ئێران لە عێراق و سوریا: سەرەتای پەیوەندییەکان و گرنگییە جیۆپۆلەتیکییەکان

د. شێرکۆ کرمانج

دەستپێک
ئەم بابەتە کە لە چەند بەشێک پێکهاتووە لە هەر بەشێکی تەرکیز لەسەر پرسێک یان چەند پرسێک دەکەین لە ڕۆڵی ئێران دەکۆڵێتەوە لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ و لە ململانێ بەردەوامەکانی سوریا لە ٢٠١١ ـەوە تا ئێستا. هەروەها شرۆڤەی ستراتیجیەتی سیاسیی ئێرانیش بەرامبەر بە سوریا و عێراق دەکات و شەن و کەوی دەکات. ئامانجی ئەم بابەتە هەڵسەنگاندنە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران و بەکارهێنانی شەڕی بەوەکالەت لە عێراق و سوریا بۆ دەستنیشان کردنی ئامانجە ستراتیجییەکانی ئێران لەو دوو وڵاتە بەتایبەتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی. هەروەها هەوڵدەدا کار و کاردانەوەکانی دژبەرە هەرێمییەکانی ئێران وەکوو سعودیە و قەتەریش شی بکاتەوە. بابەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکایەتی مەزهەبیی ڕژێمەکانی سوریا و عێراق لەگەڵ گرنگیی ستراتیجیی جوگرافیای هەردوو وڵات بۆ بەستنەوەی ئێران بە حیزبوڵا هۆکاری هەرە سەرەکی تێوەگلانی ئێرانن لە سوریا و عێراق. هاوکات جەخت لەوەش دەکاتەوە کە عێراق کارتێکی سیاسییە بەدەست ئێرانەوە کە بەکاری دێنێت بۆ زیادکردنی توانا سیاسییە هەرێمییەکانی بەمەبەستی پاراستنی هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ئێران دەیەوێت سوپایەکی تەریب لە سوریا و عێراق دا دروست بکات کە هاوشێوەی سوپای پاسدارانی خۆی بێت.

پاشخانێکی مێژوویی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و سوریا
لە دوای دروست کردنیەوە لە ١٩٢١ لەلایەن بەریتانیاوە، عێراق لەلایەن عەرەبی سوننەوە حوکم کراوە، کە لە ٢٠٪ ی دانیشتوانی عێراق پێک دەهێنن. دەسەڵاتی سوننەکان تاوەکو ٢٠٠٣ درێژەی کێشا، واتە تا ئەو کاتەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا حکومەتە سوننیەکەی لە کار خست، کە لەلایەن "سەدام حوسێن"ـەوە سەرکردایەتی دەکرا. ئەمەش ڕێگای بۆ شیعەکان خۆش کرد، کە نزیکەی ٦٠٪ ی دانیشتوانی عێراق پێک دەهێنن، کە وەک گرووپی زۆرینە لەوکاتەوە تا ئێستا کۆنترۆڵی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان کردووە. دوای لەسەر کار لابردنی سەدام حوسێن، ئەمریکا هیواکانی لەسەر ئەوە دامەزراندبوو کە لە ڕێگای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە سیستەمێکی سێکولاری دیموکراتی لە وڵاتەکەدا دادەمەزرێنێت. بەڵام زنجیرە هەڵبژاردنەکان لە عێراق، کە تا ئێستا ئەنجامدراون (لە ٢٠٠٥، ٢٠٠٩و ٢٠١٤، ٢٠١٨، ٢٠٢١) هاوکاربوون بۆ خۆتێهەڵقورتاندنی هێزە هەرێمییەکان لە سیاسەتی عێراق دا بەتایبەتی ئێران.
سوریا وەکوو دەوڵەتێکی مۆدێرن لە ١٩٢٠، ڕێک ساڵێک پێش عێراق لەلایەن فەڕەنسای داگیرکەرەوە، دروست کرا. لە ١٩٤٦ دا سەربەخۆیی وەرگرت، کە دەکاتە چواردە ساڵ دوای ئەوەی عێراق سەربەخۆ کرا. هەرچۆنێک بێت، ساڵانی ناجێگیریی سیاسیی و کودەتای سەربازیی بەردەوام بوو تاوەکو ١٩٧٠ کاتێک حافز ئەسەد، کە سەر بە خێزانێكی شیعەی عەلەوی کەمینە بوو، دەسەڵاتی لەڕێگای کودەتایەکی سەربازییە گرتە دەست. عەلەویەکان ١٤٪ ی دانیشتوانی سوریا پێک دەهێنن. لە ١٩٨٢ دا، سوپای سوریا و هێزە ئەمنییەکانی ئەسەد یاخیبوونێكی سوننەکانی شاری حەمایان دامرکاندەوە، کە تێیدا دەیان هەزار مەدەنیان کوشت. لە ٢٠٠٠ دا، حافز ئەسەد مرد و کوڕەکەی، بەشار ئەسەد، جێگەی گرتەوە.
لەو کاتەوەی ئەمریکا ڕژێمەکەی "سەدام حوسەین"ی لە ٢٠٠٣ ڕووخاند، ئیدی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە عێراق ناجێگیر بووە، لەپەیوەند بە سوریاش، لەگەڵ دەسپێکی خۆپیشاندانەکان لە ٢٠١١ ـەوە لە دژی ڕژێمەکەی ئەسەد دۆخەکە شڵەژاوە. داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا بووە بە هۆکاری زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەکە، وەک قووڵبوونەوەی توندوتیژیی مەزهەبیی، داڕمانی ئەمنیی، گەشەکردنی گرووپە ڕادیکاڵ و توندڕەوەکانی وەک ئەلقاعیدە لە عێراق (کە دواتر بوو بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا، داعش). لە نیوەی ٢٠١٤ دا، داعش ناوچەیەکی بەرفراوانی لە عێراق و سوریا کۆنترۆڵ کرد، ئەمەش داعشی کرد بە گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆرستی لە جیهاندا. لەو قۆناغەدا (٢٠١٤-٢٠١٧)، داعش بەوەوە دەینازی کە ناوچەیەکی فراوانی لە عێراق و سوریا کۆنترۆڵ کردووە و چەندان سەرچاوەی گەورەی داهاتی هەیە، لەوانە بیری نەوت لەو دەڤەرانەی کە بەڕێوەی دەبرد. 
دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی جوگرافیی فراوان، داعش دەوڵەتێکی/خەلافەتێکی دامەزراند کە لە باکووری سوریاوە دەستی پێ دەکرد تاوەکوو ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق، ناوی لێنابوو دەوڵەتی ئیسلامی. دوای سێ ساڵ، داعش زۆربەی ئەو ناوچانەی لەدەستدا کە لە ٢٠١٤ ـەوە کۆنترۆڵی کردبوون. دوای داعش ئەو ناوچانە کەوتنە دەست سوپای عێراق و هێزە کوردییەکان لە عێراق و هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوریا.
شۆڕشی ١٩٧٩ ی ئێران ڕژێمی شای ڕووخاند کە دۆست و هاوپەیمانێكی نزیکی ئەمریکا بوو لە ناوچەکە، لەجێی ئەو کۆماری ئیسلامی ئێرانی دامەزراند کە پێچەوانەی ڕژێمەکەی پێشوو بوو، دژی ئەمریکاییەکان ڕەفتار دەکات. لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق تێک چوون. لە ئەیلولی ١٩٨٠، عێراق جەنگێکی لە دژی ئێران ڕاگەیاند کە هەشت ساڵی خایاند. لە ماوەی ئەم جەنگەدا حافز ئەسەدی سوریا پشتی ئێرانی گرت؛ ئەمەش ڕێگای خۆشکرد بۆ هاوپەیمانییەکی ستراتیجی دوورمەودا لەنێوان هەردوو دەوڵەتدا.
لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، ئێران هاوکاری پێشکەشی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق (مەجلیسی ئەعلا) لە دەکرد، کە لە ٢٠٠٧ ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق (لێرەبەدواوە، مەجلسی ئەعلا)، کە گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بوو لە ئێران لە ١٩٨٢ دا دامەزرا. ئێران ڕاهێنانیشی بە جەنگاوەرەکانی ڕێکخراوی بەدر دەکرد و چەکی پێ دەدان، کە ئەوکات باڵی سەربازی مەجلیسی ئەعلا بوو، بۆ ئەوەی شەڕی عێراق بکەن. ڕێکخراوی بەدر کۆڵەکەیەکی سەرەکی هێزەکانی حەشدی شەعبیە کە بەمدواییە دامەزرا کاتێک کە سوپای عێراق لە موسڵ لە ٢٠١٤ دا ڕووخا و عەلی سستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکان، فەتوای دامەزراندنی دا. زیاد لەوەش، ئێران هاوکاریی و هەماهەنگی حیزبی دەعوەی ئیسلامیشی دەکرد کە گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی دیکەی شیعەیە بوو تا ڕووخانی سەدام حوسین. حیزبی دەعوە لە کۆتاییەکانی پەنجاکانی سەدەی بیست دامەزرا، کە حیزبی حاکمە لە عێراق لە ٢٠٠٦ ەوە تا ئێستا. لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە، دەکرێت ئەوە وەک هۆکارێك، یان ڕێگەخۆشکەرێک، بووە بۆ تێوەگلانی ئێران لە کاروباری عێراق دا. 
بەڵام تێوەگلان و دەستتێوەردانی ئێران بە ڕاست و بە چەپ لەگەڵ داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و لەدوای ڕاپەڕینەکانی سوریا، دەست پێ دەکات و تادێت ئێران زیاتر ڕۆدەچێتە ناو کاروباری سیاسیی ئەو دوو وڵاتە و ڕەگوڕیشە لەنێو دامەزراوەکانیدا دادەکوتێت. لەگەڵ تێوەگلانی ئێران دا، هێزی دی هەرێمیی و نێودەوڵەتی کاریگەرییان هەبووە لەسەر ئاڵۆزییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەڵام هیچیان بە قەد ئێران کاریگەرییان نەبووە و جێپەنجەیان دیارنەبووە. ئامانجی سەرەکی ئەم نوسینە گفتوگۆکردنە لەسەر پرسە پەیوەندارەکان بە دەستێوەردانی ئێران و هێزە هەرێمیی و نێودەوڵەتیەکان لە عێراق و سوریا دا.
ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی سوریا کە لە ٢٠١١ دەستی پێ کرد، هەر زوو بوون بە ئاڵۆزی فراوان، بەتایبەتی دوای تێوەگلانی هێزگەلی دەوڵەتی و نا-دەوڵەتی. کاتێک ناڕەزاییەکان لە سوریا دەستی پێ کرد ئێران بە "پیلانێكی ئیسرائیلی-ئەمریکی بۆ ڕووخاندنی ئەسەد" وەسفی کرد. بەهۆکاری ئەو هاوپەیمانییە بەهێزەی نێوان هەردوو وڵات یارمەتیدانی سوریا بوو بە کۆڵەگەیەکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بۆ پاراستنی ڕژێمەکەی ئەسەد، پەیداکردن و سەپاندنی کاریگەریی هەرێمیی، هەروەها بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خۆی. 
ململانێ بەردەوامە ناوخۆییەکانی عێراق و سوریا بەهۆی ڕۆڵ و تێوەگلانی زلهێزی وەکوو ئەمریکا و ڕووسیا، هاوکات، وڵاتانی دراوسێ وەکوو سعودیە، تورکیا و قەتەر هێندەی دیکە پرس و کێشەکانی ئاڵۆزتر کرد. زیاد لەوەش تێوەگلانی هێزگەل و ڕێکخراوی نا-دەوڵەتی وەکو بەرەی نوسرە (لقی سوریای ئەلقاعیدە لە ٢٠١٧ کە ناوەکەی خۆی گۆڕی بۆ هەیئەت تەحریر ئەلشام)؛ داعش؛ حیزبوڵای شیعەی توندڕەوی لوبنان لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ی کوردی، هەموویان بەسەریەکەوە تەنگژەی سوریایان گەورەتر و فراوانتر و قووڵتر کرد. لەگەڵ ئەم چەقبەستووییە سیاسیە ئاڵۆزەی عێراق و سوریا، کە بەهۆکاری هەندێ دەوڵەتی "خەمخۆر" خراپتر بووە، پێویست دەکات کە پێشهاتە نوێکان لە هەردوو وڵاتدا بە وریاییەکی زۆرەوە چاوی لێ بکرێت، بە شێوەیەک کە ئێران وەکوو یاریکەرێكی بەهێزی هەرێمی تەماشا بکرێت کە پێشتر توێژەران بەو ڕەنگە دەستنیشانیان نەکردووە و لێییان نەکۆڵیوەتەوە. ئەم بابەتە هەوڵدەدات لەو ڕۆڵە گرنگ و کاریگەرەی ئێران بکۆڵێتەوە.
چاوەڕوانی بەشەکانی داهاتوو بن.


15/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر