ئەزمونی ئەفغانستان لە كوردستان، چ وەڵامێك هەڵدەگرێ‌ ؟

هیوا عومەر

لەدوای رووداوی گەڕانەوەی تاڵیبان لە #ئەفغانسان چەندان لێكدانەوەی جۆراو جۆر دەخرێتەروو لەبارەی كاریگەرییەكانی ئەم رووداوە لەسەر هەرێمی #كوردستان بەتایبەتی و عێراق بە گشتی . 

لەبارەی كوردستان، دەتوانین زۆرینەی لێدانەوەكان دابەش بكەین بەسەر دووبەرە.

 بەرەیەكیان پێی وایە #هەرێمی كوردستان لە زۆرلاینەوە خاڵی هاوبەشی لەگەڵ هەلومەرجی #ئەفغانستان هەیە، لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هەمان سیناریۆ لە كن ئێمەش دووبارە دەبێتەوە . 

بەرەكەی تر بە پێچەوانەوە پێی وایە، هەرێمی كوردستان لە هیچ روویەكەوە نە لە ئاستی خودی نە لە ئاستی بابەتیشەوە لەگەڵ ئەفغانستان لە یەكتر ناچن .

ئەم جۆرە دابەش بوونە، بەشێك و درێژكراوەی عقڵیەتی تەماشاكردنی رووداوەكانە لە نێوان رەش یان سپی، ئەم جۆرە دابەش بوونە دوانییە و هەوڵی هەژمووندارییە، جاری یەكەم نییە روودەدات لە هەرێم و ئەزموونی تریش، ناتوانین داشی ببڕین لە باڵادەستی عقلیەتی لیبرالیی لە فەزای گشتی و سیاسی و رۆشنبیری، ناوچەكە و ناوەخۆییمان . 

لەكاتی ڕاپەرین و گۆرانكارییەكانی وڵاتانی عەرەبی  كە ناونرا بە "بەهاری عەرەبی " هەمان دابەش بوون لە ناوەخۆی هەرێمی كوردستان لە نێوان روودانی راپەرین و رانەپەرین لە هەرێمی كوردستان تەرویجی بۆ كرا، هیچ بوارو پانتایەك لە فەزای گشتی  بۆ ئەگەرو رەنگەكانی تر نەهێڵدرایەوە.

ئیشكالیەتی ئەم عقلیەتە لەگەڵ رووداوەكان جگە لە لاینە پۆپۆلیستییەكەی دەتوانین لە تەماشاكردنی میكانیكیانەی پرسەكان بیدۆزینەوە، بەدابڕاو لە تێگەیشتنێكی بابەتیانە .

 ئەنجامی هەژموون پەیداكردنی ئەم دووگوتارە كە دوودیوی یەك دراون، بڵاوكردنەوەی گیانی بێ‌ هیواییە لەسەر هێزی ناوەخۆیی مرۆیی كوردستانی. ئەم بێ‌ هیواییە پەیوەندی بەوە هەیە هەردوو تێگەیشتن لە دەرەوەی رۆڵی هێزی مرۆیی و ئیرادەی هێزی ناوەخۆییەوە هەڵچێنراوە .  

قاچێكی تری گوتاری یەكەم لەسەر باوەڕی بە سەنتەراڵكردنی فاكتەری دەرەكی وەستاوە لە گۆڕانكارییە ناوەخۆییەكان لەسەر حیسابی  پشتگوێخستنی هێزی تێكۆشانی جەماوەری.

 لە گوتاری دووەمیشدا هەرێمی كوردستان بە دوورگەیەكی دابڕاو تەماشا دەكات لە سایەی بە سەنتراڵكردن و پیرۆزكردنی چەند خێزانێك و دەسەڵاتەكەی، پێی وایە هەرێمی كوردستان شامی شەریفە، لە كاتێكا شامیش شەریف دەرنەچوو ؟.

 ئەو گوتارە پێ‌ وایە لە سایەی دەسەڵاتەكەی ئەودا  ، هەرێم گەیشتۆتە پلەی كەماڵ و كۆتایی مێژوو ! . هەردوو  گوتار لەسەر بنەمای  باوەر نەبونە بە  هێز و تیۆرو رێكخستنێكی شۆرشگێرانەی تێكۆشانی جەماوەری لە گۆڕانكارییەكاندا.

لەبارەی بژاردەی سێیەم 

بژاردەی سێیەم  لە دەرەوەی ئەم دابەش بوونە دوانییەدا، لێرەدا و لە م پانتاییە دەبێت بەدوایدا بگەرێین، دوور لە عقڵیەتی كۆپی پێستكردنی ئەزموونی ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر، دوور لە چاو نوقاندن لە بینینی وێنەگەورەكە و رۆڵی تێكۆشانی بەیەكەوەیی و بڵاوكردنەوەی ترس یان خۆشباوەری و پیرۆزكردن. 

لە دەرەوەی ئەم دابەش بونە دوانییە ناوچەیی و جیهانییەدا  لە وتارێكی #سڵاڤۆ ژیژەك سەبارەت بە ئەفغانستان.. كە ڕزگار حەمە ڕەشید وەریگێراوە، باسی ئەوە دەكات، هۆكاری ڕاستەقینە بۆ ئەوەی كە تاڵیبان توانی زۆر بە خێرایی دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرێتەوە، ئەو شتەی میدیای لیبراڵی ڕۆژئاوا نایەوێت باسی بكات.

ئەو پێی وایە (ئەوەی لە ئێستای ئەفغانستاندا سەرنجمان داگیر دەكات)، دەبێت لە دەرەوەی فەندە مێنتاڵی ئاینیینەوە بەدوای بگەرین، "ئەوەی روودەدات پەیوەستبوونێكی هەموانییە بۆ ژیانێكی باشتر. 

پاش سەركەوتنی گەردوونیی سەرمایەداریی، ئەم گیانی پەیوەستبوونە هەموانییە سەركوت كرا، وە ئێستا ئەم باری سەركوتكردنە لەشێوەی فەندەمێنتاڵیزمی ئایینیەوە دەگەڕێتەوە." 

ژیژەك پرسیارێكی تر دەخاتەروو، لەبارەی ئەگەرەكانی گەرانەوەی ئەم گیانی پەیوەستبوونە هەموانییە لە فۆرمە گونجاوەكەی خۆیدا وەك وابەستە بە ڕزگاربوونی هەموانەوە. 

 ئەو پێی وایە نەك دەتوانین مەزەنەی بكەین  بەڵكو ئەوە بە هێزێكی زۆرەوە لە دەرگاكانمان دەدات. لێرەدا تەنیا باسی یەك نمونەی لێكەوتەكانی ئەم سیستەمە دەكات لەسەر ژیانی هەموان و گۆی زەوی و دەڵێت : با تەنیا ئاماژە بۆ كارەساتی گەرمبوونی گەردوون بكەین ئەوە بەتەنیا " پێویستی بە هەڵوێستی هەموانیی زۆر گەورە هەیە"، پێویستی بەوەیە لەو فۆرمەی خۆیدا شەهیدی بۆ بدرێت، قوربانییدان بە زۆربەی ئەو چێژبینینانەی پێیان ڕاهاتووین " .  ئەو هەر لە وتارەكەیدا باسی لاینە فریودەرەكانی تایپێكی تایبەتی تاكگەرایی لە هەناوی سیستەمی سەرمایەداری دەكات و وەك رێگرییەك بۆ تێكۆشانی هەموانی باسی دەكات و دەڵێت، ئەگەر ئێمە بەڕاستی بمانەوێت بەتەواوی شێوازی ژیانمان بگۆڕین، ناچار دەبین دەستبەرداری تاكگەرایی "ئاگا لەخۆبوون” ببین كە هەموو سەرنجی لەسەر بەكارهێنانی چێژبینینەكانمانە. ئەو دەڵێت پێویستە ئەمە وەڵامەكەمان بێت بۆ تاڵیبان .

01/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر