بایكۆتی پارتی و بایكۆتی سەدر

یاسین ته‌ها
نزیکترین سیناریۆ لە بڕیاری پارتی بە ئاراستەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کشانەوەی ڕەوتی سەدرە لە پەرلەمانی فیدراڵی پاش ئەوەی زۆرینەی بە دەست هێنا (حوزەیرانی 2022)، سەرباری ئەم لێکچوونەش، هەلومەرجی بڕیاری ئەم دوو هێزە هەڵگری چەند تایبەتمەندی و جیاوازییەکن لەوانەش:

_ سەدر پاش هەڵبژاردن کشایەوە نەک پێش پرۆسەکە، لە بایکۆتی دووەمیشدا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان گورزی لە ڕێژەی بەشداریکردن دا بەڵام پەکی نەخست، چونکە هاوکێشەی هێز لە عێراق لەسەر چەند جەمسەرێکی هاوئاست بنەڕەتە نەک دوان و سیان.

_ سەدرییەکان زۆنی تایبەتیان نییە و بەسەر پارێزگاکانی عێراقدا دابەش بوون، لەپاش دوورەپەرێزگرتنیشیان هیچ کێشەیەکی ئیداری بەجێ نەما، لە پاش هەڵبژاردنی پارێزگاکانیش (کۆتایی 2023) ئیدارەی پارێزگاکانی بندەستیان بە ئاسانی ڕادەستی چوارچێوەی شیعە کرد (نەجەف و میسان).

_ جەماوەر و بنکە سیاسییەکەی سەدر لەسەر گوێڕایەڵی ڕەها ڕاهێنراون و ڕەنگە تاقە هێزی شیعە بن بتوانن لە دەرەوەی دەسەڵاتیش هەڵ بکەن و بارگرانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن بوون هەڵگرن بەبێ ئەوەی بنكەكەی ئەمبەرەوبەر بکات و پابەندییان بە ڕەوتەکەوە زیاتر لە شێوەی تەریقەتە بەهۆی باکگراوەندە ئایینییەکەی.

_ ئامانج لە کشانەوەکە گەڕانەوە بوو لە فۆرم و شێوازێکی نوێی بەهێزتردا و بەپێی ڕێسایەک جیاوازتر لە وانەی پێشوو، بەڵام تا ئێستا فەراهەم نەبووە و ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئایندەش بگەڕێتەوە هەر مەحکوومە بە سازان لەگەڵ ڕکابەرەکانیان.

_ سەدرییەکان ئەزموونی پێشووتریان هەبوو لە بایکۆتی "کێکی حوکم" و لەپاش 2003 چەند جارێکی تر بایکۆت و کشانەوە و تەنانەت جەنگیشیان لەگەڵ سیستەمی حوکمڕاندا ئەزموون کردبوو.

_ تا ئێستاش مشتومڕی گەرم ئەوەیە ئاخۆ کشانەوەی سەدر بڕیارێکی دروست بوو یان لێکەوتەی خراپی زیاتر بوو، لە مەودا نزیکدا بەکەڵکی چوارچێوەی شیعی ڕکابەری کۆتایی هات و لە مەودای ناوەڕاستیشدا هەڵبژاردنی 2025 و پێشهاتەکانی دواتری بڕیاردەرن و بۆ مەودای دووریش لەسەر چەند گریمان و ئەگەرێك وەستاوە كە جێگەی مشتومڕن.

18/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر