چۆن کوردی باشور کۆتایی هات؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

لە چەند ساڵی رابورودا پرۆسەیەکی چڕی هەمەلایەن لە لایەن سیخوڕ و گەمژەی بە سود و داخ لە دڵ و کەمئاگا بە خەستی بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی سود لە گەندەڵی و خراپی حوکمڕانیی و شەڕی ناوخۆ و نامۆدێرنی دەسەڵاتی باشور ببینرێت بە مەبەستی ئامانجێکی جیاوازتر و گەورە تر.

زیاتر لە دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوپێش ستراتیژیستی گەورەی چینی سەن تزو ڕوانگەیەکی داڕشت کە هەتا بێت کاریگەری زیاتر دەبێت. بەلای ئەوەوە شەڕ ئەوە نیە ڕوبەڕوی دوژمنەکەت ببیتەوە  ڕوبەڕوو بەڵکو چۆن لە ناوەوە دەیگەنێنیت. ئەم پرۆسەیە لە لایەن زۆربەی زۆری دەزگا و ناوەندە سیخوڕییەکانی دونیاوە پیادە دەکرێت. لە سەردەمی ئەمڕۆدا بە هۆی گەشەی تەکنەلۆجیاو گەیشتنی ئەو تەکنەلۆجیایە بە هەموان و لە ڕێگایەوە گەیشتی زانیاری بە هەموان، جەنگی نازانیاری یان زانیاری هەڵە یان چەواشەکاریی بوەتە کارێکی ئاسانتر. ئەمڕۆ بە ئاسانی خەڵکانێکی زۆر دەخزێنرێنە نێو دونیایەکی ئڵۆزی دروستکراوی ئاراستەکراوەوە. هیچ کاتێک هەستم بەچڕی ئەم دونیایە نەکرد هێندەی کە کتێبەکەی مایک رۆپچایلدم خوێندەوە، دەربارەی دروستبونی  گروپی Qanon لە ئەمەریکا. گروپێکی ڕاستەڕەوەی توندڕەوی ترەمپ-دۆست.

بەم جەنگە دەڵێن شەڕی دەرونی یان disinformation. بەکورتی چۆن سود لە قەیرانەکانی خەڵکانێک دەبینیت بۆ ئاراستەکردنیان بەو ئاراستەیەی کە دژ بە بەرژەوەندی خۆیانە و بە سودی تۆیە، بەڵام خۆیان لە پێچەوانەکەی تێگەشتوون. بەو مانایە خۆیان وەها دەزانن کە تۆ فریادەرەسیت، چونکە تۆی فریودەر وونیت.

کەس هێندەی کۆنە سیخوڕی کەی جی بی یوری بێزمینۆڤ ڕاشکاوانە دەربڕی ئەم گەمەیە نیە. یوری باس لە ئەوە دەکات کە چۆن بڕی زۆری کاری دەزگای سیخوڕی سۆڤیەت بۆ ئەوە بوو کە چۆن گەلان لە ناوەوە ڕوسوا بکات. ئەم پرۆسەیە بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت: قۆناغی یەکەم، کە درێژخایەنە و زەمینەسازە قۆناغی نەهێشتنی ورە یان کەسایەتی کەسەکانی ناو کۆمەڵگایە. ئەم پرۆسیە کاتێک دەگاتە لوتکە کە زۆرینەی خەڵک یان نەوەیەک لە کۆمەڵگا گەورە دەبن لە سایەی ئەم جەنگە دەرونییەدا و تێڕوانییان بۆ واقیع بە تەواوی گۆڕاوە، یان مێشکیان بە جۆرێک شۆراوەتەوە کە جارێکی تر بە ئاسانی ناتوانن واقیع هەست پێبکەنەوە. 

بیزمینۆڤ دەڵێت تێکشکانی ڕۆح یان نەمانی باوەڕ بە خود، (دیمۆراڵەیسەیشن)، پرۆسەیەکە بە کە بە ئاسانی ناتوانرێت بۆ دواوە بگەڕێنرێتەوە. لە دۆخی وەهادا چیدی ڕاستی و حەقیقەت و واقیع هیچ بەهایەکیان نیە، سەلماندن و دۆکیومێنت و بەڵگە هیچ کاریگەرییەکی نیە. کاتێک ئەم دۆخە فەراهەم دەبێت، قۆناغی دواتر قۆناغی دروستکردنی ناسەقامگیرییە. کە زۆر کەمتر لە قۆناغی پێشووتر دەخایەنێت. لەم قۆناغەدا بنەما سەرەکیەکانی گەلێک دەکرێنە ئامانج: وەک ئابوری، پەیوەندییەکان، سیستەمی بەرگریی. پاش ئەمە قۆناغی سێیەم دێت کە قۆناغی قەیرانە. کە قەیران دروست دەبێت زەمینەدەسازێت بۆ دەستوەردانی ئەوانیتر بۆ ئاساییکردنەوە. لەم قۆناغەدا ئیتر وڵات لە ئاستی ناخی کەسەکان، دونیابینییان، پاشان ژیانی رۆژانەیان بە تەواوی دەستی بە سەرا دەگیرێت. 

لێرەدا دوو پرۆسە لە ئارادایە، یەکەم، مێشک شۆردنەوە، دووەم، وەرگرتنی ئەو زانیاریانەی کە لە مێشکشۆرەکانەوە دێت. یەکەمیان دس-ئینفۆرمەیشنە، دووەمیان، مسئینفۆرمەیشنە. هەمیشە هەردوو پرۆسەکە لە ئارادان. هەروەها پرۆسەکە بە ڕاستەوخۆیی و ناڕاستەوخۆیی بەڕێوەدەچێت، لە لایەن سیخوڕ و گەمژەی بە سودەوە. [چەمکی گەمژەی بە سود، بە گشتی دەوترێت کە لینین دایڕشتوە، بەڵام لە ڕاستیدا، کۆمیدیاکەرێکی ئیتالی دایهێناوە، مەبەست لێی ئەو نیمچە ڕۆشنبیرانەن کە باوەڕیان پێدەهێنرێت بە کۆمەڵێک شت کە بەرنامەی خەڵکانێکی ترە، بەڵام ئەوان وەها دەزانن بەرنامە و دونیابینی خۆیانە].

دۆخی داڕمانی تاکی کورد، پاشان ئەگەری داڕمانی سەرجەم پرۆسەکە بە چەند قۆناغێک بە ڕێوەچوو. قۆناغی یەکەم، هەردوو یەکێتی و پارتی نەیانتوانی جۆرێک لە سیستەمی سیاسی دابڕێژن کە لە خۆگربێت، بەو مانایە هەوڵی ئەوە بدات کە چۆن کۆمەڵگا لە خۆی بگرێت، ئینکلوسیڤ. بەڵکو ئەو گرێ دەرونیی و دەزگایی و ئاگاییانە کە لە سەردەمی پێشوترەوە هەیانبوو درێژەیان پێدا. ئەم دۆخە بە دەست گرێی دەرونی و شەخسی و کەمی ئاگایی و ترس لە زانیاری و ڕکەبەری ئەویتری باڵ و شەخسی دەیناڵاند و دەناڵێنێت.

ئەم قۆناغە لە لایەن کۆمەڵگای کوردییەوە بەرگریی لێنەکرا، بەڵکو بە زۆری قبوڵکرا، لە بەر نەبونی زانیاری و ئاگایی و دەزگای نوێ و ڕێگەپێنەدانی.

نەبونی توانای دەستنیشانکردنی گرێکان و هەوڵدان بۆ چارەسەریی بەردەوامی دا بە هەڵە بە دوای هەڵەدا. ئەمە دەرفەتێک بوو بۆ هێزە ئیقلیمیەکان بۆ ئەوەی لە ڕێگایەوە ئیدارەی هەرێم بدەن وەک جێگایەک کە هەرگیز نەتوانێت بە سەر کێشە سەختەکانیدا سەرکەوێت. ئەمە لە شەڕی ناوخۆدا بە چڕی دەستی پێکرد. کاتێک لە ١٩٩٨ ڕێکەوتنی واشنتۆن دەکرێت، تورکیا جەخت لە سەر دوو زۆنی هەرێم دەکاتەوە. ئەم جەختکردنەوەیە بە نیازی پەرت بکە و زاڵبە بوو. سیاسییەکانی هەرێم، ئەمەیان پێخۆش بوو چونکە بەلای ئەوانەوە حوکمداری یانی ئەوەی کە ئەوان حوکمداربن، نەک بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگا. 

قۆناعی دوای ئەمە قۆناغی کرانەوەیە. کۆمەڵگای کراوە، ئەگەر ئامادەنەبێت بۆ کرانەوەکەی ئەوا کرانەوەکەی دەبێتە مایەی هەڵوەشانی. بەڵام ئەگەر ئامادەبێت ئەوا بە پێچەوانەوە دەبێتە مایەی بەهێزیی. بەڵام کۆمەڵگای کوردی ئامادەنەبوو بۆ کرانەوە، چونکە خەسڵەتی کرانەوە، بەو جۆرەیە کە ئەگەر لە هەناوی خۆتدا هێز و چوارچێوەکانت نەبێت بۆ ئەوەی لە گەڵ ئەوەی دێت مامەڵە بکەیت، ئەوا بە ئاسانی دەبیتە نێچیریی ئەوانیتر.

کورد نە خاوەن کەلتورێکی وەها پتەوبوو کە بتوانێت بەرگەی ئەمە بگرێت نە دەزگاکانی نوێی وەک زانکۆ و میدیا و ڕۆشنبیرانی هێندە تۆکمەبون کە بتوانن مەتەرێزێکی وەهای بۆ درست بکەن هەتا بتوانێت خۆی بە دونیا دەوڵەمەند بکات. بۆیە بوو بە بەرخۆری دونیا نەک سودمەندبوون لێی. 

دیارە هەندێک هۆکاری تر پاڵنەری گەورەبوون بۆ ئەمە. یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکان بەشاربونی خێرای کۆمەڵگای کوردییە. ئەم پرۆسەیە مرۆڤی کوردی لە زۆر ڕەگی دابڕی و بە هەندێک ڕواڵەتی ڕوکەشی ناساند. بەڵام بەبێ بونی توانای جوڵەی خێرا. لێرەدا چەمکێکی دۆلۆزی هەیە کە ڕایزۆمە، بە مانای کشان بە سەر ڕوکەشدا بەبێ بونی ڕەگ، بەڵام ئەمە بۆ مرۆڤی کورد سەختە بەرجەستە بێت. ئەو جەدەلەی لە نێوان داربون و هەرێزبوندا هەیە لێرەدا جێگای بایەخە. دار ئەو بونەوەرەیە کە ڕەگی هەیە، لە جێگای خۆیدایە، کاتێک ڕەگەکانی دەچنە قوڵایی و تاریکی خاک، پەلەکانیشی لە شینایی ئاسماندا پەلوپۆدەکەن. بەو مانایە هەردوو پرۆسەی ئازارچەشت و چونە قوڵایی و پەلکشان و چونە پانتایی هەیە. بەڵام مرۆڤی شاریی لەم ئەزمونانە دادەبرێت، ئەگەر سیستەمی نوێ نەبێت ئەوا لە دونیایەکی شلی هەمیشە گۆڕاودا توشی دڵە ڕاوکێ دەبێت. [بۆ ئەم پاشخانە لە ئاستی ئەوروپادا کە کەسێکی وەک کارل مارکسی تیادا دروست دەبێت، تێگەیشتن لە پەیڤە شیعرییەکانی ناو مانیفێستی کۆمیونیزم بە سودە]. شار پانتایی شل بونەوەیە. ئەمەش هۆکاری ئەو دوفاقیەیە کە ئەمرۆ دونیای کوردی بە دەستیەوە دەناڵێنێت، لە لایەک دەیەوێت لە هەموو نوێیەک سودمەندبێت لە لایەکی تر لە هەموو نوێیەک دەترسێت، بۆیە دینداریی توندی تیک-تۆکی بەرهەم دێت.

کە خەڵکی کورد پەرتبون و هەڵەی گەورەیان کرد و ڕەگیان نەما و بە ئاسانی کرانەوە لە بەرامبەر ئەوانیتردا، ئەوا بوون بە نێچیری پرۆسەی مێشک شۆردنەوە. ئەم پرۆسەیە ئەمڕۆ لە ئاستێکدایە کە کورد بڕوای وەها نیە کە دەتوانێت خۆی خۆی ڕزگار بکات، هەر گروپێک فریادەرەسێکی بۆ دیاری دەکەن. هەموو هێزە کوردیەکان بڕوایان وەهایە ئەگەر پشتیوانێکی دەرەکیان نەبێت نامێنن. 

کۆمەڵگای کوردی لە دۆخێکی ئاڵۆزی داڕماندایە. دۆخێک کە ناتوانێت وێنای دونیایەکی جیاوازی پێ بکرێت. هەموان بە ڕازی و ناڕازی هەوڵی درێژەپێدان بە یەک مۆدێل دەدەن. ئەوەی بەغداییە، تارانی، هەولێریی یان ئەنکەرەیی هەموو هەر هەوڵی ئەوە دەدەن پەیمانی ئەوە دەدەن کە ئەوەی هەیە وەک خۆی لێبکەنەوە و درێژەی پێبدەن. لە کاتێکدا هەموو دەبوو لە ئەوە بە ئاگابن کە ئەوەی هەبوو تێپەڕیی. جیاوازی نێوان کۆمەڵگای خاوەن کەلتور و کۆمەڵگای بێکەلتور ئەوەیە کە کۆمەڵگای بێ کەلتور لە بەردەم قەیرانەکاندا دادڕمێت یان دەبێتە نێچیرێکی ئاسانی هێزەکانی تر، بەڵام کۆمەڵگای خاوەن کەلتور لە بەردەم قەیراندا فێری نوێ و داهێنان و بەرگریی و بەرخودان دەبێت.


14/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر