کولاندنەوەی برینەکان لەبەرژەوەندی کێیە؟

فارس نەورۆڵی
زۆربەی گەلانی جیهان بە قۆناغی شەڕی ناوخۆدا تێپەڕیون بەڵام نەگەڕاونەتەوە سەری، تەنها کورد نەبێت بەردەوام قاچێکی لەو زەلکاوەدایەو تێر ناخوات. لە یەک کوشتن و یەکتر سوککردن دوژمنانی کورد هەر هێندەی خۆمان ستەمیان لێکردوین بە مەرجێ ستەمی ئەوان بەهێزمان دەکات، بەڵام ستەمی خۆمان لە خۆمان هەڵیوەشاندوین.

سەیرکەن ئەوەی لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە یەکتری دەکەین سەد هێندەی تۆپ و فڕۆکەو کیمیایی و زیندانی دوژمن زیاتر کاریگەری نەرێنی هەیە، چونکە ئەم شەڕەی ناو میدیاو فەیسبوک و کولاندنەوەی برینەکانی مێژوو، گورزێکی گەورەیە لە فەرهەنگمان ،بەردەوام دەیبینین  چۆن دەڵێن لە فڵان شەڕ فڵان لایەن دڕندانە ئەمەی کرد بەردەوام وەبیری دێنینەوە و بۆ یەکتری دەڵێینەوە، لە کاتێکدا دەکرێت یادی ئەو برینانە بکەینە بنەمای لێپرسینەوەی ویژدانمان و بە خۆداچونەوەمان بەراورد لەتەک مێژووی گەلان وخوێندنەوەیان، کە چۆن ناکۆکییەکانی ناوخۆیان تێپەڕاندوەو کردویانە بە خاڵی بەهێزبون، نازانم بۆ ئەو هەموو شەڕە ناوخۆیانەی ناو مێژووی کوردمان لەبیر دەچێت چەندە شەهیدو چەندە ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا هێنا کەچی  لە بیرمان دەچێت.

نووسەرێک دەڵێت: ( هەموو شەڕە ناوخۆکانمان ناڕەوان، بەڵام هەموو قوربانییەکان شەهیدن) ئەگەر بەراوردی یەکتر کوشتنی گەلی جولەکەو گەلی کورد بکەین بە دەستی یەکدی مرۆڤی بە ویژدان شەرم دەیگرێت، ڕۆماننوسی جولەکە ( ئامۆز ئۆز) کاتێ مێژووی ئیسرائیل دەنووسێتەوە باس لەوە دەکات بە درێژای سەدساڵی ڕابردوو ژمارەی ئەو جولەکانەی کە بە دەستی جولەکەی دی کوژراون لە (٤٠) جولەکە زیاتر نین، واتە جولەکە بە درێژای یەک سەدە کەمتر لە٤٠ کەسیان لە یەکتر کوشتووە، بەڵام ئێمەی کورد لە کەمتر لە سەدەیەک لە نێوان دوو عەشیرەتماندا هێندە کوژراوە. ئەمە نهێنییەکەیە، کە گەورەترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە (٦٠) ملیۆن زیاتر دەبین نابینە دەوڵەت! کەواتە پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکەین لێرەوە داوا لە هێزە سیاسیەکان دەکەم کەوا ئەو ڕۆژە تراژیدیانەی ناوخۆ مەهێننەوە بیر گەنجان با ئەوانیش ئەو ڤایرۆسی ڕقە لێیان نەدات بەتەواوی وێرانیان نەکات. لە بیریشمان نەچێت کولاندنەوەی ئەو برینانە تەنها لە بەرژەوەندی دوژمنانی کوردو بازرگانانی شەڕدایە.

07/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر