دەنگدان لەئەمریکا.. ئایا ئەمریکیەکان ئاوڕێک لەخۆیان دەدەنەوە؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
دەنگدانی ئەمجارەى ئه‌مریكا وەک هیچ جارێکی تر نییە، میلیشیایەکی زۆر لەسەرپێن، یەکێک لەکاندیدەکان هەڕەشەی ئەوەدەکات کە قبوڵی ناکات، هەرچەندە ئەمریکا بەئەوە ناسراوە کە دەنگدان تیایدا هەرگیز دادپەروەرانە نەبوە، چونکە سیستەمی جێریماندەرینگ‌و ڕێگریکردنی جۆراوجۆر لەدەنگدەری دیموکراتەکان لەگەڵ ئیلکتۆرال کۆلیج، دۆخێکی زۆر نا دادپەروەریان دروستکردوە، بەڵام ئەمجارە قوڕەکە خەستترە.

ئەم هەڵبژاردنە لەچەندین ئاستی تردا جیاوازە، وەک سیڤین وەرپیم پێمان دەڵێت: لەڕۆژانی جەنگی جیهانی دوەمدا ئەمریکا بڕیاریدا کە باڵادەستی سەربازی بکاتە بنەمای باڵادەستی لەدونیادا.

بەدیدی ئەو، ئەم پره‌نسیپە نەبوە هۆکاری ئەوەی کە ئەمریکا ئاشتی بۆ دونیا بهێنێت، بەڵکو ئەمریکا بەدوای شەڕدا دەگەڕاو شەڕ بەدوای ئەمریکادا، بەجۆرێک بازنەیەکی داخراو لەشەڕو بەردەوامی شەڕ هاتەئاراوە، وەک پۆل کەنەدی پێماندەڵێت لەکتێبە مەزنەکەیدا، هەڵكشان‌و داکشانی زلهێزەکانی، ١٥٠٠-٢٠٠٠، باڵادەستی یان هەژمۆنی زۆرجار دەبێتە هۆکار کۆتایی هەژمۆنیەت‌و داڕوخان، چونکە هەژمۆنیەت تێچونی زۆرە، شەڕەکانی ئەمریکاش تائێستا ٦ ترلیۆن دۆلار لەسەر ئەو وڵاتە کەوتوە، ئەم بارگرانیە وایکردوە ئەمریکا پشت لەناوەوەی بکات، ئەوانەی کە پشتگوێخراون زۆرن‌و خاوەن دیدی جۆراوجۆرن‌و توڕەن، بەشێکی زۆر لەقاعیدەی هەردوو پارتە سیاسییەکە پێکدەهێنن، هەرچەندە وەها دەردەکەون کە دژ بەیەکن، بەڵام لەزۆر ڕوەوە هاودیدن، سەرباری جیاوازی زمانی دەربڕین‌و ئامرازیان، هەموو دژ بەواشنتۆن‌و نوخبەی سیاسی‌و سیستەم‌و شەڕە ناکۆتاکان‌و نادادپەروەری ئابوری‌و زۆر خەسڵەتی ترن. 
لەکاتێکدا سێشەممەی ئەمریکا دوا ڕۆژی دەنگدانە، بەڵام ئەم وەرزی بانگەشەیە کەمترین باسی سیاسەتی دەرەوەی تیادا کرا، باس لەشەڕ نەکرا، هەرکاتێکیش بەخێرایی باسی ئەمانە کرابێت ئەوا لەڕوانگەی ناوخۆوە بوە، هەروەها بۆ دژایەتی بوە.

نوخبەی ئەمریکی لەژێر فشاردایە کە ئاوڕێل لەناوەوەی بداتەوە، ئاوڕێک لەمیلیشیا ڕاستڕەوەکانی، لەلاوە میلانیالەکانی (ئەوانەی لەدەوروبەری ساڵی ٢٠٠٠دا لەدایکبون)، لەکێشەی ڕەگەز، لەدۆخی ئابوری، هەموو ئەمانە فشارن بۆ ئەوەی ئەمریکا پشت لەسەربازەکانی بکات، هەر گەلێک سەربازەکانی بپەرستێت هەمیشە لەقەراغی مەرگدایە، ئەمە بۆ ئێمەی کوردیش ڕاستە، یەکێک لەفەلسەفە سەرەکیەکانی دونیا سەربازی ئەوەیە کە دەبێت سەرباز هەبێت بۆ ئەوەی بەکارنەهێنرێت.

هەرچەندە ئەمریکا خاوەنی هەرە بەهێزترین سوپای جیهانە، بەڵام هەمیشە براوەنیە، ئەم ڕاستیە مایەی تراژیدیایە بۆ ئەمریکا، لەکاتێکدا ئەمریکا سەرقاڵی زاڵکردنی سەربازەکانی بوە، هێزەکانی تر لەبوارەکانی تردا براوەبون لێی، بەپێچەوانەی ستیڤنەوە، من بڕوام بەوەنییە ئەگەر ئەمریکا سەربازەکانی بکشێنێتەوە ئەوا ئاشتی بەرقەراردەبێت، بەڵام بەنەکشانەوەشی هەر ئاشتی بەرقەرارنابێت، کەواتە ئاشتی دۆخێکی سروشتی نییە، بەپێچەوانەوە شەڕ دۆخی سروشتی مرۆڤە.

کاتێک ئەمریکاییەکان دەڕۆن بۆ دەنگدان ڕەنگە بیر لەبوارێکی تەسک‌و خەسڵەتێکی بێبەها‌و ئامانجێکی تایبەت بکەنەوە، بەڵام هەموو دونیا دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو کارەیانەوە، وەک دەنگدان لەدونیای کوردیدا دەریدەخات، مرۆڤی دەنگدەرو پرۆسەی دەنگدان کردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو کارێکە لەهەناوو کەلتورو بەهاو نەریت‌و باوەڕو ئەفسانەو سیستەمی خزمایەتی‌و ڕق‌و کینەو بێزاریی‌و توڕەیی‌و هەستی ساتەوەختیی‌و زۆر پاڵنەری تری  ناعەقڵانیەوە سەرچاوە دەگرێت.

هەموان چاوەڕوانین، بەڵام ئەمجارە ڕەنگە چەندین هەفتەی بوێت هەتا دەزانین کێ بەڕاستی براوەیە.

03/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر