ئیسرائیل‌و فەلەستین: خوێندنەوەی فیکریی

د. سه‌ردار عه‌زیز

تێگەیشتن لە ئاستی فیکری ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین گرنگە چونکە ڕەهەندە فیکریەکەیەتی کە بنەمای ڕەهەندە جیهانیەکەیەتی. لە هەمانکاتدا دۆست و دوژمنەکان لە سەر بنەمای ڕەهەندە فیکرییەکەی وابەستە دەبن. دیارە ئەم نەخشە فیکرییە لە ئێستادایە، چونکە گۆڕانکاری زۆر بە سەر ڕەوتی فیکریی هەردولادا هاتوە.

یەکەم، ئیسرائیل لای ڕاستڕەوەی ئەوروپی، وەک وڵاتێکی عەلمانی و دیموکراسی دەبینرێت. بەڵام لای چەپ جیاوازە: جاران چەپ دۆست بوو، بە هۆی هەست بە گوناهکردن و هەروەها هاوشێوەیی بیری ئیسرائیلی و فەلەستینیەکان لە گەڵیاندا. پارتی کار کە ئێستا پارتێکی چەپی لاوازە لە ئیسرائیل، دامەزرێنەری ئیسرائیلە. بزوتنەوەی فەلەستینیەکان هەروەها جاران چەپ بوون.

دووەم، ئێستا چەپی ڕۆژئاوایی ئیسرائیل بە چەند شێوەیەک دەبینێت: یەکەم، وەک کۆڵۆنییەکی هاوردە، بۆ تێگەیشتن لەمە دوا کارەکانی مەحمود مەمدانی گرنگە. هەروەها هەندێک بە ئاپارتایدی ناودەبات یانی هاوشێوەی باشوری ئەفریقای جاران کە لە سەر بنەمای جیاکاریی ڕەگەزی حوکمدەکرا.

سێیەم، هەندێک چەپ حەماس و حیزاللە وەک بەشێک لە بزوتنەوەی چەپی جیهانی دەبینن چونکە دەچنە خانەی دژە ئیمپریالیزمەوە، دیارترینیان بیرمەندانی فیمینیستن، وەک جودیپ باتلەر.

چوارهەم، ناوەندە فەرمیەکانی ڕۆژئاوا  حەماس وەک تیرۆریست دەبینن. تیرۆریست یانی نەبونی هیچ پرسێک یان دیدێکی فیکریی بەڵکو توقاندن وەک ئامانج. ئەم پۆلنکارییە زیانی زۆری لە سروشتی پرسەکە داوە، چونکە مافی قسەکردن و نوێنەرایەتی و مرۆڤبونی لێسەندوەتەوە. ئەمە بە هەمانشێوە لە پرسی کوردانی باکوردا پیادە دەکرێت.

پێنجەم، بە هۆی هەڵکشانی ڕەوتی پۆست-کۆلۆنیالیزم، پرسی ئیسرائیل کەوتە ژێڕ ڕەخنەوە. ئێستا وەک جاران لە ناو کۆمەڵگادا پشتیوانی ناکرێت. ئەمەشە دەبینین بوار بە ڕەخنە لە ئیسرائیل دەدرێت لە کەناڵە فەرمییەکانەوە.

شەشەم، سەرزەمینی فیکریی لە ڕۆژئاوا زۆر جەنجاڵ و ئاڵۆزبوە. چەپ و ڕاست زۆر لە یەکتر نزیکدەبنەوە، بۆ نمونەی کەسێکی وەک هایدگەر لای چەپ و ڕاست و ئیسلامیش قبوڵە لە بەر دژایەتی بۆ ئەمریکا و تەکنەلۆجیا و مەیلی بون و ڕۆحانیەت. ئەمە لە بزوتنەوەی وەک پارێزەری شۆڕشگێڕدا دەیبینین. یان لە تیورەی ناڵی ئەسپ، بە مانایە کاتێک دوو ئاراستەی دژ توندئاژۆ دەبن، هەتا بێت زیاتر لە یەکتر نزیک دەبنەوە، ڕەنگە کەسایەتیەکی وەک هێربەرت مارکۆزە، نمونەیەکی باش بێت. ئەم سەرزەمینە هێندە دۆستی ئیسرائیل نیە. بەڵام تەکتیکیەن لە گەڵ بزوتنەوە ئیسلامیەکاندایە، کە لە کرۆکدا یان لە شوێنی جیاوازدا دژ بە یەکن.

حەوتەم، ئیسرائیل لە ناوەوە بەرەو فاشیزم و دینداریی و پشت بەستن بە هێز دەڕوات. ئەمەش وەهای لێکردوە دۆستەکانی لە سەر ئەم بنەمایانە هاوسۆزبن.

12/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر