مەریوان و پشتیوانی

د. شێرکۆ کرمانج

ئەم چەند دێڕەی من لێرە دەینووسم پشتیوانی نیە لە کاک مەریوان وریا قانع ھێندەی دەرخستنی چەند ڕاستییەکە.

مەریوان قەڵەمێکی ھێندە بە بڕشتی ھەیە کە توانای ئەوەی ھەیە زۆر لە من باشتر بەرگریی لە خۆی بکات، بۆیە تەنیا باسی ئەوە دەکەم کە بۆ ئیسلامییەکان، نەک موسڵمانان، ھێرش و ھەڕەشە و جنێو بە کاک مەریوان دەدەن.

یەکەم، ئازادی، ئیسلامییەکان دوژمنی ئازادین، کاک مەریوان بەرگری لە ئازادی ئینسانەکان دەکات لە کۆمەڵگای ئێمە، بە ئازادی ئیسلامییەکانیشەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو ئازادییەی کاک مەریوان بەرگریی لێدەکات سنوورەکانی زۆر لەو ئازادییە فراوانترە کە ئیسلامییەکان بە مرۆڤ و بە ژن و بە منداڵ و بە موسڵمان و بە ناموسڵمان و بە بێدین و بە دیندار و بە ئەکادیمی و بە ڕۆشنبیری ڕەوا دەبینن، ئەوا ئیسلامییەکان بە بۆچوونەکان و بە فراوانی سنوورەکانی ئازادی کاک مەریوان قەڵسدەبن.

دووەم، ڕەخنە، کاک مەریوان ڕەخنەگرێکی سەرسەختی ناشیرینەکانی کۆماڵگەی ئێمەیە بە دەسەڵات و گەندەڵکار و سەلەفی و ئیخوانی و تەواوی ئیسلامییەکان. ئەوان پێیانوایە ڕەخنە تەنیا دەبێت لە گروپگەلێک یان دەسەڵات بگیرێت بۆیە بە ڕەخنەکانی کاک مەریوان قەڵس دەبن.

سێیەم، جیاکردنەوەی ئیسلام لەگەڵ ئیسلامییەکان، ئیسلامییەکانی کوردستان دەزانن بەو جیاوازیکردنە ئەو ئامرازە لە دەست دەدەن کە کۆمەڵگەی پێ چەواشە دەکەن بۆیە بەو جیاوازیکردنە قەڵس دەبن. 

چوارەم، بەھاکان، ئیسلامییەکان خۆیان بە پارێزەری بەھاکان و خێزانی کۆمەڵگەی کوردی دادەنێن. کاک مەریوان پێیوایە ئەمە بانگەشەیەکی سیاسی و دوورە لە واقیعە. ئەو وەک زۆرێک لە ئێمە پێیوایە بەھاکانی کۆمەڵگە دروستکراوی کۆمەڵایەتین لە قۆناغی جیا و لە زەمەنی جیا بەھاکانی کۆمەڵگا گۆڕانیان بەسەردا دێت و دەگۆڕێن. ئیسلامییەکان پێیانوایە بەھا سەد ساڵ بەسەرچووەکان و دژە مافەکانی ژن و خێزان و منداڵ دەبێت بپارێزرێن و بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنرێن. کاک مەریوان ئەوە ڕەتدەکاتەوە، ئیسلامییەکان بەوە شێت بوونە.
پێنجەم، فرەیی، کاک مەریوان داوای بەرقەرابوون و بەرگریی دەکات لە فرەیی، ئیسلامییەکان لە ھەوڵی سڕینەوەی فرەیی و وەکیەک لێکردنی کۆمەڵگان. ئەوان ترسیان لە فرەیی و جیاوازییەکان ھەیە. کاک مەریوان دەڵێت کۆمەڵگەی تەندروست بنەمای لەسەر قەبوڵکردنی فرەیی داناوە و دادەنێت. بۆیە بەو داوا و بەرگرییانەی کاک مەریوان قەڵس دەبن.

کێشەکە ھەر لەوانەدا نیە، ئیسلامییەکان خۆشیان لە ھیچ کەسێک نایەت ئیسلامی نەبێت و خەڵک ڕێزی لێبگرێت و ڕاو بۆچوونەکانی بە ھەند وەربگرن.

بۆ زانیاری لە ژیانمدا مەریوانم نەدیوە. تەلەفۆنی لێدەرچێت، ئەویش چەند جارێکی کەم، قسەشمان بەیەکەوە نەکردووە.

28/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر