18
دوای ئه‌وه له ڕه‌وتی پێشڤه‌چوونی زانست‌دا، ئامراز و كه‌ره‌سته و پێداویستیی لێكۆڵینه‌وه‌ی گرنگ به‌رده‌ست ده‌بن، زاناكان به ده‌ره‌نجامی وه‌ها سه‌یروسه‌مه‌ره ده‌گه‌ن، كه ناتوانن به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان په‌خشی بكه‌ن و به ده‌نگی به‌رز ڕایبگه‌یەنن.
ئه‌وه‌ی ڕێگره له‌به‌رده‌م باسكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه زاستییه نوێیەكاندا، هه‌ر به‌ته‌نیا باڵاده‌ستیی سیستماتیكی جیهانیی نییه كه ده‌شێت ئه‌و ده‌ره‌نجامانه دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بێت، به‌ڵكوو به‌شێكی په‌یوه‌سته به خودی زاناكانه‌وه، كه پێیان وایه، ئاشكراكردنی بۆچوونه نوێكانیان ئه‌وه‌نده دراماتیكییه، ڕه‌نگه كاردانه‌وه‌كانی به جۆرێك بێت، زۆر له نێوه‌نده‌كان به شێت و په‌تیاره له‌قه‌ڵه‌میان بده‌ن.
ئه‌گه‌ر به‌ته‌نیا دوو نموونه‌ی بچووكی ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه زانستییه نوێیەكان باس بكەین، هاوسۆزی زاناكان ده‌بین له‌وه‌دا كه ناتوانن زۆر شت بدركێنن و زۆریش له‌سه‌ری بڕۆن.
یه‌كه‌م:
ئه‌م جیهانه‌ی ئێستا، كه نه‌خشه و وێنه‌یه‌كی زانستیی هه‌یه و ده‌توانین پێناسه‌ی بكه‌ین و پێكهاته و دیارده‌كانی باس بكه‌ین، مه‌رج نییه به‌م شێوه‌یه بمێنێت و له هه‌ر سات و كاتێكدا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی لێكترازان و هه‌ڵوه‌شاندایه!
دووه‌م:
باڵه‌فڕه‌ی په‌پووله‌یه‌ك له ئەفه‌ریقیا، په‌یوه‌ندیی به ڕوودانی بوومه‌له‌رزه‌یه‌كه‌وه هه‌یه له ئوسترالیا!
بێ گومان ئه‌م دوو نموونه‌یه له هه‌ره سه‌یروسه‌مه‌ره‌كان نین، ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێن به هێندێك له‌و ده‌ره‌نجامه نوێیانه‌ی كه ده‌یسه‌لمێنن، به‌شێك له‌وه‌ی له ئه‌فسانه و ئایینه ئاسمانی و مرۆییه دێرینه‌كاندا هاتووه، یاخود به‌ر له هه‌زاران ساڵ مرۆڤایه‌تی تێی گه‌یشتووه، به هاوتا ده‌وه‌ستنه‌وه له‌گه‌ڵ هێندێك له‌و ناوه‌ڕۆك‌ی لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كان پێی گه‌یشتوون.
جا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگا به‌سه‌ر بۆچوونێكدا نه‌كرێته‌وه كە بابه‌ته‌كه په‌لكێشی ئایدۆلۆجیا بكات، یان كایه بۆ پیرۆزكردن و په‌رجووی ئایین و ئه‌فسانه گه‌رم بكات، ده‌كارێم له‌م باره‌یه‌وه سه‌رنجێك تۆمار بكه‌م.
"زانین سه‌رمایەیه‌كی مرۆییه، ده‌كرێت به‌پێی رۆژگار گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا بێت و بخرێته سه‌ری و لێی بگیرێت، ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت و وه‌ك كانگایه‌ك بۆ لێوه‌فێربوون، چه‌ند له ڕابردووی دێرینیشدا بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زموون و زانینی دیكەیە، ده‌شێت بایه‌خدارانه سوودی لێ وه‌ربگیرێت".
ده‌بێ ڕه‌چاوی ئه‌وه بكرێت، ڕاگه‌یاندنی ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیی نوێ و سه‌لماندنی ئاكامه‌كانی له بوارێكی دیاریكراودا، بۆ زانایان به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یه و له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ده‌ره‌نجامی زانستی، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زۆر بواری دیكەدا هه‌یه، به‌ڵام له بواری خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و دیارده‌كانیدا به شێوازی گشتی، شیاوه باس له كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌ی زانین بكه‌ین و ئاماژه به لێكچوونی ده‌ره‌نجامی كۆن و نوێ بده‌ین.
ده‌شێت بۆ ئه‌و نموونه مرۆڤه‌ی كه له‌سایه‌ی لیبرالیزم و به‌جیهانكردنی بازاڕدا لووت له‌وه ده‌ژنێ ببێته خواوه‌ند، قورس و گران بێت به‌م هه‌موو توانایه‌وه كه له هیچ سه‌رده‌مێكی دیكەدا، هیچ بوونه‌وه‌رێكی دیكە نه‌یبووه، ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی هه‌ر ئه‌وه بێت كه هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا به‌ده‌ست كه‌وتووه.
ئه‌و واچه‌یه‌ی لایه‌نگری ئه‌وه‌یه بڵێت: "هه‌موو ده‌ره‌نجامه‌كانی ئێستا له ڕابردوودا به‌رده‌ست خراون و هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌یزانین له‌مه‌وبه‌ر زانراوه، دروست نییه، به‌ڵام ناشبێت كاتێك ده‌ره‌نجامی دوایین لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كان به ڕابردوو به‌راورد بكه‌ین و لێكچوونی زۆر به‌دی بكه‌ین، به گرده‌بڕی نكۆڵی له‌و ڕاستییانه بكه‌ین كه زۆر له‌مه‌وبه‌ر مرۆڤ پێیان گه‌یشتووه."
ته‌وه‌ری نووسینه‌كه‌مان ژماردن و هێنانه‌وه‌ی نموونه هاوشێوه‌كانی ڕابردوو و ئێستا نییه و ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ش له ڕه‌وتی گشتیی ڕوانینه‌كانی پێشوودا خۆی به‌ناو گفتۆگۆكه‌ماندا ده‌كات.
له نووسینی پێشووتردا سه‌رنجم بۆ دیبه‌یته‌كه‌ی نێوان (سلاڤوای ژیژه‌ك) و (گواردن پیته‌رسۆن) ڕ‌اكێشا، كه ته‌وه‌ره‌كه‌ی سه‌باره‌ت به (به‌خته‌وه‌ری) بوو. نه‌شمویست كاتێكی زۆر به‌وه بده‌م، به قووڵی هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بۆ بكه‌م، به‌ڵام پێده‌چێت بۆ گه‌یاندنی بیر و بۆچوونەكانم، نه‌توانم ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه بم.
ناونیشانه‌كه و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی گفتوگۆ و ڕوانینه‌كان و زۆر گفتوگۆی هاوشێوه و باو، سه‌باره‌ت به ده‌سته‌واژه‌ی (به‌خته‌وه‌ری) و باشبوونی شێوازی گوزه‌ران و ژیانی مرۆڤ له‌سایه‌ی پێشڤه‌چووندا، وه‌ك به‌شێك له په‌تایه‌كی سه‌رده‌میانه پێناسه‌نه بكه‌م.
به‌پێی تێزه‌كه‌ی (یوڤاڵ نوه هه‌راری) له زۆر له كتێبه‌كانیدا و به‌تایبه‌تیش له كتێبی (ئاقڵمه‌ند)دا، ئه‌م جۆره گفتوگۆیانه، به‌ته‌نیا له‌وێوه به‌ها په‌یدا ده‌كەن كه بووەته ئامانج و دروشمی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی مرۆڤی ئاقڵمه‌ند، كاتێك چاوچنۆكانه و به‌بێ ئه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كان ڕه‌چاو بكات، به‌دوای (پیشه‌سازیی دروستكردنی به‌خته‌وه‌ری و به‌ده‌ستهێنانی نه‌مری و به‌خواوه‌ندبوونی مرۆڤ)ه‌وه‌یه.
بێ گومان باسه‌كه به‌دیاریكراوی دیبه‌یتێك، یان به‌ته‌نیا گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌یه‌ك نییه، ته‌وه‌ره‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌خته‌وه‌ری و به‌راوردكردنی باشیی شێوازی ژیانی ئه‌م سه‌رده‌مه بێت له‌چاو ژیان له ڕابردوو و قۆناغه‌كانی به‌رتری مێژوودا. به‌ڵكوو ئاڕاسته‌ی گشتی گوتارێكه، كه مه‌رج نییه هه‌موو جار ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێ بگیرێت، كه ئایدۆلۆژییانه داكۆكی له پێشڤه‌چوونی مرۆڤ ده‌كات، یاخود گوتارێكی دیكە، كه له به‌رامبه‌ردا نۆستۆلۆژیانه، پێی وایه "له قۆناغه‌كانی دیكەی له‌مه‌وبه‌ری مێژوودا، مرۆڤ له زۆر ڕووه‌وه له ئێستا باشتر بووه."
ئاڕاسته‌ی گشتیی سیستمی باو، كه جیهان به‌ڕێوه ده‌بات، وه‌ك هه‌ر قۆناغێكی دیكەی مێژووی خه‌یاڵدانێك زاخاو ده‌دات، كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له‌سایه‌ی پێشكه‌وتنی زانست و فراوانبوونی ئاسۆی ته‌كنۆلۆجیا و گه‌یشتن به نانۆ ته‌كنۆلۆجیا و ئه‌ندازه‌سازیی توخمات و زانیاری، زۆر به لووتبه‌رزییه‌وه ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت كه مرۆڤ به پایەیە‌كی وه‌ها ڕه‌های بڵندی گه‌یشتووه و به جۆرێك سروشت و ژینگه و بوونه‌وه‌ره‌كانی دیكەی ئه‌ستێره‌كه‌ی ڕام كردووه، كه ناكرێت گومان له‌وه بكرێت كه به‌خته‌وه‌رترین نییه و شێوازی ژیانی له هه‌ر قۆناغێكی دیكەی له‌مه‌وبه‌ری مێژوو باشتر و نموونه‌ییتر نییه.
به‌تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌دا كه ده‌یگوزه‌رێنین، مرۆڤ ده‌رگیری پێشكه‌وتنی خۆی بووه، به ڕاده‌یه‌ك، ئێستای به‌ره‌و ئاینده، ژیان وه‌ك داتا و مرۆڤیش وه‌ك زانیاری پێناسه ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش وه‌سفكاری و باسكردن نییه له ژیان و مرۆڤ له ڕوانگه‌یه‌كی ئایدۆلۆژییه‌وه، به‌ڵكوو ئه‌مە پێناسه‌یه‌كی زانستییه و ڕاستیی دۆخه‌كه به‌رجه‌سته ده‌كات. به ڕاده‌یه‌ك، تێگه‌یشتنی مرۆڤایه‌تی سه‌باره‌ت به خودی خۆی پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه و خشته‌یه‌كی خوارزمی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و مێژووی له‌مه‌ودوای ده‌هۆنێته‌وه.
لێره‌دا گفتوگۆكان خوێندنه‌وه و كۆڵینی قووڵاییه‌كان نییه به شوێن پرسیاری به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی ڕۆچوونه به‌ناو جۆره پیشه‌سازییه‌ك كه به پێوه‌ره‌كانی پێشكه‌وتن، ده‌بێت بسه‌لمێت، مرۆڤی ئێستا له ڕابردوو به‌خته‌وه‌رتره!
له به‌شی چواره‌می كتێبی (ئاقڵمه‌ند)دا، كه پوخته‌ی مێژووی ئه‌زموونی مرۆییه و له‌سه‌ر ئاستی جیهان ناوبانگی بۆ (یوڤاڵ نوه هه‌راری) مامۆستای مێژوو دروست كردووه، (به‌خته‌وه‌ری) ده‌بێته ته‌وه‌رێكی گرنگ و سه‌ره‌ڕای ئه‌و گومانه زۆره‌ی كه نووسه‌ر به‌درێژیی كتێبه‌كه‌ی له‌سه‌ر چمكی پێشڤه‌چوون ده‌هۆنێته‌وه و به لێبڕاوییش نایسه‌لمێنێت، كه مرۆڤ له ڕه‌وتی پێشكه‌وتندا به‌خته‌وه‌ری به‌ده‌ست خستووه، به‌ڵام جۆرێك له ناڕوونیی پێوه دیاره و ده‌كارێم له ده‌رفه‌تی دیكەدا له‌باره‌یه‌وه بهۆنمه‌وه.
داهێنراوه‌كان، ئامراز و ئامێر و كارئاسانی و گه‌یشتنی خێرا به ئاكامه‌كان، له‌ته‌ك باشبوونی شێوازی گوزه‌ران و ته‌مه‌ندرێژی و كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی مردنی منداڵان و سنوورداریی قاتوقڕی و پەتا و ده‌ردودوودا، هانده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌خته‌وه‌ر بێت، به‌ڵام له به‌رامبه‌ریشدا هۆكاری زۆر زیاتر ئارا بوون، بۆ بارگرانی و ته‌نانه‌ت تێكچوونی ساغڵه‌میی ته‌ن و ئه‌قڵ و ده‌روون.
”هه‌موو داهێنراوێكی نوێ فرسه‌خێكی دیكە له به‌هه‌شتی عه‌ده‌ن دوورمان ده‌خاته‌وه" هه‌راری وەها ده‌نووسێت.
هه‌زاران ساڵه پێغه‌مبه‌ر و شاعیر و فه‌یله‌سووفه‌كان په‌ییان به‌وه بردووه، كه قایل‌بوون به‌وه‌ی كه هه‌ته، زۆر گرنگتره له‌وه‌ی چاوت له‌سه‌ر ئه‌و شتانه بێت كه نیته.
لێكۆڵینه‌وه زانستییه نوێیەكان، به ژماره و وێنه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونگه‌ریی قووڵ به هه‌مان ئه‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشتوون، كه سه‌باره‌ت قایلبوونه، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا پڕوپاگاندە و له‌گه‌ڵیشیدا سۆشیال میدیا لێت ناگه‌ڕێت. هه‌میشه وات لێ ده‌كات ناقایل و تووڕه و دوودڵ بیت و چاوت له‌سه‌ر ئه‌و شته بێت كه نیته، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچیش به‌ده‌ست بخه‌یت.
به‌درێژایی 2500 ساڵ، لایه‌نگرانی ئایینی (بوودایی) له كرۆك و واتای به‌خته‌وه‌ری ڕاده‌مێنن و پێیان وایه "به‌خته‌وه‌ری سه‌رچاوه‌كه‌ی له ناخی مرۆڤدایه."
ئه‌م ڕوانینه‌ی بووداییه‌كان جێی سه‌رنج و بایه‌خی زاناكانی بایلۆجییه، كه ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه پێیان وایه "سه‌رچاوه‌ی به‌خته‌وه‌ری له‌ناو پێكهاته‌ی مرۆڤدایه، نه‌ك له كارتێكه‌ریی ده‌ره‌كییدا."
له‌مه‌دا هه‌ردووكیان هاوڕان و جیاوازییه‌كه له‌وه‌دایه، بایۆلۆجییه‌كان پێیان وایه، كیمیای زینده‌یی و هۆرمۆن و تۆڕی ده‌ماره‌كان بڕیار له به‌خته‌وه‌ری ده‌دەن و بوودییه‌كانیش پێیان وایه، واتاداری له به‌دوونه‌كه‌وتن و چاوه‌ڕوان نه‌كردنی به‌خته‌وه‌ری و قبووڵكردنی هه‌سته جیاجیاكاندایه.
هه‌راری، له وتارێكیدا به ناونیشانی (ئه‌فسانه‌ی ئازادی) كه رۆژی 14ی ئەیلوولی 2018 له ڕۆژنامه‌ی (زی گاردیان)دا بڵاو بووەته‌وه، باس له‌وه ده‌كات، مرۆڤ بیركردنه‌وه و گوزارشت و كرده‌كانی له‌ده‌ره‌وەی ئیراده‌ی خۆیه‌تی و خشته‌یه‌كی خوارزمی و ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌كنۆلۆجی هاكی كردووه و به‌بێ ویستی خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
ئه‌و له وتاره‌كه‌یدا ده‌نووسێت: "ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی، كه بۆ یارمه‌تیدانی به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی مرۆڤ دامانهێناون، ئێستا هه‌ر خۆیان ده‌بن به ئه‌ندازیار بۆ دروستكردنه‌وه‌ی خه‌ونه‌كان، كه‌واته چۆن ده‌توانم باوه‌ڕ به خه‌ونه‌كانم بهێنم؟"
پێناچێت چاره‌سه‌ر له‌وه‌دا بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دواوه، به‌ڵام له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی باری گراندا، یه‌ك جۆر و یه‌ك ڕوانینی دیاریكراوی زانست به‌س نییه. به‌تایبه‌ت كه مرۆڤایه‌تی گه‌نجینه‌یه‌كی له سه‌رمایه‌ی كه‌ڵه‌كه‌كراوی زانیندا هه‌یه.