پشکۆ ناکام

پشکۆ ناکام

...... دوا بەدوای مژدەی ڕیفڕاندۆم و پێک هێنانی دەوڵەتی کوردی!! خۆشترین مژدە بۆ کورد ئەوەیە کە بە ئاسانترین شێوە ڕێگای بەهەشتی بۆ کورت کراوەتەوە و لەسەر دەستی پێنجەم خەلیفەی ئیسلام ئەمڕۆ هەر موسڵمانێکی کورد زمان بە تەنها شەش سەد و پەنجا دۆلار ! بەهەشت مسۆگەر ئەکا و لە شەڕە شەقی مەحکەمەی ڕۆژی قیامەت نەجاتی ئەبێ و بەبێ سەرەگرتن بۆ یەکلایی کرنەوەی کەیسەکەی کە لەوانەیە چەن مانگ یان چەن ساڵێک بخایانێ ، بە کڕينی بەرماڵێک لە مزگەوتی بەهەشت بە تەنها ٦٥٠دۆلار بلیتێکی چوونە بەهەشت مسۆگەر ئەکا و  بۆ ئەوەی زۆرترین موسڵمان لەو نیعمەت و خێرە ئیلاهییە بێ بەش نەبن لەوانەیە حەجمی هەر بەرماڵێک بچووک بکرێتەوە بۆ نیوەی ئەوەی ئێستا و دووریش نیە هەوڵ نەدرێ بۆ  دروست کردنی بەرماڵی دوو یان سێ قاتی..... بەڵام چەن گرفتێک ڕوو بەڕووی کڕیارانی بلیتەکەی بەهەشت بوونەتەوە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێ ڕەنگە گەشتەکەی بەهەشت وا ئاسان نەبێ ، یەکەم گرفت ئەوەیە کە بۆچی  بلیتی بەهەشت بە " دۆلار " بێ ؟ کە پارەی ووڵاتێکی کافر و مولحید و مونافیق و ئەهلی جەهەننەمە ، ئایا ناکرێ بە پارەی ووڵاتێکی ئیسلامی بێ بۆ نمونە " لیرەی سعودی"كە زێدی ئایینی ئیسلامە ،و ئایا مامەڵەکردن بە پارەی کافرەکانەوە حەرام نیە ؟ .. گرفت یان پرسیارێکی تر ئەوەیە کە وەک  ئەمڕۆ لە دونیایا وا باوە کە بلیتی ستانداری سەفەرکردن بۆ کەسانی ژێر هەژدە ساڵ شتێک هەرزانترە ، جا ئایا ئەو سیستەمە بلیتەکەی بەهەشتیش  ئەگرێتەوە !! هەقی خۆیشێتی بەڕێوەبەر و موحاسیبەکانی سەفەرەکەی مزگەوتی بەهەشت ڕەچاوی ئەم تێبینیە بکەن...جگە لەوەش چ گرەنتیەک هەیە کە بەهەشت فول نابێ و جێی ئەو هەموو خاوەن بليتی مزگەوتی بەهەشت ئەبێتەوە و لە ئەگەری نەچوونە ژوورەوەی بەشێکیان زەمانەت چیە بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان یان هیچ نەبێ نیوەی چونکە وەک زانراوە بلیتەکە بۆ ئەم سەر و ئەوسەر نیە ، تەنیا یەک سەرە واتا بۆ بەهەشت بێ گەڕانەوە و باشترین چارەسەریش بۆ ئەم گرفتە ئەوە کە بلیتەکە کراوە بێ بە بێ دەستنیشان کردنی کاتی گەڕانەوە  ، ..
سەرنجێکی گرنگ ئەوەیە کە هەموو ئەزانین کە دونیای ئەمڕۆ گەندەڵی و قاچاغچێتی و تەزویر و فێڵ و فەرەجێکی زۆری تیایە ، ئایا هیچ ڕێگايەک ئەگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەهلی جەهەننەم و  مافیاکانی بلیتەکە تەزویر نەکەن و خەڵک نەپەڕەێنرەوە ئەوبەر..!! هەیشە ڕای وایە کە ئەوانەی ڕۆژی قیامەت بە گەرمای هاوین و سەرمای زستان سەرەیان گرتوە بۆ دوا بڕیار چۆن بەوە ڕازی ئەبن کەسێک بە شەش سەد و پەنجا دۆلار و بە بێ هیچ مەحکەمە و لێپێچینەوەیەک لە جەدەولی ئەعمالی بە کەماڵی ئیسراحەت خۆی بکا بە بەهەشتا ، کێ ئەڵێ خۆپیشاندان ڕوو نایات...!!
بە پێی شەرع  و ئوسوڵیاتی ئیسلام،  ژن " مێ " نیوەی کۆمەڵ نیە بەڵکو نیوەی پیاو" نێر"ە ، لە پرۆسەی شایەتیی و میراتیا دوو ژن حسابی یەک پیاوی بۆ ئەکرێ ، ئاخۆ بلیتەکەی بەهەشتی مزگەوتی بەهەشت ڕەچاوی ئەمەی تیایە چونکە بە پێی شەرعەکە ئەبێ دوو ژن یان مێ بە یەک بلیت بچنە بەهەشت ، بەڵام ڕەنگە لەبەر ئەوەی مەسەلەکە پارەیە گەر بکرایە ژن دووقاتی پیاوی لێ ئەسەنرا.!! 
گرنگترین پرسیار ئەوەیە کە لە کەم و کوڕیی سەفەرەکەی بەهەشت بە سپۆنسەری مزگەوتی بەهەشت سکاڵا لە کوردستان یان لە مەحکەمەی فیدڕاڵی تۆمار ئەکرێ..؟

14/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر