"قەوارەی زایۆنی" لە گوتاری ئیسلامی سیاسی کوردیدا!

د. جەبار قادر
دەستەواژەی «قەوارەی زایۆنی - الکیان الصهیونی» لە داهێنانی ناسیۆنالیستانی عەرەبە، زیاتر لەو وڵاتانە بەکار دەبرێت کە حیزب گەلی فاشیستی قەومی و ئایینی دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە. ئیسلامی سیاسی عەرەبی هەمان دەستەواژەکانی ئەو ڕەوتە بەکار دەبات، هەرچەندە لافی ئەوە لێ دەدات کە گوایە گوتارەکەی ئەو جیاوازە و پێ لەسەر ڕەهەندی ئایینی دادەگرێت. هەرچی ئیسلامی سیاسی عرووبی کوردستانە، کە بەشێکیان دوژمنایەتییەکی سەرسەختی هزری نەتەوەیی کوردی دەکەن، هەمان ئەو گوتارە عرووبییە بەکار دەهێنن و سەر زمان و بن زمانیان «قەوارەی زایۆنی» یە.

با ئاماژە بە هەندێک فاکت بکەین کە لاوازیی ئەم دەستەواژە و گوتارە ناعەقڵانییە بە دەردەخەن، ئەوەشی ئیسلامی سیاسی کوردی گوزارشتی لێ دەکات تەنیا لاسایی کردنەوەیەکی کوێرانەی ڕەوتە فاشیستییەکانی نەتەوەیی و ئایینی عەرەبی و تورکی و فارسییە. لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٥دا ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی دانیان بە ئیسرائیلدا ناوە و وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، ١٦٥ دەوڵەتن لە کۆی ١٩٣ دەوڵەتەکەی دونیا. تەنیا ٢٨ دەوڵەت دانیان بە ئیسرائیلدا نەناوە کە چواردەیان عەرەبین بە (جزور ئەلقەمەر، مۆریتانیا، سۆماڵ، جێبووتی) و چەند قەوارەیەکی دیکەی لەو چەشنەوە. دە دەوڵەتیشیان ئیسلامین و سێ دانەشیان (کوبا، کۆریای باکوور و فنزەوێلا) ن. لە کۆی ئەو دەوڵەتانەی دانیان بە ئیسرائیلدا ناوە ٣٢ دانەیان پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵیدا نییە. هەندێک لە مانە پێشتر پەیوەندییان هەبووە و دواتر بە هۆکاری سیاسی و ململانێی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندییەکانیان تێکچووە.

ئایە «قەوارەیەک» سێ لە سەر چواری دەوڵەتانی دونیا دانی پێدا نابێت و وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بە چی پێوەرێکی زانستی و لۆژیکی دەکرێت بە قەوارە نێوی ببرێت؟. زایۆنیزمیش وەک هزر و بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی جووەکان تەنیا ڕەوتێکی سیاسییە لەتەک چەندین ڕەوتی سیاسی دیکە لە ئیسرائیل، کە بە هەمان شیوەی عەرەب و تورک و فارس... تاد لە فاشیزمەوە بگرە تا کۆمۆنیست و ئاشتیخواز و سۆشیاڵ - دیموکراتیان تێدایە؟.

مەبەست لەم وتارە کورتە تەنیا بە دروستی بەکارهێنانی دەستەواژەکانە نەک پاکانە بۆ ئیسرائیل و کردەوەکانی لە دژی خەڵکی فەلەستینی ستەم دیدە و سەرگەردان کە وە دووی فیکەی تیرۆریست گەلی وەک حەماس دەکەون و تا ئێستاش دڕندەیەکی خوێنڕێژی وەک سەددام حوسێن بە کەسێکی پیرۆز دادەنێن و لە شارەکانی خۆیان پەیکەری بۆ دروست دەکەن!.

کورد دەیان ساڵە لە هەوڵی ئەوەدایە دەوڵەتۆکەیەک دان بە قەوارەیەکیدا بنێت، تۆش هاتووی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری کە ١٦٥ دەوڵەتی ئەم سەرگۆی زەوییە دانیان پێدا ناوە و ڕوخساری هەمو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی  گۆڕیوە،  وڵاتانی عەرەبی و بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی زەبەلاح زەندەقیان لێی چووە، تۆی کۆڵەواریش بە "قەوارەی زایۆنی" ناوی دەبەیت!.

تێبینی: هەموو بۆچوونێکی جیاواز لە چوارچێوەی گفتوگۆی ڕاگۆڕینەوەدا ڕێزی لێ دەگیرێت، پێچەوانەکەشی هەواڵەی سەبەتەی پشتگوێ خراو دەکرێت.

03/06/2025




وتارەکانی تری نوسەر