بۆ ڕێگریکردن لە بە "ڕەقە" بوونی هەرێم

د. شێرکۆ کرمانج
من دەڵێم لە ژینگەیەک و کۆمەڵگەیەک کە ئازادی تێیدا فەراھەمکرابێت ئەوە ئیسلامیزم و سەلەفیزم و داعشیزم نەک گەشە ناکەن بەڵکو دەپووکێنەوە.

ئەوەی بۆتە ھۆکاری گەشەی ئەم سێ خەتە کۆنەپارێز و توندڕەوە مۆنۆپۆلی ئازادییە لەلایەن ئەم ڕەوتانەوە. بەواتایەکی دیکە، دەرگا و فەزای ئازادی بەڕووی ڕەوتە لیبرال و یەکسانخواز و ئازادیخواز و نوێخواز و فرەییخوازەکان داخراوە، لەبەرابەردا بۆ سەلەفی و کۆنەپارێز و توندڕەوەکانیش فەرشی سوور ڕاخراوە. لەپەیوەند بەم پرسەوە، چەندە ئەو ڕەوتە توندڕەو و کۆنەپارێزانە خەتابارن لە دروستبوونی ئەم فەزا نایەکسانییەدا، لەو دەرگا داخستن و فەرش ڕاخستنەدا، دە ھێندە دەسەڵاتدارانی ھەرێم، بەتایبەتیش یەکێتیی و پارتی، خەتابارن. پارتی و یەکێتیی ئازادیخوازان وەدەردەنێن و کۆنەپارێزان لە باوەش دەگرن.

ڕاستیی ئەم ئارگیومێنتەی ئێمە لە سەرھەڵدان و ئاشکرابوونی ئەو ھەموو جوڵە و خانە نووستوو و بەخەبەرەی داعش دەردەکەوێت لەگەڵ ئەو ھەموو ڕێگرییکردنە لە ڕای ئازاد لە زانکۆکانی ھەرێم.

بۆیە، ھەنگاوی یەکەم بۆ ڕێگریکردن لە بە"ڕەقە"بوونی ھەرێم کرانەوەیە نەک دەخران، بەڵام کرانەوەیەک کە ئازادیخواز و لیبرالێک وەک سەلەفی و ئیسلامییەک یەکسانانە ئازاد بن لە ڕا دەربڕین، نەک یەکێکیان بەناوی خوا و بەناوی ئەخلاق و بەناوی کۆمەڵگە ڕێگە لە ئازادییەکانی ئەوانی دیکە بگرێت.

ئەوەی دەبێت ڕێگەی لێبگیرێت ئەوانەن کە دژی ئازادی و یەکسانیی و فرەیین. ئەوەی دەبێت ڕێگەی لێبگیرێت ئەوانەن کە خەڵک تەکفیر دەکەن و خوێنی ئەوانە حەڵاڵ دەکەن کە وەک ئەوان بیرناکەنەوە. بەکورتی، ئازادی تەنیا بۆ ئەوانە نیە کە دژی ئازادین.

23/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر