بۆ دەبێ لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدیرالی عێراق بەگومان بین؟

د. جەبار قادر

 دادگای باڵای فیدیرالی عێراق داواکەی هەردوو نوێنەری بەرەی تورکمانی و لیستی عەرەبی سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی کەرکووک ڕەتکردەوە، بەمەش ئەو دەرگایەی داخست کە ئەمجارەش وەک جارانی پێشوو هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک نەکرێت. ئەم بڕیارە لە لایەکەوە پێشوازی لێ دەکرێت و بە بڕیارێکی باش دادەنرێت، چونکە ڕێگە دەدات بە دانیشتوانی ئەم پارێزگایەش وەک پارێزگاکانی دیکە نوێنەرانی خۆیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵببژێن و لەو مافە سەرەتاییە بێبەش نەکرێن. بەڵام لە بەرامبەردا و  لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەم دادگایە زۆربەی بڕیارەکانی بە نەفەسی دژ بە کورد بوونە، بۆیە دەبێت لێکدانەوەی هەمەلایەنەی بۆ بکرێت.  
مرۆڤ ناتوانێت لەسەر بنەمای قسە و چیرۆکەکانی بەرپرسانی حیزبی و بەربژێرانی کورد لە کەرکووک هیچ ئەنجامێکی کۆنکریتی سەبارەت بە دەنگدەری کوردی لە ئەم پاریزگایە بەدەست بێنێت. تا ئیستا کەس نەهاتووە بە داتا و ئاماری دروست و دوور لە حەز و خواست سەبارەت دەنگدەرانی هەر پێکهاتەیەک لە پێكهاتەکانی کەرکووک لێکدانەوەیەک پێشکەش بە خەڵک بکات. ئەوەی دەوترێت و دووبارە دەکرێتەوە قسە و قسەڵۆک و لێکدانەوەیە و هیچ زانیاری و بەڵگەی متمانە پێکراو ناخرێنە ڕوو. من دەزانم عێراق دەوڵتێکی سەیرە و نیو سەدە زیاترە سەرژمێرییەکی گشتگیر و دروستی نەکردووە. بەڵام با بەمەزندەش بێت دەبێ ژمارەی کورد لە ناو شار و پارێزگای کەکووک چەن بێ؟ چەندێکیان ناویان لە لیستی دەنگدەراندا هەیە، و چەندێ لەوانە زانیارییەکانیان نوێ کردووەتەوە و کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە؟ ئەی کوردانی کەرکووک کە لە شارەکانی دیکەی کوردستان دەژین چەندیان دەتوانن بە بێ کێشە دەنگ بدەن؟. ئەی لە بەرامبەردا لەم شەش حەوت ساڵەی دواییدا چەند عەرەب و تورکمان لە شوێنەکانی دیکەوە هێنراون بۆ کەرکووک، یا لە کاتی خۆیدا بە پێی ماددەی ١٤٠ قەرەبوو کراونەتەوە بەڵام لە کەرکووک ماون و مافی دەنگدانیان هەیە؟. ئەی چەندێ لەو ‌هێزانەی سەربازی و میلیشیایانەی هێنراون بۆ کەرکووک و کەس و کارەیان لە گەڵ خۆیاندا هێناوە و نیشتەجێ بوونە، دەتوانن دەنگ بدەن؟. ئەمانە و دەیان پرسیاری دیکە لە لای من و زۆر خەڵکی دیکەش بێ وەڵام دەمێننەوە!. دەکرا لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەدا هەندێ لەو ئامار و داتایانە لەبەر دەست بوونایە و بۆ کاتی تەنگانە بخرابانایەتە ڕوو. 

      
با بگەڕێمەوە بۆ سەر بڕیارەکەی دادگای فیدیرالی، بەر لە هەموو شتێک بڕیارەکە بڕیاری دەسەڵاتدارانی شیعەیە و لەسەر فەرمانی هادی عامری دەرچووە کە چەند جارێک بە شێوەیەکی تەمومژاویی ڕایدەگەیاند کە پێویستە هەڵبژاردن لە هەموو پارێزگاکان بکرێت. نابێ کەس گومانی لەوە مابێت گەر کاربەدەستانی شیعە فەرمانیان بە دادگا نەکردبایە، ئەوا بڕیارەکە بەم شیوەیەی ئێستا نەدەبوو. ئەوان کە زیاتر لە پازدە ساڵە لە ڕێگەی دەست و پێوەندەکانیانەوە کۆسپ و تەگەرە بۆ هەڵبژاردن لە کەرکووک دروست دەکەن، چۆنە وا ئێستا ڕێگری ناکەن؟. هەر ئەم ڕاستییە بۆ خۆی دەبێت چەندین پرسیار لە لای کورد دروست بکات. 

ئەوان زیاتر لە شەش ساڵە هەرچییان لە دەست هاتبێت بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد لە کەرکووک کردوویانە. ئەمەشیان زۆر بەزیرەکی لە ڕیگای ڕاکان جبوورییەوە  کردووە، کە ئەو بۆ خۆی وەکوو هەموو عەرەبێکی شۆڤێنی دژایەتی کورد لە خوێندایە. گەر بچووکترین گومانیان لە دڵسۆزی و ملکەچیی ڕاکان هەبووایە، ئێستا یا شاربەدەریان کردبوو یا لە زیندان قایم کرابوو. شیعەکان بەم کارەیان خۆیان لە لای کوردی سادە و ساکار و خۆشباوەڕ زۆر خراپ نەکرد، ئەو ڕێگەیەشیان گرت کە نەبا کورد و عەرەبی سووننە ڕۆژێک لە ڕۆژان بیر لە هاوپەیمانێتیی لە دژی شیعە بکەنەوە. لە هەمان کاتدا شیعە متمانە و باوەڕیان بەوە پەیدا کردووە کە ئێستا دەتوانن ببن بە ژمارەیەکی گرنگ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. ئەمجارەیان نەک لە ڕێگای عەرەبی سوننە و تورکمانەوە کارەکانیان جێبەجێ دەکەن بەڵکو راستەوخۆ خۆیان دەبن بە خاوەن بڕیار و ڕەنگبێ بەلای کەمەوە چوار کورسی بێنن و بە هاوپەیمانی لە گەڵ تورکمان و عەرەبی حەویجەدا ببن بە هێزی بڕیاردەر لە کەرکووک. 

من گومانم لەوەدا نییە کە دەسەڵاتدارانی شیعە بە یارمەتی و هاوکاری ئێران و ڕەنگبێ تورکیاش زۆر بە وردی هەموو سیناریۆکانیان تاوتوێ کردووە و لە هەموو ئەو خاڵانە کۆڵیونەتەوە و گەیشتوونەتە ئەو بڕیارە، کە پێویست ناکات هەڵبژاردن لە کەرکووک دوا بخرێت، بۆیە فەرمانیان بە دادگای فیدرالی داوە ئەو داوایانە ڕەتبکاتەوە.

لە بەرامبەر ئەو هەموو پیلان و مەترسییانەدا دەنگدەری کوردی کەرکووک چی دەکات؟. بەداخەوە حیزبی کوردیی وەک خەسلەتی هەمیشییەتی، خەریکی شەڕە گەڕەک و یارییە بچووکەکانی خۆیانن، بۆیە دوا بڕیار لە لای دەنگدەری کوردی کەرکووکە، بڕیارێک کە تێیدا دەنگی خۆی بە فیڕۆ نادات و پێگەی پێکهاتەکەی پێ بەهێز دەکات. هیوادارم کەسانی دڵسۆز بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەیان و شارەزا لە ئەرکی فەرمانڕەوایی و سیاسەت و خزمەتکردنی خەڵک بەبێ جیاوازی سەرکەوتن بەدەست بێنن. 

پشتبەستن بەوەی کورد زۆرینەی دانیشتوان پێکدێنێ بەس نییە بۆ ئەوەی خاوەن دەسەڵات و پێگە بێت، خۆ کورد لە دوای شازدەی ئوکتۆبەریش هەر زۆرینە بوو.

12/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر