ئاگرەکە لە شوێنێکی ترە!

عه‌بدولآ مه‌لا نوری

   کێشەکە گەورەکە ئەوە نیە هاوڕێیەک تەحدا بکات لیتری بەنزین بە ٤٧٥ دینار دابین بکات و هاوڕێیەکی تریش مۆڵەتی بۆ وربگرێ.
دەبێ پرسیاری هاووڵاتیان ئەوەبێت، بۆ هەر لە بنەڕەتدا حکومەتی هەرێم و بازرگانەکان لە دەرەوە بەنزین بهێنن؟!

ئاخر هاووڵاتیانی ئازیز ئێوە حەقی خۆتانە پرسیارێکی تر بکەن، ئەم وڵاتە ژێرەکەی پڕە لە نەوتی خاو، لە هەمان کاتدا دوو پاڵاوگەی گەورە لە خەبات و بازیان هەن، حکومەتی هەرێم دەتوانێ نەوتی خاویان بۆ دابین بکات و ئەوانیش بەشی ناوخۆی هەرێم بەنزین بەرهەم بهێنن و وەک پارێزگاکانی تری عێراق بە ٤٧٥ دینار بدرێتە هاووڵاتیان.

ئازیزان، با بەرچاوتان روون بێت، ئێستا حکومەتی هەرێم ئامادە نیە نەوتی خاو بداتە ئەو دو پاڵاوگە، ئەزانن بۆ؟

چونکە مافیاکانی حکومڕانی لە لایەک دەیانەوێت نەوتە خاوەکە وەک هەمیشە بە ناڕۆشنی بفرۆشنە دەرەوەو داهاتەکەشی هەر خوا دەزانێ بۆ کوێ دەڕوات، لە لایەکی تریشەوە دەیانەوێت هێنانی بەنزین و سوتەمەنی لە وڵاتانی دەرەوە بکەنە سەرچاوەیەکی تر بۆ قازانجی خۆیان.
واتە حکومەت هەرێم لە دوو لاوە خەریکی سەربڕینی خەڵکە، لە لایەک ئامادە نیە لە نەوەتە خاوەکەی ژێر خاکەکەمان بەشێکی تەرخان بکات بۆ دابینکردنی بەنزین و گازی ناوخۆ، لە لایەکی تریشەوە بە هێنانی بەنزینی گران لە دەرەوە گیرفانی هاووڵاتیان بەتاڵ دەکەنەوە.

هاووڵاتیانی ئازیز، ئەو دوو پاڵاوگەیەی کە باسم کرد، رێک و جوان حکومەتی عێراقی نەوتی خاویان دەداتێ و بەرهەمەکەشی دەباتەوە بە نرخێکی هەرزان بە سەر پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقدا دابەشی دەکات!

بەڕێزینە مافیاکانی حکومڕانی هەر ئەوە ناکەن، بەڵکو ئەوەتە ئەو غازەی، کە لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێ، لە بری ئەوەی لە پێشدا پێداویستیەکانی هاووڵاتیانی پێدابین بکەن، پاشان ئەگەر مایەوە زیادەکەی بنێردرێتە دەرەوە، کەچی بەشێکی زۆر لەو غازە هەناردەی بەندەرەکان ئێران دەکرێ و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی تر دەڕوات.

واتە نەوت و پاڵاوگەو غازمان زۆرە، بەڵام سودی بۆ ئێمە نیە.

بە کوردی و بە کورتی پڕی ماڵمانە لە رازیانە، وەلێ بە دەردی ناوسکە ئێشە دەمرین.

جا بەڕێزان: لە راستیدا تێناگەم بۆ هاووڵاتیان چاویان لە سەر ئەو حکومەتە فاسدە لادەبەن؟

بڕوا بکەن کارەساتەکە زۆر لەو گەورەترو زاڵمانە ترە، کە ئێوە هەستی پێدەکەن، حەق نیە بۆ ساتێکیش رووی خۆمان لە شەڕی دەسەڵاتەوە وەرچەرخێنین بۆ شەڕی یەکتر و لەولاشەوە مافیاکانی دەسەڵات خەریکی راوروتە گەورەکانی خۆیانبن.
جا حەقە هەمومان شەڕی ئاگرەکە بکەین نەک دوکەڵەکە…

24/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر