کوشتنی ڕەزا موسەوی: ئایا سەرەتای قۆناغی پاش غەزە دەستیپێکرد؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە دوای قاسم سلێمانی، رەزا موسەوی دووەم کەسی باڵادەستە لە سوپای پاسداراندا کە دەکوژرێت. ئەم کوشتنانە هەمیشە زیاتر لە مانایەکی هەیە: لە کاتێکدا کەسەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، وەک میدیای نزیک لە باڵی ڕیفۆرمخوازەکانی ئێران ناوی دەبەن کە گوایە کەسی بەرپرسی پەیوەندی حیزب اللە و سوپای قودسە شام بۆیە کوشتنی بە مەبەستی لاوازکردنی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنیە لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا. بەڵام پەیوەندی حیزاللە و ئێران توکمەترە لەوەی کوشتنی کەسێک لاوازی بکات، هەرچەندە پایەی گرنگ بێت.

تریتا پارسی، لە خانەی بیری کوینسی، کە هەمیشە بە سودی ئێران لێکدانەوەکانی دەکات، وەهای دەبینێت کە کوشتنی موسەوی پەیوەندی بە ئێران و حوسییەکانەوە هەیە، بە تایبەی کاتێک کە حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیە ئیسرائیلیەکان چڕ کردوەتەوە لە دەریای سور.

هەروەها ئەو وەهای دەبینێت هەوڵێک بێت بۆ تێوەگلانی حیزب اللە و هێرشی زیاتر کردنە سەری. ئەمەش دەرخەری لایەنی سیمبولی و کاریزمایی موسەوییە.

بەو پێیە بەهانەکان هەرچیەک بێت کوشتنی موسەوی جگە لە هەوڵی لەناوبردنی کەسێکی کاریگەر ، ەیامیشە. 

ماوەیەکە ئیسرائیلیەکان لە سوریادا کرداری کوشتن ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەمە یەکەم جارە لە نزیک گۆڕی سەیدە زەینەب ئەم کارە دەکەن. 
لە ناو ئیسرائیلدا ماوەیەکە کە مشتومڕی ئەوە هەیە کە دەبێت جەنگەکە فراوان بکرێت. ئەمریکا لە گەڵ ئەم فراوانکردنەدا نیە، بەڵام ئیسرائیل ناتوانێت لە گەڵ ترسی ئەگەری چاوەڕوان نەکراوی تری وەک ئەوەی غەزەدا بژی بە ئاسانی. 

بۆ تێگەیشتنی قوڵ لەم پرسە دەبێت لەو پاشخانەوە دەست پێبکەین کە ئەمریکا نایەوێت لە ناوچەکە تێوە بگلێت، بۆیە دەخوازێت پرسەکان سنوردار بکرێن و گەورە نەبن و خێرا کۆتاییان پێ بهێنرێت، بەڵام ئەمە تەبا نیە لە گەڵ بەژەوەندی و دیدی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی ئیسرائیل و کەنداو. ئەم ناتەباییە هۆکاری زۆری گرژی و نزیکبونەوە و شەڕەکانە.

ئایا ئیسرائیل دەیەوێت هەتا ئەمریکا ماوە وەک پشتیوان نەیارەکانی لاواز بکات، یان لە شەڕی داهاتوو بۆ زاڵبون بە سەر ناوچەی کەنداودا  یاریکەرێکی سەرەکی بێت لە ململانێکەدا؟

بە هۆی دینی بونی خەڵکی ئیسرائیلەوە، ئیسرائیل لە داهاتودا لاواز دەبێت چونکە خەڵکە دینیەکان تەنها تەورات دەخوێنن نەک هۆشمەندی زیرەک کە ئیسرائیل پێویستی پێیەتی. گەرچی لە شەڕیدا دژ بە ئێران هەموو سوننە پشتیوانی ئیسرائیل دەبێت، بەڵام تورکیا وڵاتێکە کە لە ڕوی سەربازی و دەریاییەوە بەهێز دەبێت و بە تەواوی نازانرێت کە لە داهاتودا بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات.

لە ئێستادا باس لە شەڕێک دەکرێت کە هەر ئەوەندەی ماوە دەست پێبکات، ئەم جۆرە کوشتنانە ئەم دەست پێکردنە نزیک دەکاتەوە. بەڵام ئێران خۆی ناخاتە جەنگەکەوە بە ڕاستەوخۆیی، بۆیە عێراق لە هەموو شوێنێکی تر زیاتر پاشان هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر ڕۆژئاڤا، دەبنە مەیدان.

27/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر