دەستووری (نەوت وغاز) داڕێژرا

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

ئەتوانین بڵێین .. بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی عیراق ، سەبارەت بە دۆزینەوە ودەرهێنان و هەناردەكردن فرۆشتنی نەوت لە كێلگەكانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم ، لە 15/2/2022 ، تەنها بڕیارێكی ئاسایی نییە ، بەڵكو دەستوورێكی ڕێكخەری مامڵەكردنی هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمە بە سامانی نەوت وغاز وبەرهەمەكانی .
ئەو (بڕیارە – دەستوورە) تەنها حكومەتی هەرێم پابەند ناكات بە بڕگەكانیەوە ، بەڵكو حكومەتە عیراقییە یەك لە دوای یەكەكانی داهاتوی عیراقیش پابەند ئەكات بە ڕێزگرتن لە مافی هاوڵاتیانی هەرێم و قەوارەی هەرێم وشایستە و دەرامەتەكانیان ، ئەگەر پسپۆڕانی یاسا و شارەزایانی ناوەندەكانی بڕیار لە هەرێمدا بە وردی ئەو 10 بنەما یاساییە شیكاریە دەستوورییە بخوێننەوە كە ناوەرۆِكی داڕێژراوی بڕیارەكەی دادگا پێكدەهێنێت ، ئەم خاڵانەیان بۆ دەرئەكەوێت:
1-بڕیارەكە جەخت لە مانەوە و ڕێزگرتن لە دەسەڵاتە جیاجیاكانی (جێبەجێكاری ویاسادانان و دادوەری هەرێم) دەكات ، بە پێی ئەحكامی ماددە 117/1 لە دەستووری عیراق .(بنەمای 1 لە بڕیارەكە)
2-خاوەنداریەتی سامانی نەوت وغازی عیراق-ی  وەك سامانی هاوڵاتیان ناساندووە و (مافی زانین و ئاگاداربوونی هاوڵاتیان)ی جێگیر كردووە  لە بارەی قەبارەی ئەو سامانە وچۆنیەتی مامەڵەپێوەكردنی بە پێی ئەحكامی ماددە 111 لە دەستوور (بنەمای 4 لە بڕیارەكە)
3-ماف و دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی لە پاڵ حكومەتی فیدرالی بە هاوبەشی پاراستووە لە دەرهێنان و وكارگێڕیكردنی بیرە نەوتییەكانی ناو خاكی هەرێم بە پێی  ماددە (112/1)لە دەستوور و هەردوو حكومەتەكەی پابەندكردووە بە بەكارهێنانی ئەو سامانە بۆ گەشەپێكردنی ناوچەجیاجیاكان بە پێی شایستەیی و ژمارەی دانیشتوانەكەی (بنەمای 5 لە بڕیارەكە)
4-ماف و دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی لە پاڵ حكومەتی فیدرالی بە هاوبەشی پاراستووە لە دارشتنی سیاسەتی ستراتیجی پەرەپێدانی نەوت وغاز و حكومەتی فیدرالی پابەندكردووە  بە بەكار هێنانی نوێترین تەكنەلوژیا لەو پەرەپێدانەدا ومەرجداری كرددوە بە هاندانی وەبەرهێنان لە هەرێمدا ووابەستەكردنی بە بازاڕە جیهانییەكان و ڕێكخراوی نێودەوڵەتی (ئۆپیك) بە پێی ماددە (112/2) لە دەستوور (بنەمای 6 لە بڕیارەكە) .
5-بڕیارەكە ، حكومەتی فیدرالی پابەندكردووە بە پێنج یاساوە ، گرنگترینیان یاسای (كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عیراق ژمارە 4 ساڵی 2018) كە پێگەی هەرێم لەو یاسایەدا پارێزراوە ووەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم جێگای بۆ كراوەتەوە تیایدا (بنەمای 8 لە بڕیارەكە)
6- بڕیارەكە ماف وپشك وبەشە بودجە وشایستە داراییەكانی هەرێم و مافی خاوەن مووچەكانی پاراستووە و بڕیاری لێداوە لە بودجەی گشتی عیراقدا ، و بە دەق ، دەستی هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی هەڵگرتووە لە بەكارهێنانی ئەو مافە داراییانە لە ململانێ‌ وكێشەكانی نێوانیان لەبەر ڕۆشنایی ماددە (110/3) لە دەستوور (بنەمای 10 لە بڕیارەكە) 
ئەو خاڵانەی سەرەوە ، خزێندنەوەیەكی یاسایی كورتن ، جیاوازن لەو وێنا كردنەی ناوەندەكان ئەیكەن سەبارەت بە سیاسیكردنی بڕێارەكەی دادگای باڵای فیدرالی عیراق .
پێویستە هەموان داوا لە حكومەتی هەرێم بكەین ، لۆژیكێكی یاسایی و دەستووری بەكار بهێنێت لە لێكدانەوەی بۆ بڕیارەكە ، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی عیراق و وڵاتانی ناوچەكە وجیهان ، بڕیاری دادگا پاشگەز بوونەوەی تیادا نییە .



16/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر