لە ستایشی لامەرکەزییدا

د. سه‌ردار عه‌زیز

هەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستیان بە لامەرکەزییە. هەموو زلهێزەکان و ناوەندە جیهانییەکانیش ئەمە دەزانن و هەوڵدەدەن کە فەراهەمی بکەن، بەڵام کوردیش و عێراقییەکانیش لێی دەترسن. لە روی جیوپۆلەتیکەوە، بۆ ئەوەی ڕێگەر لە دوو دیاردەی زۆر بڵاو بگیرێت لە عێراقدا، لامەرکەزی پێویستە، ئەوانیش دیکتاتۆریەت و شەڕە. ئەوەندە باسی عێراق ناکەم.

بەڵام دۆخی کوردستان پێویستی بە جۆرێکی جیاواز لە لامەرکەزییە. لە خوارە بە کورتی سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشم.

یەکەم، بۆ ئەوەی لامەرکەزی لە هەرێم وەڵامی مەرکەزییەتی هەرێم بێت، ئەوا دەبێت لامەرکەزی وەها دابڕێژرێت کە سیستەمەکە بگۆڕێت لە ناوەندێتییەوە بۆ ناناوەندێتی. ئەمە پێویستی بە تێگەیشتنە لە هەردوو سیستەمەکە، ئەم تێگەیشتنە ئێستا لە ئارادا نیە. هەرکارێکیش بەبێ تێگەیشتن بکرێت، شکست ئەنجامی دەبێت.
دووەم، دەبێت هەیکەلی ئیداری هەرێم سەرتاپای هەڵوەشێتەوە، نابێت پارێزگا بمێنێت، ئەم دیدەم لە میانەی گفتوگۆیەک لە گەڵ هاوڕێم د. شێرکۆ کرمانج بۆ گەڵاڵە بوو. هەرێم دەبێت ببێت بە ٨تا ١٠ یەکەی نیمچە هاوبەش، کە بتوانن بەرپرسیارێتی ئیداری و دارایی خۆیان بگرنە ئەستۆ و لە پەیوەندییەکی کێبڕکێی یەکترتەواوکەردابن لە گەڵ یەکتردا، بە هاوکاری و سەرپەرشتی ناوەند.

سێیەم، بۆ ئەوەی ناناوەندێتی هەبێت دەبێت، ناوەند بگۆڕێت. هەندێک بوار هەیە دەبێت زیاتر ناوەندی بکرێت، وەک پێشمەرگە، ئاسایش، دادوەریی و بواری تریش
چوارهەم، دەبێت سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێم بگۆڕدرێت بۆ سیستەمی تێکەڵ. بەڵام لە بونی لامەرکەزیدا هەرێم پێویستی بە ژورێکی ترە لە پەرلەمان کە نوێنەرایەتی یەکەی جوگرافی بکات، نەک تاک.

پێنجەم، ئابوری سامانی سروشتی بە سروشتی مەرکەزییە، بۆیە دەبێت ئەم بوارەش بکرێتەوە و بگۆڕدرێت.

شەشەم، لامەرکەزی تەنها باش نیە، لایەنی خراپیشی هەیە، بۆ نمونە هەموو یەکە جوگرافییەکانی وڵات وەک یەک خاوەنی داهات نابن، چونکە سروشت بە دادپەروەرانە دابەش نەبوە، بۆیە دەبێت یەکەیەکی هاوسەنگکەر هەبێت لە نێواندا، کە ناوەندە، لە ڕێگای بونی بانکی تایبەت بۆ ئەو بوارە.

حەوتەم، دەبێت ئەم پرۆسەیە بە قۆناغ و زانستیانە بکرێت.


16/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر