هەڵبژاردنەکانی تورکیا لەنێوان بەرەی جمهورو بەرەی شەش سەرەدا

د. جەبار قادر
 بەشی یەکەم
ئەگەری پێشخستنی کاتی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ١٨ حوزەیرانی ئەمساڵدا بە هێزە و پێدەچێت ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و دەوڵەت باخچەلیی هاوپەیمانی لەسەر ئەم پرسە ڕێککەوتبن. ئەمە هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە چونکە تەنها بۆ دەوروبەری مانگێک دەهێنرێنە پێشەوە. ئەو  هۆیانەی ڕادەگەیەنرێن بۆ ئەم پرسە بە تەکنیکی و لۆجیستی نێو دەبرێن، گوایە پەیوەندییان بە پشووەکانی هاوینی زانکۆ و قوتابخانە و جەژنی قوربانەوە هەیە و خەڵکێکی زۆر دەچن بۆ پشوو و لەو کاتەدا  لە شوێنی خۆیان نابن و بە پێی قانوونی هەڵبژاردن لە تورکیا دەبێ دەنگدەر سێ مانگ پێش ڕۆژی هەڵبژاردنەکان لەو شوێنەی دەنگی لێدەدات ناوی تۆمار کرابێت، بۆیە چوونی خەڵک بۆ پشوو وا دەکات ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر نەتوانن دەنگ بدەن.

لە ڕاستیدا ئەمە تەنها ئەو دیوەی دراوەکەیە کە دەسەڵات دەیەوێت پیشانی خەڵکی بدات، بەڵام دیوەکەی تری دەشارێتەوە. لایەنەکانی (هاوپەیمانی گەل – جمهور) بە تایبەتی ئەردۆگان و باخچەلی لە باری ئایدیۆلۆجی و سیاسییەوە زۆر لێک نزیک و هاوئاهنگن و هاوپەیمانییەکەیان جێگیرە و بەرگەی ساڵانێکی پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی گرتووە، لە کاتێکدا بەرەکەی بەرامبەر، بەرەی شەش سەرەکە (هاوپەیمانی نیشتمان- میللەت) جیاوازی ئایدیۆلۆجی و سیاسی گەورە  لە نێو لایەنەکانیدا بەدی دەکرێن، دروشمی زۆر گەورەیان هەیە بەڵام تا ئێستا پرۆگرامێکی سیاسی گشتگیریان پێشکەش نەکردووە و لەوەش خراپتر لە سەر بەربژێرێک ڕێکنەکەوتوون بۆ ئەوەی لە دژی ئەردۆگان بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کێبڕکێ بکات.

ئەردۆگان و هاوپەیمانەکەی ئەم بارودۆخەی بەرەی بەرامبەر دەقۆزنەوە و بە هەلێکی باشی دەزانن  بۆ ئەوەی بەربژێری بەرەی ئۆپۆزیسۆن، ئەمە ئەگەر لە کۆتاییدا لەسەر بەربژێرێک ڕێکبکەون، کەمترین کات و دەرفەتی لە بەردەمدا بێ لە بەرامبەر ئەردۆگان کە چەند ساڵێکە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات. هۆیەکی تر بۆ پێشخستنی هەڵبژاردنەکان ئەوەیە کە کاتێکی زۆر بەسەر بڕیارەکانی بەرزکردنەوەی داهات و مووچەدا تێنەپەڕێ و بابەتەکە کۆن ببێت و لە بیری خەڵکدا کاڵ ببێتەوە و بەرزبوونەوەی نرخی بەردەوامی شتومەک و دابەزینی زیاتری نرخی لیرەی تورکی زیاتر هەراسانیان بکات، دیارە هەموو ئەمانەش کاریگەری خۆیان لەسەر دەنگدەران و ڕێژەی دەنگدان دەبێت.  

پێناچێت ئەم بەرەیەی لە بەرامبەر هاوپەیمانیی ئەردۆگان - باخچەلیدا (جمهور) هاتووەتە ئاراوە بەرگەی تەنگوچەڵەمەکان بگرێت و ڕەنگبێ لە یەکەمین هەژاندا لێکترازانی تێبکەوێت. هێشتا ڕاپرسییەکان ئەوە دەردەخەن کە پێگەی ئەردۆگان و حیزبەکەی بەهێزە و دەتوانێت بەتەنیا زیاتر لە ٣٠٪ دەنگەکان مسۆگەر بکات. لە گەڵ دەنگەکانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی(MHP)ی دەوڵەت باخچەلیدا ڕێژەکە خۆی لە ٤٠٪ دەنگەکان دەدات. پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)ی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بەتەنیا زیاتر لە یازدە ملیۆن و نیو ئەندامی هەیە، پارتەکەی باخچەلیش نزیکەی نیو ملیۆن ئەندام، واتا بە هەردووکیانەوە ١٢ ملیۆن ئەندامیان هەیە کە دەکاتە پێنجیەکی هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان لە تورکیا هەیە. هەموو ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەندامانی هەموو پارتەکانی بەرەکەی بەرامبەر بە زەحمەتییەکی زۆرەوە دوو ملیۆنی تێپەڕاندووە.

ئەوەی مایەی تێڕامانە هەدەپە تەنها (٤١) هەزار ئەندامی هەیە. ئەم ژمارانە لە لایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە بەفەرمی بڵاو کراونەتەوە. هەڵبەتە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و وڵاتە نادیموکراتییەکاندا دەسەڵات بەدەست کێوە بێ، ئەوا دەرفەتی بیزنس و خۆدەڵەمەندکردن بۆ لایەنگرانی ئەو مەیسەر دەبێت و خەڵکێکی زۆری لێ دەئاڵێ. خۆ ئەگەر ئەو حیزبانە بە نێوی ئایین و نەتەوەپەروەریشەوە فەرمانڕەوایی بکەن ئەوا میگەلەکە دوو ئەوەندە گەورە دەبێت. ڕەهەندێکی دیکەی ئەم ژمارە زۆرەی ئەندام و لایەنگری پارتی داد و گەشپێدان بۆ مەسەلەی ئایدیۆلۆجی ئایینی دەگەڕێتەوە کە ئەم پارتەی کردووە بە هێزێکی زەبەلاحی خاوەن سەرمایەی مرۆیی و ئابووری گەورە و جێگیر.

لایەنگرانی هاوپەیمانییەکەی ئەردۆگان – باخچەلی بەشی هەرە زۆریان مەسەلەی دەنگدان بە ئەرکێکی ئایینی دەزانن، بۆیە ڕێژەکەیان بەبێ گوێدانە هەڵبەز و دابەز و کێشە قووڵەکانی ڕژێمەکە و تورکیا بە جێگیری و دڵسۆزی دەمێنێتەوە و لە هەموو بارێکدا هەر دەنگی خۆیانی دەدەنێ. بۆ ئەوان پرسەکە بووە بە پرسی مان و نەمان، بەو واتایەی ئەگەر ئەم ڕژێمە نەمێنێت ئەوا ئیمانداران جارێکی دیکە تووشی ستەم و زۆرداری کەمالییە عەلمانییەکان دەبنەوە. بۆ دەنگدەرانی بەرەی نەیار  پرسی دەنگدان وەکو زۆر لە وڵاتانی دیکەیە و خەڵکێکی زۆر بێ هیوان لەوەی دەنگدانی ئەوان کاریگەری  هەبێت لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان و بارودۆخی وڵات و باری سەختی ژیان تووڕەی کردوون و بە گەرمییەوە ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

بەشی دووەم
 
بەرەکەی ئەردۆگان – باخچەلی ئامانجەکانی خۆی بۆ سەدە ساڵی داهاتووی کۆماری تورکیا بە شێوەیەک ڕادەگەیەنێت کە تورکیای ئەردۆگان دەبێت بە کولتوورێکی ڕەسەنی تورکی عوسمانییەوە، نەک تورکیاکەی ئەتاتورک بە کولتووری هاوردەکراوی ڕۆژئاواوە. ئەم دیدەی ئەردۆگان و یاوەرەکانی بە واتای ڕەتکردنەوەی مێژووی هەشتا ساڵەی کەمالیزم دێت. هەڵبەتە ئەم تورکیا نوێیەی ئەردۆگان دەوڵەتێکی بەهێز و توانا دەبێت و لە سەر ئاستی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان نەک فەرمان لە کەس وەرناگرێت، بەڵکو خواستەکانی خۆی بەسەر نەیار و دۆستدا دەسەپێنێت. لە چوارچیوەی ئەم ستراتیژەدا باس و خواسی زۆر لە بارەی کۆمەڵێ ڕووداوی مێژوویی سەدەی ڕابردووەوە دەکرێن بەمەبەستی ڕەخنە گرتن لە  بڕیار و کردەوەکانی مستەفا کەمال و سڕینەوەی میراتەکەی. لە کۆی ئەم گوتارەدا ئەوە بە ڕوونی دیارە کە ئەردۆگان سەرباری جیاوازی ئایدیۆلۆجی قووڵی خۆی و ڕێبازەکەی لە گەڵ کەمالیزمدا، گرێکوێرەیەکی سایکۆڵۆجی کەسیشی بەرامبەر مستەفا کەمال هەیە، ئەو ئیرەیی زۆری پێ دەبا و هەست دەکات سەرباری هەموو هەوڵەکانی لە بیست ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا نەیتوانیوە ناو و وێنەی لە مێشکی تورکەکاندا کاڵ بکاتەوە و خۆی لە شوێنی دابنێت. پێموانیە تازە ئەو کارەی بۆ مەیسەر بێت و پێدەچێت ئەردۆگان لەو ڕاستییە سانا و ئاساییە تێنەگات کە کاتەکان و پرس و کێشەکانی کۆمەڵگای تورکیای سەرەتای سەدەی ڕابردوو لە گەڵ ئەوانەی ئێستادا زۆر جیاوازن و وەڵام و چارەسەری تەواو جیاوازیان دەوێت.   
بەرەی ئۆپوزیسیۆنی سەرەکی (هاوپەیمانی نیشتمانی - میللەت) شەش پارتی سیاسی لە خۆیدا کۆ کردووەتوە دوانیان خاوەن پێگەی و سەنگن و چوارەکەی دیکە هێشتا پارتی بچووک و بێهێزن. ئەمانە بە هەموویانەوە نوێنەرایەتی ڕەوتەکانی سۆسیال دیموکرات و ناسیۆنالیستی ڕاستڕەو و ئیسلامی لیبیراڵ دەکەن و بریتین لە: پارتی گەلی کۆماری (CHP) بە سەرۆکایەتی کەمال کڵیچدار ئۆغڵوی دێرسیمی عەلەوی سۆسیال دیموکرات، و پارتی چاک/ باش (IYIP) ی میراڵ ئاکشەنەر کە ناسیۆنالیستێکی ڕاستڕەوی تورکە و پەروەردەی دەستی دەولەت باخچەلییە، بەڵام ئێستا لە مامۆستاکەی هەڵگەڕاوەتەوە. ئاکشەنەر نەیارێکی سەرسەختی هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەکە لە گەڵ پارتی دیموکراتی گەلان(HDP)دا. هەروەها ئاکشەنەر لەگەڵ بەربژێرکردنی کەمال کلیچدار ئۆغڵودا نییە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار لە بەرامبەر ئەردۆگان. پێیوایە کلیچدارئۆغڵو ئەو کەسە نییە پشتی ئەردۆگان بدات بە ئەرزدا،   بۆیە ئەو زیاتر لە گەڵ بەربژێر کردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی سەرۆک شارەوانی ئەستەمووڵەدایە کە ئەمیش هەر لە حیزبەکەی کلیچدار ئۆغڵوە. پێموایە لەم بۆچوونەیدا بەهەڵەدا نەچووە چونکە کەمال کلیچدار ئۆغڵو وەک عەلەوییەک و بەڕەچەڵەک دێرسیمییەک نابێتە جێگای متمانەی زۆربەی هەرە زۆری تورکی جۆشدراو بە هەستی توندی تورکچێتی و سونێتی حەنەفی دژ بە عەلەوی. هەرچەندە کلیچدار ئۆغڵو قەت باس لە کوردێتی خۆی ناکات و وەک کەمالییەکی عەلمانیش خۆی لە دەرەوەی پۆلینکاری ئایینی و مەزەبیدا دادەنێت، بەڵام بۆ ئاکشنەر و هاوبیرانی ئەو هەر دێرسیمی و عەلەوییە. ئاکشەنەر زۆر چاوی لە دەنگی ناسیۆنالیستانی ڕاستەڕەوی تورکە و دەیەوێت لە باخچەلییان دووربخاتەوە. لە تەک ئەم دوو پارتە سەرەکییەدا کە پێکەوە ڕێژەی دەنگەکانیان لەوەی بەرەکەی ئەردۆگان- باخچەلی نزیک دەبێتەوە و بگرە بە پێی هەندێ ئامار و ڕاپڕسی زۆریش پێشی دەکەوێت. دوو پارتی بچووکی هەڵگەڕاوە و دابڕاوش لە پارتی داد و گەشەپێدان، کە پارتی داهاتوو(GP)ی ئەحمەد داوود ئۆغڵو و پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن DEVA))ی عەلی باباجان لەم بەرەیەدا جێگای گرتووە. ئەم دوو پارتە هەردووکیان سەر بە ڕەوتی ئیسلامی لیبیراڵی نائایدیۆلۆجین و ڕابەرەکانیان لە کاتی خۆیدا یاوەری نزیکی ئەردۆگان بوون، یەکەمیان داڕێژەری سیاسەتی قووڵایی ستراتیژی و سیاسەتی دەرەوەی پارتی داد و گەشەپێدان بوو و دووەمیان بناغەدانەر و جێبەجێکاری پێشکەوتنە ئابوورییەکانی ساڵانی یەکەمی دەسەڵاتی پارتەکەی ئەردۆگان بوو. ئەمان چاویان لەوەیە بەشێک لە دەنگەدەرانی پارتی داد و گەشەپێدان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و لە ئەردۆگان دووریان بخەنەوە. هەروەها پارتی سەعادەت (SP)ی تەمەل کەرەمووڵا ئۆغڵوی میراتگری نەجمەدین ئەربەکان لەم بەرەیەدا جێگەی خۆی گرتووە. ئەمە پارتێکی ئیسلامی سوننەتییە و لە نێو بازرگانان و خاوەن کارەکان بە تایبەتی ئەوانەی دەرەوەی تورکیا خاوەن پێگەیە. هەرچی پارتی دیموکراتی(DP) گیولتەکین ئویساڵە ئەمیش پارتێکی ناسیۆنالیستی ڕاستڕەوە و چاوی لە دەنگی تورکچییە ڕاستڕەوەکانە. هەردوو پارتی باش و دیموکراتی هەوڵی ئەوە دەدەن دەنگی ناسیۆنالیستانی ڕاستڕەوی تورک لە باخچەلی و ئەردۆگان دووربخەنەوە و پێشکەشی ئەم بەرەیەی بکەن. هەرچی پارتی داهاتوو و دێڤایە کار لە سەر بردنی دەنگی ئیسلامییەکان دەکەن و دەیانەوێت بەرەکەی ئەردۆگانی لێ لە بێبەش بەکەن.  
کۆکردنەوەی ئەم کۆمەڵە حیزبە جیاوازە و بە دید و بۆچوونی ئایدیۆلۆجی جیاوازەوە لە بەرەیەکدا سەردەمی حکوومەتە فرەلایەنەکانی بەر لە ساڵی ٢٠٠٢ وەبیر خەڵکی تورکیا دێنێتەوە کە سەردەمانێکی پڕ لە ئاڵۆزی، ناسەقامگیری سیاسی، کێشەی ئابووری، کوشتنی سیاسی و نادادپەروەری بوو، بۆیە جۆرە مەترسییەک لەم بارەیەوە بە ڕوونی بەدی دەکرێت. ئەردۆگان و هاوپەیمانەکەی کار لەسەر ئەم دڵەراوکێیەی دانیشتوانی تورکیا دەکەن و ڕۆژانە ئەو پەیامە دووبارە دەکەنەوە کە ئەمە تورکیا دەباتەوە سەردەمی نا سەقامگیری و هەژانی ئابووری و کۆمەڵایەتی.  
هەرچی هەدەپەیە دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت کە لە بەرەی شەش سەرەکەدا جێگای نادرێتی، هەوڵیدا  چەند پارت و ڕێکخراوێکی چەپ لە بەرەیەکدا کۆبکاتەوە بە ناوی (هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی) کە لە خۆی (HDP)، پارتی ڕەنج (EMEP)، پارتی بزووتنەوەی ڕەنجدەران(EHP)، پارتی ئازادی کۆمەڵگا(TÖP)،  پارتی کرێکارانی تورکیا(TIP) و فیدیراسیۆنی ئەنجومەنە سۆسیالیستییەکان(SMF) پێکهاتووە. ئەم پارتانە هەدەپەیان لێ دەرکەی هەموویان پارتی بچووکن و هیچ پێگەیەکی ئەوتۆیان لە کۆمەڵگای تورکیدا نییە و گوتاری سیاسییان هی شەستەکانی سەدەی ڕابردووە. ئەم بەرەیەش دەیەوێت اریگەری خۆی  لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان هەبێت. پارتی دیموکراتی گەلان باش دەزانێت کە هەردوو بەرەکە بەبێ پشتگیری و لایەنگرانی ئەم ناتوانن هەموو پرسەکان بەتەواوی یەکلابکەنەوە و ئەگەر کۆسپی گەورەی بۆ دروست نەکرێت و تواناکانی بەباشی بەکار بێنێت دەتوانێ ڕۆڵی بەرچاوی لە ژیانی سیاسی تورکیادا هەبێت. باری هەدەپە قورسە، لە لایەکەوە ژینگەی ژەهراوی تورکیا بە دیدی تورکچێتی توندڕەو دەرفەتی کەمی لە بەردەمیدا هێشتووەتەوە، لە لایەکەی دیکەوە پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەموو بۆنەیەکەدا، ئەگەر بە ناڕاستوخۆش بێت ئەوە دەردەخات کە هەدەپە باڵی سیاسی ئەوە و بەبێ ڕێنمایی و پشتگیری ئەو ناتوانێ هیچ هەنگاوێک هەڵبێنێ و هیچ بڕیارێک بدات، ئەمەش بۆ ئەوە دەکات نەبا کەس وا بیر بکاتەوە کە لە پشتی ئەوەوە دەتوانێت لە بارەی دۆزی کوردەوە خاوەن بڕیار بێت. هەڵبەتە ئەوە ئاساییە کە پارتی دیموکراتی گەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان و دەرزەنێک پارتی بچووکی دیکەی کوردی کە لە تورکیا خەبات دەکەن هەموو یەک چوارچیوەی گشتیی کۆیان دەکاتەوە کە دۆزی کورد و کوردستانە،  بۆیە ئاساییە هەڵوێستەکانیان نەک تەنها لێک نزیک بن، بەڵکو دەبێ هاوچەشنیش بن، کە بەداخەوە لە واقیعدا بەو شێوە نین. ئەوەی ئیستا لە قازانجی هەدەپەدایە ئەوەیە کە بەربەستی هەڵبژاردن کراوە بە ٧٪ و ئەمەش مەترسیی نەگەیشتنی بە پاڕلەمان ڕەواندووەتەوە، هەرچەندە مەترسی داخستنی حیزبەکە لە ئارادایە و لەم چەند مانگەی داهاتوودا دەبێ چاوەڕوانی چەندین گێچەڵی تری ئەردۆگان و باخچەلی   بین لە دژی هەدەپە.  
 ماوێتی...




16/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر