ئێران و ئیسرائیل: بەرە و کوێ

د. سه‌ردار عه‌زیز
دوێنێ شەو ساتەوەختێکی ناوازە بوو لە ناوچەکە. لە سی ساڵی ڕابوردودا ئێران هەوڵیداوە ڕاستەوخۆ نەبێت بەشێک لە جەنگەکان، بەڵام ناچارکرا، بە بەشداریی. ئێرانییەکان یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی هێرشەکەیان ئەوەبو کە چۆن زەمینەی تۆڵەیەکی سنوردار بدۆزنەوە و کۆتایی بە دڵەڕاوکێ ستراتیژییەکەیان بهێنن.

ئێران خێرا پاش هێرشەکان ئەوەیان ڕاگەیاند کە کۆتایی هات. لە هەمانکاتدا ئەمریکا دەخوازێت کە کۆتایی پێ بهێنرێت، بەوەی کە بایدن داوای لە نەتانیانهو کردوە کە وەڵام نەداوە.

لە بەر بنەمای ئەم پێودانگە. دەکرێ هەڵوێست و دۆخی هەر سێ ئەکتەرە سەرەکیەکە و ئەکتەرە ناوەنجییەکان هەڵبسەنگێنین. سێ ئەکتەرە سەرەکیەکان بریتین لە ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا.

ئیسرائیل

ئامانجی نەتانیاهو ئەوەبو کە ئێران بهێنێتە ناو جەنگەکەوە. هەروەها ئەمریکاش بکات بە بەشێک لە شەڕەکە. ئیسرائیل وەک مناڵێکی نازکێشراوی، بێزاری ئەمریکیە. ئەمریکا ناتوانێت پشتیوانی ئیسرائیل نەکات، بەڵام حەز ناکات ئیسرائیل دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات. 
ئامانجێکی تری ئیسرائیل ئەوەبو کە وڵاتانی ناوچەکە لە جەنگەکە بەرامبەر ئێران تێوەبگلێنێت. دوێنێ شەو ئوردون شەوێکی پڕ لە ترسی بەڕێوەبرد. وڵاتانی کەنداو بە چاوی خۆیان بینیان کە توانای ئێران چەندە و ئەگەر هەمان تەکنەلۆجیای ئیسرائیلیان نەبێت، ئەوا لە  ژێر ڕەحمەتی ئێراندا دەبن.

ئیسرائیل ناتوانێت وەڵام نەداتەوە، چونکە ئەوان وەها بیر دەکەنەوە، وەڵام نەدانەوە وەک لاوازی دەبینرێت، لاوازیش سەر دەبڕدرێت نەک ڕێزی دەگیرێت. دۆخی کوردستان لە عێراق بەڵگەیەکی ڕونی ئەم بیرکردنەوەیە. 

ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە. چاوەڕوانکراو بوو هەندێک ڕۆکێت بگاتە ناو خاکی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی بەڵگە بۆ هێرش کردنە سەر ئێران، بەڵام زۆرینەی نەگەشتە سەر ئیسرائیل. 

ئێران

ئێران ناچاربوو. ئێستا بە هیوایە، دۆخەکە بگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی. لە هەمانکاتدا ئێران ئەوەی بۆ دەرکەوت کە سەرباری زۆری چەک و تەقەمەنی هێشتا لاوازە بەرامبەر تەکنەلۆجیای ئیسرائیل و ڕۆژئاوا. ئەمە لە هەمانکاتدا کێشەیە بۆ حیزب اللە، کە سەرباری چەک و تەقەمەنی توانای زیان گەیاندنی بە ئیسرائیل سنوردارە. 

ئێران بە ئاستێکی زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا وەڵامی دایەوە، هەرچەندە ئەم هەوڵانە شکستی هێنا، بەڵام کۆمەڵێک شتی دەرخست، هەبونی خەزێنەی زۆری درۆن و ڕۆکێت. 

ئێران ئێستا چاوەڕێی ئیسرائیلە. هەرچەندە ئەوەی بە ئەمریکاییەکان گەیاندوە کە کۆتایی بە هێرشەکەی هێناوە. 
ئێران بۆی دەرکەوت سەرباری ئەوەی لە غەزە دەگوزرێت، ئیسرائیل تەنها نیە، نەک ڕۆژئاوا بەڵکو وڵاتانی عەرەبیش لە گەڵدایە. یان ڕەفتاری ئێران وەهایکردوە.

ئەمریکا

دوو ئەمریکا هەیە. یەکەم، ئیدارەی بایدن کە سیاسەتی کورت خایەنی هەیە. بەڵام ئەمریکا وەک وڵات خاوەن ستراتیژی درێژخایەنی خۆیەتی. 

بایدن دەخوازێت لەوە زیاتر گەورە نەبێت، هەر زوو کۆتایی پێ بهێنرێت. ئەمریکای دەوڵەت دەخوازێت ئێران لاوازبێت بەڵام نەکەوێت، چونکە زیاتر پشێویی دروست دەکات. بەڵام ڕێگری لە کەوتنی ناکات. 

دەرئەنجامەکان

ئێران و ئیسرائیل ڕاستەوخۆ ڕوبەوڕو بونەوە.
غەزە  بە جۆرێک لە جۆرەکان دادەپۆشرێت.
نەدەبوو بۆ ئیسرائیل پاش غەزە ئێران بە بێ لێدان بەجێبهێڵێت.
ئیسرائیل هاتەوە ناو هاوپەیمانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی لە ڕێگای ناچارکردن و هێزەوە.
ئیسرائیل وەڵامی دەبێت و ڕەنگە ئەم دۆخە بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان. 

14/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر