چەند سەرنجێک لەبارەی هەڵوێستی پارتی‌‌و هەڵبژاردنەوە

شوان محه‌مه‌د
 
کەمتر لە رۆژێک ماوە لەبەردەم پارتیدا تا بڕیار لەسەر بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات، یان رەتی بکاتەوە، گەر بڕیاری بەشدارینەکردنی دا، چی روودەدات؟

- هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت بەبێ بەشداری پارتی و هیچ کێشەیەکیشی بۆ دروستنەکات، هاوشێوەی هەڵبژاردنی ٢٠٠٥ عێراق و بەشدارینەکردنی سونەکان، ئەو دەمە پارتی وەک سونەکان دەکەونە دەرەوەی دەسەڵات کە تا ئەم ساتەش سونەکان باجی ئەو هەڵە سیاسیە دەدەنەوە.

- ئەگەر پارتی رێگای نەدا لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک هەڵبژاردن بکرێت، ئەو کاتە پارتی دەچێتە دەرەوەی سیستەمی یاسایی و دەستوری عێراقەوە، شتێکیش نامێنێتەوە ناوی دەسەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بێت، لەم حاڵەتەدا بەغدا دەستکراوە دەکات کە رێوشوێنی یاسایی بگرێتە بەر سەرەتا بە داخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزب بە تۆمەتی پێشێلکردنی دەستور و یاسا فیدراڵییەکان و، دواتر هەوڵدانی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی سەربازی تەواوی هەرێم بە تایبەتی ناوچەکانی پارێزگای هەولێر و دهۆک.

گەر پارتی بەشداری نەکرد، بژاردە سیاسییەکانی چییە؟

- ئایا پارتی دەتوانێت لەگەڵ سونەکان؛ حەلبوسی و خەنجەر لە پرۆسەی سیاسی بکشێننەوەو بچنە پاڵ سەدر، هەرچی تەماشای مێنتاڵێتی هێزە سونەکان دەکەین، ئەو ئەرزشەیان تێدا نییە جۆرە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدەن، لەو حاڵەتەدا پارتی هیچی پێ ناکرێت و سونەکان لە پرۆسەی سیاسی ناکشێنەوەو پارتی بە تەواوی کەناگیر دەکەوێت.

- ئەگەر بژاردەی بە‌هێزکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا هەڵبژارد و ئەو وڵاتەی راکێشایە نێو ناکۆکییەکان پارتی و عێراقەوە، ئەو دەمە هەرێم دابەش دەبێت و لە باشترین حاڵەتدا هەولێر و دهۆک دەکەونە ژێر هەژموونی تەواوی تورکیاوە، لەم نموزەجەش نموونەی لایەنگرانی تورکیامان لەبەرچاوە لە سوریا، ئەو دەمە هەولێر و دهۆک دەبێتە گیرفانێکی پشتەوەی تورکیاو سلێمانیش دەکەوێتە ژێر هەژموونی شیعەی سەر بە ئێرانەوە، کە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی لەم جۆرە پارتی بیهاوێژێ جگە لە دابەشبوونی هەرێم بەسەر عوسمان و سەفەویە نوێکاندا، کێشەی گەورەی هەرێمایەتی و جیهانیشی لێدەکەوێتەوە، چونکە عێراق وڵاتێکی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان و خاوەنی سیادە و حوکمڕانی خۆیەتی و رەنگە ببێتە مایەی ناکۆکییەکی گەورەی هەرێمایەتی بگرە بگاتە حاڵەتی شەڕ.

- باشترین بژاردە بۆ پارتی و مانەوەی هەرێم بەشداریکردنە لەهەڵبژاردندا، گەر مەترسی ساختەکاریشی هەیە، گەر کەمێک واقیعیانە بڕوانییە ئەم مەترسیە لە جێگای خۆیدا نییە، چونکە هەردوو هەڵبژاردنی ئەم دواییەی عێراق پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بە پێوەری نێودەوڵەتی و چاودێران کەمترین کاری ساختەکاری تێدا کراوە. گەر پارتی مکوڕە لەسەر مەترسی ساختەکاری، ئەوا لەو ماوەیەی پێش هەڵبژاردندا هەوڵی راکێشانی دەزگا نێودەوڵەتییەکان بدات بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هاوکار بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پوخت.


30/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر