بەدبەختیەکە لە کوێوەیە ؟!

عه‌بدولآ مه‌لا نوری
پەسەندکردنی بریاری شەش ساڵەکەی گیراوانی بادینان، پێمان دەڵێت: خەباتی فەیسبوک هیچ لە ژیانمان ناگۆڕێ...

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادی دەکات بە قوربانی ئەو دەسەڵاتەی کە بەرژەوەندییەکانیان بۆ دەپارێزێ...

خوێنی قاشخچی رۆشت؛ بەشار ئەسەد دیسان هەڵبژێردرایەوە...هتد

وڵاتی ئێمە لە ناو خۆیدا وێران کراوە، نەخۆشییەکە لە ناوخۆیدایە...

ئێمە دەبێ بەرچاومان رون بێت لەوەی: ئەم دەسەڵاتە هەڵگری هەمو خەسڵەتەکانی داگیرکەرە.

ئێستا ئیدی دەبێ ئەوە بزانین، لەوە دەرچووە پێمان وابێت لە دەرەوەی سنورەکانەوە کێشەمان بۆ هەناردە دەکرێ، گەر تا دوێنێ ژەهری شکاندنی کەرامەتی مرۆڤی کورد لەو دیو دیوارەکانەوە بوبن، ئێستا وا لە ناو ماڵی خۆماندایە،

ئێستا ئەو ژهرە بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی لە گەڵ خودی خۆماندا تێکەڵ بووە.

دەسەڵاتی هەرێم، هەمو ئەو تاوانە قێزەونانەی، کە داگیرکەرێکی توندوتیژو دڵڕەق بەرامبەر بە وڵات و گەلێکی داگیرکراوی دەکات، ئەمانیش بەرامبەر بە مرۆڤ و گەلی کوردی ئەکەن.

ئێستا ئیدی دەبێ ئەم بێ منەتیەی دەسەڵات، ئەو نامەردییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رامان بچەڵەکێنێ.

چارەسەر بێ هیوایی نیە، چارەسەر دانیشتن و تەسلیمبون نیە، بەڵکو کۆڵ نەدانە، هوشیاریە، پشتیوانی یەکترە.

ئەبێ ئەو راستیە بزانین، ناتوانین هەمومان کۆچ بکەین، قەدەری ئێمە مانەوەیە لەم سەر زەویەدا (کوردستان)، بون و مانەوەمان لێرە حەتمییە.

جا لەم میانەدا یان دەبێ وەک کۆمەڵگەیەکی مەڕ ئاسا بمێنینەوەو گورگەکان ماوە ماوە ملمان بشکێنن، یان دەبێ هێزو هوشیاریمان یەک بخەین و جیهانێکی تر بۆ خۆمان دروست بکەین.

دەبێ ئەوە بزانین، چەق و سەنتەری کێشەکان لە خۆماندایە، بۆیە ناتوانین هیچ کێشەیەکی دونیای خۆمان چارەسەر بکەین، ئێمە لەوانی تردا بە دوای چارەسەردا دەگەڕێین.

ئێمە لە سۆزو بەزەیی دەسەڵاتدا بە دوای چارەسەردا دەگەڕێین، لە بەڵێنی درۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تویت و بەیاننامەی سەفارەت و قونسڵخانەکاندا بە دوای چارەسەردا دەگەڕێین.

ئێمە لە ناو دونیایی مەجازی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بە دوای چارەسەردا دەگەڕێین، هیچ کام لەو دونیایانە چارەسەری دەردی ئێمە ناکات.

ئێمە خۆمان جەنگاوەری بەدیهێنانی دادپەروەری نین، جەنگاوەری دروستکردنی دەسەڵاتێکی مرۆڤپەروەرو دیموکراسیخواز نین.

 

کەواتە بۆ ئەوەی دونیای خۆما لە رێشەوە چارەسەر بکەین، دەبێ خۆمان چارەسەر بکەین.

من و تۆو ئەوان کاتێک شایستەی دونیایەکی کەرامەتدارین ئەو کاتەی بێ کەرامەتی قبوڵ نەکەین.

خۆچارەسەری رێگای دروستی کۆمەڵگەچارەسەرییە، خۆچارەسەری رێگای دروستی دەسەڵاتچارەسەرییە.

خۆچارەسەریش ئەوەیە بە ماف و ئەرکی خۆمان هوشیاربین و لە پێناویدا کار بکەین.

کار نەک لە فەیسبوک، بەڵکو کار لە ناو خەڵکدا.

رەنگە من لە گەڵ دیدی مارکسدا کۆک نەبم، وەلێ ئەو بیرمەندە مەزنە دەڵێ: هەژاری شۆڕ دروست ناکات، بەڵکو درککردن بە هۆکاری هەژاری شۆڕش دروست دەکات.

دۆخی شێواو سەرگەردانی ئێمە شۆڕش و گۆڕانکاری دروست ناکات، بەڵکو درککردن بە هۆکاری سەرەکی سەرگەردانیمان ئەشێ شۆڕش دروست بکات.

سەرگەردانی ئێمە لەوەدایە گەلێکی کەم هوشیارو مەزڵومی پەرتەوازەین.

کەمتەرخەمی و بێ هەڵوێستی خۆمان نابینین.

هەر یەک لە ئێمە تا گڕی ئاگرەکە خۆی نەسوتێنێ هەڵوێستی نیە.

بە ئاسانی بە درۆی دەسەڵات، بە درۆی سێبەرەکانی دەسەڵات فریو ئەخوێن.

ئەمڕۆ نەک سبەی، ساتێک زووتر، دەبێ لە سەر بنەمای هوشیاری و هاوبیری، خۆمان رێک بخەین.

ئەم جۆرە لە کار، پێی دەوترێ خۆچارەسەری.

خۆ چارەسەری، دەمانکات بە خاوەنی هێز، هێزێک ریشەکەی لە عەقڵ و خەمی گشتیەوە سەرچاوە دەگرێ.

بیرتان نەچێ؛ لەیەک رۆژەوە ئەوەی گیراوانی بادینانی حوکم دا تەنها پارتی نەبوو، شەریکەکانی پارتیش بون.

ئەو خەڵکانەش بون هیچ هەڵوێستێکیان نەبو. هەروەها ئەو سەدان هەزار مرۆڤەش بون کە لە فەیسبوکدا بەچەندین سەعات شتیان دەنوسی، وەلێ بۆ یەک سەعاتیش ئامادە نەبون بێنە سەر جادە.

 

28/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر