دژە تیرۆری کوردستان و " تیرۆریستی " پەکەکە

شوان محه‌مه‌د

ماوەیەکە دژە تیرۆری کوردستان لە بڵاوکراوەکانیدا پارتی کرێکانی کوردستان بە " تیرۆریست " ناوزەد دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەم دەزگایە خۆی بە دەزگایەکی فەرمی حکومەتی هەرێم دەزانێت و مووچە و پێدوایستی چەک و لۆجستی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ دابیندەکرێت.

هەرچەندە لەگەڵ یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە یەکگرتنەوەی ئەو دەزگایە زۆر دواکەوت و پرۆسەکەش بە زەحمەت تەنها لە ئاستی سەرەوەو شکڵی ئەنجامدرا، ئەو دەمەو بە ئێستاشەوە ئەم دەزگایە، هەرگیز دەزگایەکی یەکگرتوو نەبووە، دژە تیرۆری هەولێر لە ئاوازێک و، دژەتیرۆری سلێمانیش لە ئاوازێکی تر خوێندویەتی، ئەوەی لەم ماوەیەی دوایشدا سەرنج دەدرێت، ئەم دەزگایە سەربەخۆیانە راگەیاندن بڵاودەکاتەوەو ناو نازناو لە لایەنە سیاسیەکان دەنێت.

ئەم دەزگایە کە پارە و چەک و تەکنیکی لەلای حکومەتە و لە موڵکی گشتی دەردەچێت، بەڵام بەهیچ جۆرێک کەس نییە لێ بپرسیەنەوەی لەگەڵ بکات و دوورە لە هەموو چاودێریکردنێکیشەوە، دەکرێت بەبێ هیچ دوودڵیەک بوترێت دەزگایەکی حیزبیە، بەڵام ئەم دەزگایە نەک ئەو پابەندە سیاسیە لەبەرچاو ناگرێت کە حزبەکەی ئەو لە هاوپەیمانێتیەکی سێ قوڵیدایە لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و، بەلایەنی کەمەوە دەبێت لە راگەیاندن و کارەکانیدا رەنگدانەوەیەکی پێکهاتەی ئەو حکومەتەی پێوە دیاربێت، نەک ئەمە ناکات بەڵکو هەر لەخۆیەوە سەربەخۆیانە پەکەکە بە "تیرۆریست" ناوزەد دەکات، لە کاتێکدایە کە نەک گۆڕان و یەکێتی رای لە شێوەیەیان لەسەر پەکەکە نییە، بەڵکو لەم چەند ساڵەی دوایشدا هیچ کام لە سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانی و جێگرەکەی، نێچیرڤان بارزانی دەستەواژەی لەو شێوەیەیان بەرامبەر پەکەکە بەکارنەهێناوە.

 بەدڵنیایەوە هەموو حزبەکانی کوردستانی هەڵە و کەموکوڕی زۆریان هەیە، پەکەکەش بەدەر نییە لە هەڵەو کەموکوڕی، لە پێشیشانەوە هیچ حسابێک بۆ هەرێم ناکات و، بەردەوامی ئەو شەڕەی ئێستاش کە لەسنورەکانی هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر بەڕێوەدەچێت دەستی سووپای تورکیا وڵاتر دەکات کە درێژە بەقەڵەمڕەویان بدەن و زیاتر رۆبچنە  قوڵایی هەرێمی کوردستانەوە و شوێنی تر داگیربکەن، سروشتی ئەم هێزە داگیرکەرەش بە شێوەیەکە کە زۆر ئەستەمە لەو شوێنانەی داگیری دەکات لە ئایندەدا پاشەکشە بکات، بەڵام ئەوەی دەزگای دژە تیرۆری ( پارتی )یش دەیکات دەرچوونە لە هەموو عورفێکی حوکمی و حیزبی.

لێدوان و راگەیاندنی هەر دەزگایەکی حوکمی، یان حیزبی هەرێم کوردستان بە زمان و دەستەواژەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بە هەموو مانایەک هەرچۆن خەوشێکی گەورەیە، ئاماژەشە بۆ هەڵاوسان و دەستڕۆشتوویی ئەم دەزگایە لەسەر حوکمەت و حیزب و کۆمەڵگا.  


28/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر