پڕۆژەی (بیركردنەوە بە كوردی)

خەلآت عومەر
ساڵانی ساڵ دەگوزەرێت، ئێمەی وانێك لە بەرەبابەوە بە (كوردایەتی) گۆش كراوین وا ئێستا مایەپووچ دەكەوینەوە. ئەوانەی سەرمایەی پڕوپووچی پارەداریان بردووە، چون چەكدارن، بەسەردار بوون و كوڕوكاڵیان دەوڵەمەند بوون.
گوایا ئێمە دۆڕاوین و ئەوان بردوویانەتەوە. ڕاستە وا خۆ دەبینین مایەپووچ كەوتووین و ئەوانیش بە سەرداری دروشم بوون.
ئەوانەی دروشم دەبەنەوە، ئێستا و ئێرە و نووكە دەبەنەوە، ئێمەی دۆڕاویش، كە بێ‌ نەوا كەوتووین، بە خەونی بردنەوەی ئایندەوەین.
(دیبك فەیك) پڕۆگڕامەوانی ساختەچییەتیی قووڵە، سازی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریكایی دەیەوێت دژی نەیارانی بەكاری بهێنێت. زۆری هۆنیەوەتەوە تاوەكوو سازییەكانی میری ئەمریكا كارئاسانی بكەن و كردووشیانە و لەمێژیشە بەكار هاتووە، ئەمەش بۆ تەفرەدان و مەبەستخوازییە دەیورووژێنن، دەنا دەمێكە سەبارەت بەرزیی ئاكار هەموو شت بە تەفرەدان چووە.
(دیب فەیك) بەكوردی ساختەچییەتی قووڵە، دەزانی چییە؟
چەند وێنەت لێ‌ دەدەزن و تێكهەڵكێش و ئاوێتەی یەكتری دەكەن و ڤیدیۆیەكت بۆ دروست دەكەن، گوایا "تۆ پەیوەندییەكی سێكسی گرێ دەدەیت!"
لات سەیر نەبێت، من و تۆش ببین بە نێچیر و ڤیدیۆیەكمان بۆ بڵاو بكەنەوە و بە پەندمان بكەن. ئەوجا تا قەواڵەت دەخوێنیتەوە، دنیات بەسەردا ڕووخاوە، بڕۆ درۆزانان بەدرۆ بخەرەوە!
ساڵی چوو وتارێكم نووسی بوو، بەناوی (بڕوانە بۆ ئاسمان)، هاوڕێیەكی سەرسەختی كۆمۆنیستم، گوایە باكی بە زمانی كوردی نییە (دەركەوت لە من زمانی كوردیی لا شیرینترە) بۆی نووسیم: "هەڵەیە، بنووسە: بڕوانە ئاسمان " پێویستی بە وشەی (بۆ) نییە.
ئەو ڕاست دبێژێت، من ژی ئەوەم دەزانی، بەڵام چ بكەم ئەگەر ڕاستییم بنووسیایە، وانێك كوردی نازانن، بە شاش لە قەڵەمیان دەدام.
زۆر جار دەزانم ڕاستی چۆنە، بەڵام بۆ ئەوەی پەیام بگات، ناچار دەبم بە جۆرێك بنووسم، تا كاریگەریی دروست بكات.
(هاشم ساڵح) بیرمەندێكی عارەبە، قسەیەكی پڕجوانی هەیە و دبێژێت: "خراپیی ئێمەی ڕۆشنبیران ئەوەیە، بە زمانێك قسان دەكەین خەڵك لێی تێناگات، لە كاتێكدا مەلا و وتاردەری ئایینی زمانێك دەهۆننەوە، ڕەشۆكی خەڵك لێ تێدەگەن، بۆیە وتاریان كاریگەری دروست دەكات."
فێر بووم كاری گران و بابەتی زۆر قورس هاسان بكەم، بۆ ئەوەی بگات و تۆزۆكەك كاریگەریی دروست بكات. ناشزانم ڕەنجم بەوەی فەرهاد نەچووە؟
لە وتاری ساڵی ڕابردوودا بە ناونیشانی (بڕوانە بۆ ئاسمان) وام هۆنیوەتەوە: "لەبەر ئەوەی بچووك دەبینەوە، پێویستە یارییەكە گەورە بكەین، چونكە ئێمە خۆمان بچووك نین، ئەگەر هەشن بچووك خۆ دەبینن، ئەوە دەردودووی نەخۆشانە، یانە لەبەرئەوەیە خۆ ناناسن، دەنا باڵای كوردبوونمان هێند بەرزە، خەڵك ئەگەر خۆی پێدا هەڵبواسن، گەورە دەبن و باڵایان بەرز دەبێتەوە"
ساڵی ڕابردوو لە وتاری (بڕوانە بۆ ئاسمان)، زۆرم قسان بەرباس هێنابوو، زۆریشم هۆنیبووە و زۆرێكیش دەیانگوت "درێژدادڕییت كردووە"
هیچ وەڵام نادەمەوە و هیچیش نابێژم، بەندوباویش ناهۆنمەوە.
لەوێ‌ زۆرم گوتووە و لەنێویشیاندا سەبارەت لەخۆبێگانەبوون و خۆنەناسین و بێ‌ئاگایی و نەزانینە.
من نە نەتەوەپەرست و نە كوردخواهم، سەروسامانم دەوڵەمەندیی زانین و زانستە و هەرچەندیش بە مێژووی كۆنینەدا رۆ دەچم، لەو شوێنەوە سەر دەردێنمەوە كە دەوڵەمەندی خۆی بوونمانە.
دەوڵەمەندیی (كوردایەتی) نا، كە ئێستا بە شوناسی پارت و پارتۆكە بە ڕامیار كراوە، دەوڵەمەندییەك سەرچاوەكەی قووڵی (كوردبوون)ە، كە مێژووی فەرهەنگ و كولتوور و زانینی لەپشتەوەیە. هەر ئەویشە بەرهەمی دەهێنێت و دەوڵەمەندی دەكات.
بە كاڵبوونەوەی ڕامیاریی سەختەچییانەوە، نەك كاڵ نابێتەوە، سەرزارەكی و نووكەچییانە نابێت، بەڵكوو لە سەد ئاسماندا كوردایەتیی ئەوان یەك ئەستێرە نادۆزێتەوە. قووڵیی (كوردبوون)ژی ئەستێرە و هەسارە نییە، مانگە و دەدرەوشێتەوە.
دەتوانم باشتر و ڕاستەوخۆتر بنووسم و مەبەست بپێكم، بەڵام داخم ناچێت پێت ڕابگەیەنم "من و هاوبیرانم لە گەیاندنی پەیامەكەدا دەستەپاچەین، چونكە ئازاد نین. ئەمەش دەردێكی خۆماڵی نییە، مرۆ بەڕاستی دەستەپاچەن و ئازاد نین لە دەربڕینی ئەوەدا، كە ڕاستییە"
زۆر لەوانەی بە پۆتەڵاكی (كوردایەتی) دێنە خوارەوە، ئەم ڕەوتە ڕامیارییە لە سروشتی ڕامیاریی پارتەكاندا بەرجەستە دەكەن، گوایا پێشەنگیی ڕامیاری دەكەن، لە بنەڕەتدا بە كوردی بیر ناكەنەوە.
بەری ڕەنجی مێژووی بیركردنەوە و هزر و ئاوەزم خستووەتە پێناوی پڕۆژەیەكەوە، بیركردنەوە و هزر و مێژووی ماندووبوونم بۆ چۆڕاندووەتەوە و ناوم ناوە (بیركردنەوە بە كوردی).
نازانم لە ڕاگەیاندنیدا بۆ بۆ بەدەنگهێنانی (كوردبوونی قووڵ) كە پەرچی (كوردایەتی)ی وان دەدەمەوە، چەندۆكەی چۆن لە ئایندەی دادێدا سەركەوتوو دەبم، بەڵام دەزانم لە وەشاندنی سەرەتاكەیدا شكۆی هەوڵم بۆ خۆم و هاوبیركردنەوەكانم پێشەنگ دەبێت.
هەفتەی چوو، بە هەوڵی مامۆستایانی زانكۆی زانستە مرۆییەكانی سلێمانی، دەرفەتیان بۆ ڕەخساندم وانەیەكم سەبارەت هەردوو كتێب، كە ئەم ساڵ دەكارێم بیانوەشێنم، ناویان (بەخێربێن بۆ گوندێك پڕ لە دەردودووە) و (شێوازی ژیان)ە.
ئامادەبوان خوێندكارانی بەدەستخستی پایەی زانستی دكتۆرا بوون. ئەوان هەموو دەوڵەمەند بوون بە پلە و پایەی زانستی، من ژی پڕۆژەی (بیركردنەوە بە كوردی)م بۆ خوێندنەوە و لاشم گرنگ بوو دەرفەت بقۆزمەوە و باسوخواسی بیركردنەوەی كوردی بوروژێنم و لە سازییەكی زانستیی وەك زانكۆدا بانگی بۆ بدەم.
لەو ئەزموونەدا شتی خراپم بەدەست هێنابێت بۆ خۆمی هەڵدەگرم، ئەوەش باشە و بە هومێد بە دەنگی دەهێنم، ئەمەیە لە خوارەوە تۆماری دەكەم.
"من ناكارێم كەس لە باسوخواسم سەرسام بكەوێتەوە، بەڵام دەكرێ دەرەنجامێك پێت چاك نییە، بە دەرەنجام چاكایەتی لێ بكەوێتەوە".
وا شتۆكە دەبژێرم، بۆ ئەوەی سەرەتا بۆ گرنگی ببینمەوە.
یەكەم:
ڕەنج و هەوڵ بەبا ناچن، پەنجا كەسێك خوێندكار و خوازیاری بەدەستهێنانی پلەداری دكتۆران. هەریەكەو پاشخان و باری گرانی ژیانی هەیە، دەشێت تۆ باسی پرۆژەیەكیان بۆ دەكەیت بێ‌ پەروا بن، ئەگەر كەمۆكەیەك توانیت بەدەنگیان بێنیت، زۆرت كردووە.
دووەم:
كەمۆكەی گفتوگۆ و بەدەنگهێنان و ورژاندنی باسوخواس سەبارەت ئەوەی دەرەنجامە و دووچاری هاتووین و دەرگیری بووین، هومێدە.
دەزانی نائومێدی چییە؟
ئەوەیە هەر هیچ باسوخواس سەبارەت ناهومێدیی خۆمان نەكەین.
لەم نووسینەمدا، كە درێژەی پێدەدەم و بۆ خوێنەرانیش دەیهۆنەمەوە و (بیركردنەوە بە كوردی)ە، هاوتا لە خەمی بەدەستهێنانی مافیشدا دەبم. ماف بەو شێوازەی ئێستا لێمان زەوت دەكرێت و مافی بوونمان دەخوازێت بیسەنینەوە. پیچۆكەش بۆ ڕازی هاوجۆر دەهۆنمەوە.
دەزانم بار قورس و گرانە، كە هەمیشە دەڵێم "ماوە زۆر بهۆنینەوە"
بەڵام ئەز چی بكەم بار گرانە، چی لەوەش بكەم بە زارمدا نایەت و ناشكرێت تەفرەت بدەم.
 ئەم گوزەراندنە كوردییەمان پڕی بەرپرسیارییەتییە، بەدوای ئەویشدا بۆت دەنووسم "ئەگەر كوردیش نەبیت، گوزەراندنی ژیان خودی خۆی بەرپرسیاری و بارگرانییە"
دەبێت لە شوێنێكەوە دەست پێبكەینەوە، ئەگەر كوردیش نەبین لە بیركردنەوەدا یەك بگرینەوە.
دەزانم زۆر جوانم نەپێكاوە، بۆ ئەوەی باسی لێتگەیشتن بكەم، بەڵام پشووم بدەرێ‌، بۆ ئەوەی بە ڕێگای سەرسەختیدا بیسەلمێنم (بە كوردی بیركردنەوە) چەندین ڕێگای هەیە.

25/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر