ئۆراسیا و شوناسی کوردی!

د. سه‌ردار عه‌زیز

ئۆراسیا چەمکێکی زێدە ئاڵۆزە: چەندێک بیری لێدەکەمەوە، هێندە زیاتر لێم ئاڵۆز دەبێت. بۆ تێگەیشتن لە چین تێگەیشتن لە ئۆراسیا پێویستە. نازانم چەندێک باس لە ئۆراسیا کراوە لە دونیای کوردیدا، بەڵام کورد لە هەناو و پەراویزی ئەم دونیایەدایە.

مەبەستم نیە لێرەدا زۆر بڵێم. ئەم نوسینانە تەنها یادەوری نوسینی ترن.

ئۆراسیا سەرەتا ڕەنگە وەک چەمکێکی جوگرافی دەرکەوێت. جوگرافیا ڕەنگە وەها دەرکەوێت کە بوارێکی بێگوناهە، بەڵام ئەمانە هیچی وەها نین. لە روی جوگرافیەوە ئۆراسیا دیارنیە. ئایا مەبەست لە ئۆراسیا ئەو پانتاییەیە کە ئاسیا و ئەوروپا پێکەوە دەبەستێت، یان مەبەست لێی ئاسیا و ئەوروپایە، یان هیچکامیان؟؟؟

لە روی جوگرافیەوە قوتابخانەی جیاواز هەیە. بەڵام ئۆراسیا چەندێک جوگرافیە هێندە بەهاییە. بەهایی بەمانای دەربرە لە جوگرافیا بەهاکان. ئۆراسیا لە دیدی ئەوروپیەکانەوە بریتیە لە ئەو پانتاییەی کە ڕەنگە ئەوروپابێت، بەڵام ڕۆژئاوا نیە. کەواتە، جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوروپا و ڕۆژئاوادا. ئەمە لە تورکیا و هەتا ئاستێکی زۆریش لە گەڵ ڕوسیادا بەرجەستە دەبێت. ئەمەش وەها دەکات کە وڵاتانی ئۆراسیا، پەیوەندییەکی ئاڵۆزیان هەبێت لە گەڵ ئەوروپادا. لە پێشەکی کتێبی دوو ئەوروپادا باسی ئەمەم کردوە.

بەڵام هەرکە ئۆراسیا دەوترێت، خێرا جیوپۆلەتیک وەبیر دێتەوە. وەک چەمکێکی جیوپۆلەتیکی ئۆراسیا چەندین رەهەندی هەیە. لە جیوپۆلەتیکی ئەنگلۆساکسۆندا هەر لە ماکندایەرەوە هەتا برژنیسکی ئەم پانتاییە نابێت پشتگوێ بخرێت و بەبێ کۆنترۆڵی ئەم پانتاییە ناتوانرێت دونیا کۆنترۆڵ بکرێت.

ئەمە بە جۆرێکی تر لە جیوپۆلەتیکی ئەڵمانی و ڕوسیدا دەردەکەوێت. کارل شمت دەقێکی بەناوبانگی هەیە بە ناوی دەسەڵاتی وشکانی و دەسەڵاتی ئاوی، چونکە خۆی ئەڵمانە و ئەڵمان زیاتر خۆیان بە هێزێکی وشکانی دەبینن، ئەوا شمت وشکانی بە باڵاتر دەبینێت لە ئاوی. دیارە دەسەڵاتی ئاوی یانی بەریتانیا و پاشان ئەمریکا. لێرەدا بۆ کورد گرنگە کە جیوپۆلەتیکی بیرکردنەوەی ئەم دەقانە بزانێت. هەموو کاتۆلیکە ئەڵمانەکان دژە ئەمریکین.

 

ئەمە ئێستا لای ڕوسەکان بەرهەم دێتەوە لە دژایەتی هارتلاند، کە یانی دەسەڵاتی وشکانی، لە گەڵ ڕملاندا کە یانی دەسەڵاتی کەناراو. سەرجەم تێزەکانی ئەلکسەندەر دوگان لە سەر ئەم دیدەیە.

چین ئێستا ئۆراسیای خۆی بونیاد دەنێت لە ڕێگای ئەو ڕێگایانەی کە بە ئاسیای ناوەند و ئۆراسیادا دروستیان دەکات. چین وەک ڕوس و تورک و ئەوانیتر نیە خۆی خاوەن شارستانیە.

شایانی باسە تێزی داودئۆغلۆش تێزێکی ئۆراسیاییە بە ئیمتیاز.

لە نێو ئەم تیزە جیاوازانەدا بۆ دونیای دەوری ئێمە، ئێمە چی بەرهەم دەهێنین جگە لە ڕەخنە یان بیالامەعنا جنێو!


15/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر