سیستمی سیاسی هۆکاری کۆچ کردنی گەنجانە

ئاشتی عەبدولآ
گەنج هەروەک ئەوەی دڵنیا بێت کە ئەم سیستمە سیاسیەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات و هەموو پایەکانی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، بۆ ئەبەد نەگۆڕ بێت، تا دونیا دونیایە، هەمان سیستم و هەمان کەسەکان لەلووتکەی دەسەڵاتدا بن.

گەنج گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی، کەئیتر ئەمە خاڵی کۆتاییە، نوێبوونەوەو گۆڕانکاری لەسیستمی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان مەحاڵە، گەیشتۆتە کۆتا خاڵی نائومێدی، چارەنووسی کوردستان بەنادیار دەبینێت.

بەبڕوای ئەو گەنجانەی بڕیاری کۆچییان داوە، هەوڵەکانیان شکستخواردوو بوو بۆ چاکسازی و نوێبوونەوەو تێپەڕاندنی قەیرانەکان، ئیتر لەم وڵاتە دەروازەکان داخراوە بەروویاندا بۆ ئەبەد.

هاووڵاتیان لەماوەی حکومڕانی ئەم سیستمە سیاسیەدا بەشداری سیاسییان هەبووە بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خمخۆڕی دەسەڵاتی کوردی بوون هەریەک بەشێوەیەک.
 بەشێک ( بەرەخنەو پێشنیار، بەپلان و نەخشەرێگا بۆ چاکسازی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی ) .
بەشێکیتر بە بەجێهێنانی ئەرکەکانیان و بوونیان بەبەردەوامی لە دامەزاوە حکومی و تایبەتیەکاندا ( مامۆستا ، فەرمانبەر ، کرێکار ، وەبەرهێن ، کارگوزار ، هتد ....) .

بەخزمەتکردن و راپەڕاندنی ئەرکە وەزیفیەکانیان بەشدارییەکی سیاسی بووە و هاوکاریی تێپەڕاندنی ئەو بارگرژیانە بووە، کە حکومەتی هەرێم رووبەرووی بۆتەوە ، بۆ دەربازبوون لەقەیرانەکان ، چونکە هەریەک لەم ئەرکانە پێویستە بەرامبەری ماف و ئیمتیاز هەبێت ، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەو ماف و ئیمتیازە هاوتای ماندووبوون و ئەرکی هاووڵاتیان نەبووە.  

لەلایەکی ترەوە بەدرێژایی بوونی مەترسی تیرۆر لەسەر هەرێمی کوردستان ، هێزەکانی پێشمەرگە لەسەنگەری بەرگریدا بوون بەگەرماو سەرما و بێ مووچەیی بێ ئەوەی خزمەتگوزارییەکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت ، بەشدارییەکی بەرچاوی سیاسیان هەبووە، هەریەک لەهاووڵاتیان بەهەموو چین و چین و توێژەکانەوە بەراستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بەشداری سیاسیان هەبووە بۆ بەرەو پێش چوونی سیستمی سیاسی و بەشارستانی کردنی، خوازیاری نوێبوونەوەو گۆڕانکاری بوون .

پێچەوانەی هەموو هەوڵەکانی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە ئەم سیستمە سیاسیەی هەرێمی کوردستان ، هێندەی خەمی دەستگرتنیان بووە بەپایەکانی دەسەڵاتەوە ، هێندە لەخەمی چارەسەرو چاکسازیدا نەبوون.
هێندەی هەوڵی بەئەبەدیبوونی ئەم سیستمەیان بووە، هێندە لەهەوڵی تێپەڕاندنی قەیرانەکاندا نەبوون.
هێندەی رۆحی نوێبوونەوەو گۆڕانکاری فەرامۆش کراوە ، هێندە لەهەوڵی سیستمێکی سیاسی و ئابووری و شارستانی و دیموکراسیدا نەبوون.

جگە لەهەموو ئەو هۆکارانەی کەباس دەکرێت بۆ کۆچ کردنی گەنجان هەر لە (بێ کاری، بێ مووچەیی، بێ کارەبایی، هتد ...) لەو باوەرەداین ئەوانە پاڵنەرێکی بەهێز نین بۆ کۆچ کردن ، چونکە بەدڕێژایی ساڵانی رابردوو هەمان کێشە رووبەرووی هەرێمی کوردستان بۆتەوە بەرێژەیی جیاواز .

 لێرەوە ئەگەینە ئەو باوەڕەی کە خۆسەپاندنی سیستمی سیاسی پاڵنەری یەکەم و هۆکارێکی بەهێزە بۆ کۆچی گەنجەکان. 
بڕیاری کۆچ کردن بەم ئاستەی لەئێستادا هەیە لەخوڕاو خۆرسک نییە.
کاتێک گەنج بێ هیوا بوو لەنوێبوونەوە و گۆڕانکاری ، هەنگاوی کۆچکردن دەستپێکردو بڕیاری جێهێشتنی وڵاتیاندا بۆ سیستمێکی سیاسی کە لەبیرو هزری ئەواندا نەگۆڕە و چارەنووس نادیارە.
لەگەڵ هەموو ئەو هۆکارانەی باسکرا، مانەوەی گەنج زەرورەتێکە بۆ گەیشتن بەئامانجەکانیان ، بۆ نوێبوونەوەو گۆڕانکاری لەسیستمی سیاسیدا .

 هەرێمی کوردستان پێویستی بەتوانای عەقڵی و جەستەیی گەنجانە ئەگەر لەپێشتردا هەریەکەیان لای خۆیەوە بەشداری سیاسیان کردبێت ، ئەوا لەم قۆناغەدا پێویستە لەم گۆڕانکاریدا رۆڵی کارا تریان هەبێت ، تا لەوێوە هەرێمی کوردستان بکەنە خاوەنی دەستورێکی مەدەنی و سیستمێکی  سیاسی شارستانی ، چاکسازی و باشترکردنی گوزەران و ژیانی هاووڵاتیان. گومانی تێدا نییە ئەم هەنگاوانە بەگەنجان دەکرێت بەمانەوەیان و خۆڕاگرییان ، هیچ دەسەڵات و سیستمێکیش خۆڕاگر نییە لەئاست کاریگەری فشار و خواستی گەنجدا.

09/07/2015



وتارەکانی تری نوسەر