چوار سەرۆکایەتییەکە.. کەمێک بە کاوەخۆ

شوان محه‌مه‌د

لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقەوە لەمەڕ نەوتی هەرێم، چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لە کۆبوونەوەیەکدا رایانگەیاند" ئەو بڕیارە قبوڵکراو نییە"، ئەمەش بەو مانەیەی ئەو بڕیارە رەتدەکەنەوەو ئامادەنین جێبەجێی بکەن. ئەم هەڵوێستە هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم رووبەرووبوونەوەیەکی سیاسی و لە کۆتایشدا رەنگە بگاتە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ بەغدا.

لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق کە پرۆسەی نەوتی هەرێم " دەستوریی نییە" و دەبێت رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێتەوە، بە پلەی یەکەم بەرپرسانی پارتی و لە نێویشیاندا سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکانیدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەم بڕیارە " قابیلی قبوڵ نییە "، وەک ئەوەی سەرۆکی حکومەت و ئەو چوار سەرۆکایەتییەی ئەمڕۆش کە هەمان هەڵوێستیان دووپاتکردەوە، خاوەنی خەڵک و سەروەت و سامان و ئێستا و ئایندەنی هەرێمی کوردستان بن و لەلایەن شەش ملیۆن دانیشتوانی هەرێمیشەوە سەرپشک کرابن بڕیار لەسەر پرسێکی لەو شێوەیە چارەنووس سازبدەن کە مانەوەو چارەنووسی هەرێمی پێوە بەندە.

هەمیشە پێویستە ئەو چوار سەرۆکایەتییە ئەوەیان بیربێت کاتێک کە بە بەغدا دەڵێن" ئەو بڕیارە قابیلی قبوڵکردن نییە"، شەش ملیۆن خەڵکی کوردستانیش ئەوانی سەرپشک نەکردووە کە بڕیار لە پرسێکی لەو شێوەیە چارەنووس ساز بدەن، لە کاتێکدا کە بەپێی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پێشووتری کوردستانیش سەرجەم هێزە کوردیەکان بەوانەی لە دەسەڵات و بەوانەشەوە لە ئۆپۆزسیۆندان ناگەنە لە ٣٠% رێژەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان.

 بەدرێژایی چەند ساڵی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، بە دوا پرسیشەوە کە کێشەی نەوتە لەگەڵ بەغدا، بەرپرسانی هەرێم کۆمەڵگا بە " مێگەل " هەژمار دەکەن و بە پێی ویست و بەرژوەندییەکانی خۆیان و حیزب و بنەماڵەکانیان و، بەرژەوەندییە نهێنییە ئابوری و سیاسی و ئەمنییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی تورکیا و ئێران بڕیاریان داوەو، ئەنجامەکەشی پێش هەر کەسێکی تر خەڵکی کوردستان لێی زەرەرمەندبووە.

بڕیاری ئابوری سەربەخۆی هەرێم درا، کە بڕیارێکی پڕ لە ڕسک و کێشە و تەڵزگەبوو، کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی و یەکێتی پڕکێشیان تێدا کرد، ئەوەتا هەشت ساڵە باجەکەی خەڵکی کوردستان دەیدات، نرخی نەوت گەیشتۆتە سەر و ٩٥ دۆلار، بەڵام حکومەتی کوردی مووچەی مووچەخۆرەکانی پێنادرێت و بە هەزاران پڕۆژە وەستاوەو بە هەزاران کۆمپانیا مایە پووچبوون.

بڕیاری ریفراندۆم، مەسعود بارزانی بەبێ هیچ خۆئامادەکردنێک و بەبێ هەبوونی هەلومەرجێکی ناوچەی و جیهانی پڕکێشی کردو باشوری کوردستان خستە ئاستەنگێکی گەورەوە، لە ئەنجامیشدا خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان و هەرێم باجە قورسەکەیان دا.

ئێستاش لە مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵیدا لەمەڕ پرۆسەی نەوتی هەرێم، لە پێش هەموویانەوە پارتی بڕیار دەدات کە ئامادەی قبوڵکردن و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە نین و، یەکێتی و گۆڕانیش سەرە لەقەی بۆ دەکەن.

ئەم ملهوڕییەی ئەم سێ حیزبە کە شێوەیەکی فەرمیان لە چوار سەرۆکایەتیەکەدا پێداوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان کە رۆژانە لە میدیاکان و لە سۆشیال میدیاکانەوە گوزارشتی لێدەکرێت و داوا دەکرێت کە کۆتایی بەم دۆخە ئابوری و سیاسیە پڕ دڵەراوکێیە بهێنرێت و شێوازێکی تر لە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانی کوردستان و حکومەتی بەغدادا پیادە بکرێت، هەڵوێستێکی نا بەرپرسانەیە.

بەردەوامبوون لەسەر ئەو تاكڕەوییە و حساب نەکردن بۆ داواکاری خەڵک و بەرژوەندییەکانی ژیانیان و، روانین بۆ ئایندەی کوردستان لە بەرژەوەندیەکانی خۆتان و بنەماڵەکانتان و حیزبەکانتانەوە، هەروەک چۆن لە رابردوودا هەڕەشەیەکی جدی بووە لەسەر هەرێم، لە ئێستاداو بە دیاریکراوی لەم پرسەدا هەڕەشەیەکی یەکلاییکەرەوە دەبێت و، رەنگە ئەم رۆژانە دوا رۆژی حوکمڕانی ٣٠ ساڵەی حکومەتی کوردی بێت لە باشووری کوردستان.

هەر بۆ ئەوەی کۆتایی بەم ئەزموونە ٣٠ ساڵە نەهێنرێت کە ئێوە یەکەم و کۆتا سوودی مەندی بوون و، دانیشتوانی هەرێم تەنها چەوساندنەوەی نەتەوایەتی لەسەر نەماوە، کەمێک بە کاوە خۆ هەنگاوەکانتان بنێن و، ئەوەتان بیربێت کە ئێوە ئێستا کەمایەتی کۆمەڵگای کوردین و، زۆرینەی خەڵک نەک هەر تەنها لەگەڵ ئێوە نییە، بەڵکو دژتانە. 

هەر بۆیە لێرەدا خاڵێک دابنێن و کۆتایی بە ملهوڕی بهێنن و، رای زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەهەند وەرگرن.. هەی کەمینەی دەسەڵاتدار.       


01/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر