بەهاکانی جیهانی کەر

هاوژین زیبا

مرۆڤەکان زۆر لایان سەختە  خۆیان بە کەر (گوێدرێژ)  بەراورد

 بکەن و بە ئەوپەڕ سوکایەتی دەزانن ئەگەر پێی بشوبهێنرێن بۆچی؟ چونکە بەباوەری مرۆڤەکان (گوێدرێژ) رەمزی نەزانین و بیرنەکردنەوەیە واتا گوێدرێژ بە قسەی مرۆڤەکان دەڕوات و دەوەستێت، بە (هەچە)دەڕوات و بە (هۆش)رادەوەستێت بەبێ بیرکردنەوە، هەرکاتێک کەر بە هەچە نەڕوات و بە هۆش رانەوەستا مرۆڤەکان بە (کەری دێز) ناوی دێنن و لێی دەدەن. باشی وخراپی بۆ کەر گوێرایەڵبونیەتی بۆ مرۆڤەکان، ئەوە لە کاتێکدایە کە خودی مرۆفیش ئاژەڵە بەڵام ئاژەڵێکی خاوەن ئەقڵ و نوتق. بەڵام ئایا مرۆڤیش ئەم سیفاتانەی نییە؟ بە قسەی سیستەمی ئەقڵی سیاسیەکان یاخود کەسانی ئاینی و  ئایدۆلۆژیاکان ناڕوات و راناوەستێت بەبێ بیرکردنەوە؟ هەرکاتیش لە قسەی ئەوان دەربچێت بە ئاژاوەگێڕ، لادەر، دەم درێژ، بێ خاوەن...تد ناوی ناهێنن؟ یان تیرۆری کەسایەتی و روحی ناکرێت؟ مێژووی مرۆڤایەتی، لە سەرەتاکانی دروستبوونیەوە رۆڵ پێگەی مرۆڤەکانی وەک دوو رەگەزی (ژن و پیاو) دیاری کردووە، واتا پیاوبوون کۆمەڵێک تایبەتمەندی و رۆڵ، ژن بوونیش بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و رۆڵ کە بیرو باوەڕو ئەقڵیەتی پیاو سالاری(پیاو سەنتری) دیاری کردووە، بەشی زۆری مرۆڤ بەبێ ئەوەی بیری لێبکاتەوە رۆژانە بەو ئەقڵیەتەوە بەردەوامی بەژیان دەدات ولەسەر هەمان جۆری بیرکردنەوەو دنیابینی رۆڵگێران خۆی بەرهەم دێنێتەوە، لەکاتێکدا ئەگەر کەر وەک ئاژەڵێک خاوەنی هۆشمەندیش نەبێت، بەڵام مرۆڤەکان بانگەشەی هۆشمەندی دەکەن بەسەر جیهانی ئاژەڵەکاندا.! 

پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا بەهاکانی جیهانی کەر لە خوارەوەی بەهاکانی جیهانی مرۆڤن؟ یان پێچەوانەکەی ڕاستە؟

بەهاکانی جیهانی کەر بریتین لە: ڕەنج کێشان، خزمەت کردن، ئازادی، خۆ بەدوور گرتن لە زیان گەیاندن بە سروشت، سود وەرگرتن لە ژینگە و سروشت بە شێوەیەکی یەکسان دوور لە جیاوازی جێندەری و هەڵاواردن و دەستدرێژی.

لە ڕاستیدا جیهانی کەر جیهانێکی ناچینایەتییە و هیچ جۆرێك لە جیاوازی کردن لە جیهانی کەردا بوونی نییە. لە جیهانی کەردا (نێرەکەران باڵادەستنین بەسەر ماکەراندا).  جا ئەوەی شایانی باسە  کەر ٦۲ کرۆمۆسۆمی هەیە، بەڵام مرۆڤ ٤٦ کرۆمۆسۆمی هەیە، واتە کەر ۱٦ کرمۆسۆمی زیاترە لە مرۆڤ ڕەنگ بێت ئەوە هۆکار بێت بۆ ئەوەی کە کەر زۆر ژیر و زاکیرەی زۆر بەهێز بێت.

کاتێك کەرێکی نێرینە ئارەزوو بکات لەگەڵ کەرێکی مێینە جووت بێت، ئەوە دەزەڕێت بۆ ئەوەی بزانێت هیچ مێینەیەکی کەر هەیە کە ئامادەگی تیادا بێت بۆ ئەم جووت بوونە، وە لەگەڵ جاشکۆڵە جووت نابێت چونکە بەر لە جووت بوون بۆنی میزی دەکات و دەزانێت کە هۆڕمۆنی مێینە لە میزیدا نییە و هێشتا بچوکە بۆ جووت بوون و پێنەگەیشتووە.

بە پێچەوانەی جیهانی مرۆڤ، لە جیهانی کەردا  کوشتن و لێیدانی مێینە و جاشکۆڵە بوونی نییە. وە لە جیهانی کەر هاورەگەزخوازی دیاردەیەکی زانراوە و بوونی هەیە.

وە کەر توندوتیژی (لوشکە) تەنها بۆ بەرگری کردنی لە خۆی بەکاردەهێنێت. وە کەر نیگەران و دڵتەنگ دەبێت کاتێك هاوسەرکەی دەمرێت.

لە جیهانی کەردا باڵادەست و ژێر دەست و دەوڵەمەند و هەژار بوونی نییە. گشتیان وەك یەك سود لە سروشت وەردەگرن
ئەگەر سەیری ئەم بەهایانە و زۆرێك لە بەهاکانی تری کەر بکەین، دەبینین کە بەشێك لە مرۆڤەکان سەردەمانێکە بانگێشەی بۆ دەکەن، بەڵام نەیانتوانیووە دەستیان بگات بە بەهاکانی جیهانی کەرێتی.

ئێستا پرسیار ئەوەیە: ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە دووبارە پێناسەی بەهاکانی جیهانی خۆمان  بکەینەوە؟

21/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر