دوو کانتۆن یان خولانەوە لەنێو بازنەیەکی داخراو

عادل عەلی
بەدەر لە رەهەندە نەتەوەییەکەی کە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت،چونکە ئاشکرایە گەر ئەوە دروست ببێت تەنها سروشت و مامەڵەیەکی کارگێڕی لەتەکدا دەکرێت نەک سیاسی و نەتەوەیی.هەر بۆیە دەرکەوتەو ململانێکان پێشبینی ئەوە ئەدەن بەدەستەوە کە هەرێمی کوردستان بەرەو دوو کانتۆنی کارگێڕی و فەرمانڕەوایی بڕوات...
ئەم خواستە کە هیچ هێزێک پڕ کێشی ناکات داوای بکات یاخود تەنانەت لەژێر لێویشەوە باسی بکات،لەراستیدا زەمینەی بابەتی و سروشتی هەیەو لە مێژە چارەسەرێکی راستەقینەی شاراوەیە لەدوای لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ بۆ ماوەی دە ساڵ لە هەرێمی کوردستاندا  دوو ئیدارە بوونی هەبوو لە زۆنی جیاوازدا کە هەردووکیان نێوی حکومەتی هەرێمیان هەڵگرتبوو بە کەمێک جیاوازی لە یاساو رێنمایی کارکردن.
خۆ ئەگەر بە ئینسافەوە بروانین وتێبینی بکەین پرۆسەی سیاسی و ئیدارییەکە لەوەی ئیستا باشتر بە میتۆدی بەراوردکاری...بەهەوڵی ئەو کاتی دۆستان دوای دە ساڵ هەردوو پارچەی حکومەتی هەرێم لەیەکدراونەوە بە پەلەپروزێ و بێ ئەوەی زەمینەیەکی مادی و زانستی بۆ فەراهەم بکرێت بۆ یەکگرتنەوە ..

ئەگەر تەماشای بارودۆخی سیاسی و یەکریزی و ئەوەی پێی دەوترێت ماڵی کورد زۆر تۆکمەترو هەماهەنگترو بگرە پۆشتە دریش بەرووی ناوخۆو دەرەوەشدا.تێکەڵکردنەوەو گرێدانەوەی هەردوو کانتۆنی حکومەت گەشەی بەو حاڵەتە پۆزەتیڤەی ماڵی کورد نەدا،بەڵکو زیاتر بەرەو ململانێی دورخەرەوە بردی تا کار گەیشتە ئەو هەلومەرجەی ئێستا کە هەیە...بەلەبەرچاوگرتنی واقیعی پەیوەندییەکانی هەنووکە بەگشتی چۆنیەتی بەرێوەچوونی پرۆسەکانی گفتوگۆ لە هەمبەر پێکهێنانی کابینەی نوێ و مامەڵەی هێزەکانی بەشدار لە بەغداو کەرکوک هەرێم و جیاوازی گەورە لە ئاراستە پێچەوانەکانی یەکتری ،زیاتر ئاماژەی دور کەوتنەوەیە نە نزیکایەتی و قبوڵکردنی جیاوازییەکان ،هەر بۆیە  لە هەموو کات زیاتر تاقانە چارەسەر بۆ ئەو پرسەو کۆی پرسەکانی دیکە دوو کانتۆنی ئیداری لەهەرێم زۆرتر زەقبۆتەوە..

دروستبوونی دوو کانتۆن لە دوو زۆنی جیاوازدا لەسەر تەرزی لامەرکەزی ئیداری هیچ زیانێکی نەتەوەیی نیشتمانی نیەو بگرە پێگەی هەرێم بەهێزتر بەوەی کە سەروو ئەو دوو کنتۆنە نوێنەرایەتی هەرێم دروست بکرێت وەک کۆمیسیۆنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم بەرووی دەرەوەدا..هەرچەندە هیچ شتێک رەها نیە بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت بۆ چارەسەری ریشەیی ل ئێستادا دروستکردنی دوو ئیدارەیە لەکوردستان کە پێویستە ئازایانەو راشکاوانە باس بکرێت نەک بۆ پیشاندان و کارتی فشار بەلکو بە واقیعی هەوڵی بۆ بدرێت.

19/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر