دەربارەی ئەمریکای بایدن

د. سه‌ردار عه‌زیز



جاران کورد حەماسەتی زۆربوو بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. ئێستا پرسەکە وەها نابینرێت. ئایا ئەم بایەخپێنەدانە دەرخەری چیە؟ لە کاتێکدا ڕۆڵی ئەمریکا لە گەڵ کورددا، فراوان و زیاتر بوە؟ ئایا کورد بێتاقەت بوو لە ئەم هەموو سەرکردە نوێیە؟ یان ئیدارەی ترەمپ هەموو دۆخەکەی گۆڕی؟ یان سەرقاڵی ئەمریکا بە خۆیەوە، وەهای لێکردوە سیحرەکەی جارانی نەمێنێت؟.

 
نەوەی کۆنی سیاسی کوردی دیدێکی پیلانیان هەبوو بەرامبەر ئەمریکا. مەبەستم لە دیدی پیلانی ئەوەیە کە ئەمریکا دەتوانێت هەموو شتێک بکات و هەرشتێک ئەمریکا نەیەوێت ناکرێت. ئەم دیدە ڕەنگە لای نەوەی نوێ نەبێت. لە هەمانکاتدا ئەمریکا ئێستا وەک جاران وڵاتێکی دووری نەزانراونیە، ئەمەش وەهایلێکردوە کە لای خەڵکی سیحری کەم بێتەوە.

 
بەڵام وەک زۆر لە جیوپۆلەتیستە ناسراوەکان جەختی لە سەر دەکەنەوە، گەر بتەوێت لەم سەدەیە تێبگەیت دەبێت چاودێری سیاسەتی ئەمریکی بکەیت.
ئەوەی ئەمڕۆ لە دونیادا دەگوزەرێت: یان ڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی ئەمریکیدا دەگوزەرێت یان لە ئەنجامی ئەو بۆشاییەی کە ئەمریکا دروستی کردوە. بۆ کورد ئەمریکا لە سی ساڵی رابوردودا گرنگ بوەوە و ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک بە سەر هەڵوێست و پێگە و ڕۆڵیدابێت لە ناوچەکە، ئەوا کاریگەری دەبێت لە سەر کورد لە هەموو ساتێکی تر زیاتر لە مێژودا.


هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریکا لە چەند رویەکەوە جیاوازە، یەکەم، لە ساتەوەختێکی تەواو تایبەتدا ڕودەدات.، بە هۆی کۆرناوە. دووەم، ئەمریکا لە هەموو ساتێکی تر زیاتر سەرقاڵی خۆیەتی. سیێەم، جەمسەرگیریی لە ئەمریکادا گەشتوەتە ئاستێکی بێوێنە. چوارهەم، دونیا وەک چەند دەیەی ڕابوردوو نیە کە ئەمریکا یەکەمی بێ ڕکەبەر بێت.

 
ئێستا دوو کەس کاندیدن بۆ سەرۆکایەتی، وەک کومیدی ناسراو ترێڤەر نوا ووتی: بە هەردوکیانەوە نزیکەی ٢٠٠ ساڵ تەمەنیانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لاوانی ئەمریکی لە هەموو ساتێکی تر زیاتر سیاسی ترن و ئەوە نەوەیەی کە لە دوو هەزارەکان لە دایکبوە، گروپێکی خاوەن دید و دونیابینی تایبەتن.

 
هەردوو کاندید بۆ خەڵكی کورد ناسراون. ڕەنگە ئەمەش هۆکارێکی تری کەمتەرخەمی بێت، بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. دۆناڵ ترەمپ بە ڕای زۆرینەی ئەوانەی ڕایان لە سەری هەیە کەسێکی دیماگۆجە. دیماگۆج ئەو کەسەیە کە پەنا دەباتە بەر وروژانی هەست و سۆزی ئەوانیتر بۆ ئەوەی بە سەریاندا زاڵ بێت لە بڕی پەیوەندی و مامەڵەی عەقڵانی.

 
هەرچەندە لە بنەڕەتدا دیماگۆج بەمانای جۆرێک لە کەسایەتی نەدەهات، بەڵکو تەنها شێوازێکی مامەڵەی سیاسی بوو. بەڵام ئەمڕۆ زیاتر بۆ جۆرێکی تایبەت لە سیاسی بەکاردێت. لە هەمانکاتدا دیماگۆج هەمیشە ئەو دۆخە بوە کە ئەوانەی ڕەخنەیان لە دیموکراسی هەبوە، وەک چەمکێک بەکاریانهێناوە بۆ ڕەخنەکردنی دیموکراسی. چونکە دیموکراسی مامەڵەیە لە گەڵ جەماوەردا، ئەوا دیماگۆج، هەمیشە مەترسییە، بە تایبەتی لە سەردەمێکدا کە ووتنی ڕاستی بوەتە عەیبە. دونیای سیاسەتی کوردی پڕیەتی لە دیماگۆج، خەڵکانێک کە وروژان و سۆز و لە خشتەبردن بەکاردەبەن بۆ گەیشتن بە مەبەستیان.

 
کۆتایی هاتنی دیماگۆجیەت، ڕەنگە یەکەم گۆڕانکاری بێت لە دۆخی سیاسەتی ئەمریکیدا، ئەگەر بێتوو جۆ بایدن هەڵبژاردنەکان بباتەوە. بایدن خاوەن کەسایەتیەکی تراژیدیە. تەمەنی کاری سیاسی نزیکەی نیو سەدەیە. ترەمپ بە بایدنی خەواڵو ناوی دەبات. نەک هەر ئەو، هەندێک لەوانەی کە لێشیەوە نزیکن وەهای وەسفی دەکەن کە بەباشی شتەکانی لە بیر نیە. بایدن لە سەروی حەفتا ساڵەوەیە. لە تەمەنی سیاسیدا چەندین جار شکستی هێناوە بەڵام ڕەنگە ئەوەی زیاتر کاریگەری لە سەری دانابێت ژیانی خێزانییەتی. جۆ هاوسەرەکەیی و دوو منداڵی لە تەمەنی منداڵیدا لە دەست دا. ئەمەش وەهای لێکرد کە هەموو ڕۆژێک لە واشنتۆنەوە بە شەمەندەفەر سەفەر بکاتەوە بۆ ماڵەوە لە دێلاوەر بۆ ئەوەی مناڵەکانی ببینیت. ئەم عادەتەی هەتا ساڵی ٢٠٠٨ درێژەی هەبوو. وەک ڕۆژنامەنوسێکی ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز حیسابی کردوە بایدن ٢١ هەزار کاتژمێری لە شەمەندەفەردا بە سەر بردوە. هەموو ئەوانەی لە ئەو هێلەدا کاردەکەن دەیناسن. دۆست و ڕەخنەگرانی بایدن لە سەر ئەوە کۆکن کە بایدن سەر بە سەردەمێکی ترە. دونیای ئەو دونیایەکی بە سەرچوە. ئەمریکای ئەمڕۆ تەواو گۆڕاوە.

 
هەندێک وەهای دەبینن کە ئەوەی بایدن دەبێت بیکات یان دەیکات ئەوەیە کە ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژگاری سەردەمی ئۆباما. بەڵام زۆرێک گومانیان هەیە لە سەرکەوتنی ئەم هەوڵی گەڕانەوەیە، نە ئەمریکا و نە دونیا، وەک سەردەمی ئۆبامانیە. چین وڵاتێکی زۆر بەهێزترە، وەک هەندێک چاودێر بڕوایان وەهایە کە لە ململانێی چین و ئەمریکادا، هەردوو سودمەندن، بۆیە پەیوەندی هاوکارییانە ڕەنگە سەردەمی بە سەرچوبێت. هەرچەندە بایدن وەها خۆی دەردەخات کە توندە لە سەر چین. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە چین بە باشی لە لایەن کۆمەڵگای ئەمریکییەوە وێنا ناکرێت.

 
بایدن پێویست ناکات کوردی پێبناسێنیت ئەو دەمێکە کورد دەناسێت و پشتیوانیانە. دیدی ئەو بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی لە سەر بنەمای کەسایەتییە، ڕەنگە ئەمە بۆ پرسی بە دەزگاییکردنی پرسی کورد، ڕۆڵێکی نەرێنی ببینێت. بن ڕۆدس بە ووردی باسی ئەم پرسە ئەکات لە کتێبەکەیدا. ڕەنگە ئەمە لەو خەسڵەتەی بایدنەوە سەرچاوەی گرتبێت کە دەڵێن کەسێکی کۆمەڵایەتییە. ئەم کۆمەڵایەتییبونەوەی بە زەقی دەردەکەوت لە سەردەی ئۆبامادا، چونکە ئۆباما وەک ڕۆشنبیرێک لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لاوازبوو. لە ڕوانگەی گشتییەوە بایدن هەوڵدەدات ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەمریکا زیندوبکاتەوە، لە ئاستی جیهاندا بەرەیەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا پێکبهێنێت. بەڵام ئەوەی ڕونە و دەبێتە فشارێک لە سەری ئەوەیە کە چۆن سیاسەتی دەرەوە بە دیدی بەرژەوەندی خەڵکی ئەمریکا دابڕێژێتەوە. ئەمە یەکێکە لەو دیاردانەی کە ترەمپ لە سیاسەتی ئەمریکیدا چەسپاندی.

 
وەک چاودێران دەیبینن، ڕەنگە ڕۆڵی بایدن زیاتر ڕەمزی بێت وەک سەرۆک. هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکی وەها دەردەکەوێت کە بەهێزە، بەڵام لە ڕاستیدا وەهانیە. دیارە بەهێزی ئەمریکا وەها دەکات کە سەرۆکی ئەمریکی بەهێز دەربکەوێت، ئەگینا سەرۆکی ئەمریکی هەمیشە دوو پەرلەمان چاودێرین، میدیای پارتیزانی، بەرژەوەندیییە تایبەتەکان، دۆخی جیهانی و زۆر ڕێگریی تر. لە سیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆک وەزیران زۆرجار سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و بەهێزترین پارتی سیاسیش لە پەرلەمان پاڵپشتیەتی، بەو جۆرە فشاری کەمتر لە سەرە. بەڵام هێشتا دەبێت ئەوە لە یاد نەکەین دۆڕانی مستەر ترەمپ گەرەنتیی نیە.


17/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر