چەند پەیڤێک بۆ ساڵیادی ( سپی )

شوان محه‌مه‌د

ئەمڕۆ ١٣ ی حوزەیران ٩ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ماڵپەڕ و گۆڤاری سپی میدیادا تێپەڕدەبێت و پێدەنێتە دەهەمین ساڵەی تەمەنی خۆیەوە، ئەوەی بۆ ( سپی ) گرنگە: تا ئێستا کاروانەکەی وەک میدیایەکی سەربەخۆ لە باشوری کوردستان، بەردەوامە.

لەم دۆخە بە سیاسیکراوەی کۆمەڵگای کوردیدا، زەحمەتە دەزگا و گرووپ و رێکخراو و میدیا، سەربەخۆ بێت، بەڵام تا ئێستا دەزگای ( سپی ) وەک میدیایەکی سەربەخۆ کە خاوەنی گوتاری خۆیەتی و پشتی بە دارایی خۆی بەستووە، بە سەربەخۆیی ماوەتەوە، بەڵێنیش بە خوێنەرانی دەدات، ئەو دەمەی کە ( سپی ) نەیتوانی سەربەخۆ بێت و، سەرچاوەی زانیاری بێلایەن و بابەتیانە بێت، ئەوا دەرگای دەزگاکە دادەخات و مل کەچ نابێت لەرووی دارایی و هەژموونی گوتاری میدیایەوە بکەوێتە، ژێر چەتری هیچ لایەن و کەسایەتییەکی  سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە.

( سپی ) هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بە سەرمایەکی کەم دەستیپێکردووە، کە سەرمایەکەی هێندە کەمە کە شایستەی ئاماژە بۆ کردن نییە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەوپەڕی شەفاف بێت لەگەڵ خوێنەرانی، بۆ نموونە دەزگاکە ماوەی پێنج ساڵیشە مانگانە بە ( ٣ ملیۆن دیناری عێراقی) دەڕوات بەرێوە کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ریکلامە کەمانەی کە لە ماڵپەڕەکەدا بڵاودەکرێنەوە، ئەم بڕە پارەیە ناوبەناو لەگەڵ زیادبوونی رێژەیەکی کەمی ریکلامدا گۆڕانکاری بەسەر هاتووە، هاوکات لە دەماودەمی هەڵبژاردنەکاندا داهاتێکی بەرچاوی هەڵمەتی هەڵبژاردن چنگ ( سپی ) کەوتووە، لوتکەی ئەو داهاتە زۆرەش سەردەمی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بوو لە ساڵی ٢٠١٨ دا کە بڕی ٤٥ هەزار دۆلاری دەستکەوت، لەو دەمەدا بۆ پێشخستنی دەزگاکە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک تەلەفزیۆنێکی ( ئایپی تیڤی)  دامەزراند، کە تەلەفزیۆنێکی کەلتوری بوو رۆژانە ١٦ کاتژمێر پەخشی دەکرد، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا و کەمبوونەوەی داهاتەوە راگیرا.   

 
( سپی ) هەر لە سەرەتای درووستبوونیەوە، نەیدەتوانی بەردەوام بێت، گەر ئەو کۆمەڵە رۆژنامەنووسە نەبوایە کە وەک خۆبەخش بە بڕێک پارەی زۆر کەم و بە متمانەیەکی زۆرەوە بە کاروانی میدیای ئازاد لە کوردستاندا کاریان و کردووەو، شەونخونی و ماندوێتیان چەشتووە کە ژمارەیەکیان سەرباری ئەوەی بەهۆی سەختی ژیانەوە دەزگاکەیان جێهشتووە، بەڵام هەمیشە پاڵپشتێکی بەهێزی کارەکانی بوون.

( سپی ) ژینگەی میدیایی لە کوردستاندا بە ژینگەیەکی " خراپ و پاشەکەشە لە ئازادی " ناوەزد دەکات، لەلایەکەوە پارەی حیزبی سیاسی و کەسایەتی سیاسی رۆچۆتە نێو جومگەکانی کاری میدیایەوە، لەلایەکی تریشەوە پاشەکشە هەیە لە بواری ئازادی رۆژنامەگەریدا، زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و حکومدانیان و هێرشکردنە سەریان لە رووماڵکردنی بابەتە رۆژنامەوانییەکاندا گەواهی ئەو پاشەکشەیە.

ژینگەی کاری رۆژنامەوانی کاتێک بەرەو باشی و ساغڵەمی دەڕوات کە چیتر پارەی حیزب بۆ ئەو بوارە نەڕێژرێت و قەڵەم و ویژدان کڕین بوەستێت و، حیزب و کارەکتەرەکانی حیزب بەتەواوی لەو بوارە بکشێنەوەو، مەیدانەکە جێبهێڵن بۆ کێبەرکێیەکی هاوسەنگ و پیشەییانە، هاوکات زەمینە بڕەخسێنرێت کە کایەی میدیایی ئێمە جۆرە ئۆتۆنۆمێکی خۆی هەبێت و فەزایەک بخولقێنرێت کە میدیا پێشبکەوێت و ببێتە هێزێکی کاریگەری ژیانی کۆمەڵگا. 

چاکبوونی ئەم ژینگەیە ئەو دەمە دروستدەبێت کە میدیاکار و خاوەن میدیاکان رێز لە پیشەکەی خۆیان بگرن و سەربەخۆیانە و شەفاف و بابەتیانە درێژە بە کاری میدیای خۆیان بدەن، چیتر لە سێبەری سیاسیەکاندا نەژین و خاوەنی قەڵەم و کەرامەتی خۆیان بن و شەفافبن لەگەڵ خوێنەرەکانیان و داهاتی فیعلی خۆیانیان بۆ ئاشکرا بکەن، ئەو ژمارە زۆرەی میدیاش کە پارە وەردەگرن لە حیزب و بەرپرسەکان و بانگشەی ئەوە دەکەن کە سەربەخۆن، دەست لەو جۆرە مامەڵەیە هەڵگرن و ئازایانە بڵێن: دارایی ئێمە ئەم حیزب و ئەو سیاسی دابینی دەکات، بەڵام هەوڵ دەدەین کاری میدیای پیشەیی خۆمان بکەین.

ماوە هێندە بڵێین، ( سپی ) سوپاسی هەموو ئەو نوسەر و رۆژنامەنووس و هاوڵاتیانە دەکات کە بەدرێژای ٩ ساڵی رابردوو بۆ ماڵپەڕەکە و پێشتریش بۆ گۆڤارەکەیان نووسیووەو بوونەتە سەرچاوەی بیروڕا و هەواڵ و زانیاری بۆ خوێنەرەکانی، هاوکات دەزگاکە بەرێزێکی زۆرە دەڕوانێتە ئەو هەوڵانەی لەلایەن کەسانێکی میدیاکارەوە بۆ پاڵپشتی ( سپی ) بە پێشنیار و رێنومایی و ئامۆژگارییەکانیان کۆمەکیان کردووە.    


13/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر