن دێوانەم.
قەیدی چییە!
وا لە خوارەوە چەند بڕگەیەك بەرباس دەخەم، كە هەمەی پرۆژە نییە و تەنێ هە ڵبژاردەیە:
• لە مێژووی شارستانی و فەرهەنگیدا، زۆر زانیازیی هەڵە دەربارەی (كورد بوون) تۆمار كراوە، هەڵەكان كراون بە ڕاستی و ڕاستییەكانیش بە هەڵە، زۆر بەهاداریش شێوێندراون، یان فەرامۆش كراون. لێڤەكۆڵین بۆ ڕاستكردنەوەی ئەم هەڵانە پەیوەندیی بە لایەنگیرییەوە نییە بۆ شوناس و نەتەوەی كورد، بەڵكوو هەوڵی گەڕاندنەوەی بەهادارییە بۆ چمكی (كەڵەكەكردنی زانین) كە بەری ڕەنجی مرۆڤایەتیە. كەڵەكەكردنی زانینیش سوودی هەر بۆ مرۆڤایەتی نییە و بەری چاكایەتی بۆ گەردوونە.
• مرۆڤی كورد لە خۆی نامۆ بووە، لە ژێر كاریگەرییشدا ئامڕازەكانی بیركردنەوەی، زمان و فەرهەنگی فەرامۆش كردووە و بە ئامڕازی بێگانە بیر دەكاتەوە، بۆیە هەمیشە لە خۆی دوور دەكەوێتەوە، خۆی ناناسێت و دەرەنجامیش دووچاری لە خۆنامۆبوون و سەرلێشێوان دەبێت. تادێ زیاتریش دەستەمۆ دەبێت و ئاڕاستە دەكرێت. بایەخداریی پرۆژەی (بیركردنەوە بە كوردی) لێرەوە بەها پەیدا دەكات.
• لەلایەن كارا و سازی هەرێمی و دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەوە، بە پرۆگرام كار لەسەر بێبەهاكردن و پووچاندنی ڕەسەنایەتی و ڕەوایەتیی شارستانی و فەرهەنگی كوردبوون دەكرێت، زانینی زانستی دروست بە بەرژەوەندیی زانینی چەواشەكاری، جێی پێ لێژ دەكرێت، دەرەنجامی ئەم هەوڵانەش، بەهۆی هێزدارییانەوە كاریگەریی خراپیان دروست كردووە، بە ڕادەیەك، هەر شتێك سەر بە فەرهەنگ و كولتوور و مێژوو و بەهای كۆمەڵایەتیی كوردی بێت، بەر تانە و تەشەر دەدرێت،
ڕووبەڕووی ڕۆژگاری سەخت دەبینەوە، شارستانی و كولتوور و فەرهەنگمان پووچ دەكرێت.
(یوڤاڵ نوا هەراری) ناوێكی بەنامێی ئەم سەردەمەیە، دەنووسێت: "ئێمە هاك كراوین". بەدوای ئەودا نانووسم پێشترم هۆنیومەتەوە و گوتوومە: "چەتە رێگایان پێ گرتووین!"
وا زۆر شتی دیكەیش دەهۆنمەوە، لە هەناوی نووسینی پێشترمەوە شتۆكەی شت هە ڵدەهێنجم و دبێژم: "نەزان دووچاری دەردود و كارەساتباریمان دەكەن."
نازانیت چ ببێژیت!
لێرەدا دەرفەت بدەن ڕازێكی مێژوویی بهۆنمەوە:
"مایسی ساڵی 1944، (نووری سەعید)ی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ (ماجید مستەفا)ی وەزیری كاروباری كوردان، كە خۆیشی كوردە، سەردانێكی كوردستان دەكەن، تا بارۆدۆخ بەپێی سەردەم و ڕۆژگار هەڵبسەنگێنن. (جگە لە بارزانی) لەگەڵ زۆرینەی سەرەك هۆزی كورددا جڤین و لێدوان دەكەن و بەڵێنی جۆرێك لە ئۆتۆنۆمییش دەدەن."
نووری سەعید دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا، ڕاپۆرتێكی داوەتە پەرلەمانی ئێراق و لە ڕاپۆرتیدا نووسیویە، لە كوردستاندا سێ توێژاڵ هەن:
یەكەم:
سەرەك خێڵەكان، كە تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەكەنەوە.
دووەم:
بازرگانەكان، كە هێمنیی بارەكە و ئارامیی خۆیان گەرەكە، تا بەرژەوەندیی ئابوورییان پارێزراو بێت.
سێیەم:
توێژاڵێكی ڕووناكبیر، كە ئامانجی سیاسییان، كوردستانێكی مەزن و سەربەخۆیە.
خۆم پرۆژە و هزر و ئاوەز و بیركردنەوەم لە بەرەبابەوە لەو توێژاڵەین كە زۆرترین زۆری مەزنی بۆ كوردبوون دەخوازین و بە كەمترینیش لە سەربەخۆیی ڕازی نابین و كاریشمان بەوانێكەوە نییە خێڵەكی و بازرگانن و دواجاریش بە (چەتەی چەكدار) بوون.
بۆ ئەوەی رێگر بم لەوەی مشەخۆران نان و پیاز بە بیركردنەوەی كوردییەوە بخۆن، دوو خاڵ دەهۆنمەوە، بڕوانە چین:
یەكەم:
(چەتەی چەكدار) كە ماكیان كوردی نییە و دز و جەردەن، كوردبوونیان خستووەتە پێناوی كەڵەكەكردنی سامانی چەتەگەریی خۆیانەوە و سەركەوتووش بوون لە ڕەوتی چەوتەوێڵی چەتەگەریدا.
دووەم:
هزر و ئاوەزی (كوردبوون)، كە دەكارێت خۆی چەكدار بكات، نەك تەنیا بە چەك، بەڵكوو بە زانین، هێشتا كەمۆكەی گرەوی نەبردووەتەوە و دۆڕاوە. تا ئێستاش، كە دۆڕاوە، ناكاتە ئەوەی كە لە كۆتایی گەمەكەدا براوە نابێت و سەردار نابێت.
(نووری سە عید) سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاست دەكات، مەترسیی گەورە بۆ ئەوان ڕووناكبیرانن.
(رەجەب تەیب ئەردۆگان) دەڵێت: "كورد مەترسی نییە، ئەحمەدی خانی مەترسییە"!
دەمەوێت بۆ تاراجی پرۆژەی بیركردنەوەی كوردی بنووسم: "ئەگەر كێوەكانیش بەچۆكدا هاتن، ئەم هزر و هۆش و بیروباوەڕ و بیركردنەوەیە ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمێشی مێژووە و بە ئاگر و بڵێسە دەگەشێتەوە"
پێت وابێت ئێستا وەك چەتەی چەكدار و ڕووناكبیرانێك، كە پەرچەكرداری ئەوانن، بە یەك دژ دەكەونەوە ناكۆن، تۆ پڕ شاشیت، ئەوان یەك ئاڕاستەن و گیلۆكە و بەرژەوەندیخوازانە بەرەو كارەساتباریمان دەبەن.
لە كۆتایی تونێلەكەدا چ لە ڕۆشنایی نابینم، ئەوە نەبێت، چرایەكی كز دەسووزێ و بەها پەیدا دەكات.
(پیرەمێرد)ی مەزن شەش هەزار پەندی بەهاداری بە هزری كوردی هۆنیوەتەوە و لەنێوێندا نووسیویە:
لەبەر چرادا دزی ناكرێت،
كەوتووینە دەورێك چراش دەدزرێت!
خۆخوێندنەوە بە دژایەتیی خونەخوێندنەوە ئەو چرایەیە، بیركردنەوەی كوردی هەڵیدەكات، نەك بە تەنیا بۆ ئەوەی دڕ بە تاریكی بدات، بەڵكوو بۆ ئەوەی سەلمێنەری تاریكیش بێت، وەك سروشتێك، كە بوونی بەهاداری بۆ ڕووناكی و چاكی هەیە.