بۆ دەبێت کورد داوای پارێزگاری نێودەوڵەتی بکات؟

د. جەبار قادر
لە کورتە وتارێکدا بەر لە یەک دوو ڕۆژ بە ناونیشانی (چی ماوە  کورد لە عێراق چاوەڕێی بکات؟) باسی ئەوەم کرد کە حکوومەتی عەرەبی شیعە لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێک لە تاکڕەوی و سەپاندنی خواست و دونیابینییەکانی تایفەکەی کە هیچ دەرفەتێک بۆ کورد لەو وڵاتە لەسەر هەموو ئاستەکان ناهێڵێتەوە. پێموایە ئەگەر ڕەوشەکە بەم شیوەیە بەردەوام بێت ئەوا لە مەودایەکی کورتدا ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی ترسناک دەبینەوە، بۆیە ناکرێت هەروا چاوەڕێی ئەوا ڕۆژانە بین. کۆمەڵی تێبینی و لێکدانەوەم لە هاوڕێیان و دۆستانەوە پێگەیشت، بەشێکیان بە شیوەیەک لە شێوەکان هاوئاهەنگ بوون، بیروڕای واش هەربوون لە ئاوازێکی جیاواز دەیانخوێند، ئەمەش بە ئاسایی دەزانم. بە پێویستم زانی هەندێ ڕوونکردنەوەی زیاتر بخەمە ڕوو.  

ئەگەر بەراوردی مەترسییەکانی ئێستا لەگەڵ ئەوانەی ساڵی ١٩٩١ بکەین ئەم دیمەنە دەبینین. ئەو کاتە ڕژێمی سەدام حوسێن لە سەر ئاستی دونیا ڕژێمێکی بێزراو و قێزەون بوو، ناکۆکی لە گەڵ دەوڵەتانی دونیای پێشکەوتوودا هەبوو، لە هەرێمەکەش دوژمنایەتییەکی سەرسەختی لەگەڵ ئێران و سووریا و عەرەبستانی سعوودیەدا هەبوو. گەمارۆ و سزای ئابووری و سەربازی و دیپلۆماسی سەخت بەسەر عێراقدا سەپێنرا بوو، بۆیە توانای سەربازی زۆر سنوودرا بوو و نەیدەتوانی ئیدی هەڕەشە بێت بۆ سەر وڵاتان. لەگەڵ ئەوەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٥ نیسانی ١٩٩١ بڕیاری ژمارە   ٦٨٨ دەکرد بۆ پاراستنی کورد لە هەڕەشەکانی بەغدا. فرەنسا ڕۆڵی سەرەکی بینی چ لە پێشنیار کردن و چ لە دەرکردنی بڕیارەکەدا، ئەوەی مایەی تێڕامانە هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیاش نامەیان بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش نارد بوو و نیگەرانی خۆیان دەربڕێبوو لە سەرکوتکردنی خەڵک لە عێراق و مەترسیی ئەو بارودۆخە لە سەر سەقامگیری ناوچەکە و ئاسایشی نیشتمانییان. 

ئێستا ئێران لە ڕژێمی شێعە لە بەغدا نەک هەر نیگەران نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەوە ئەوە هەموو پلانەکان دادەڕێژێت و سەرپەرشتی جێبەجێ کردنیان دەکات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەهای شیعە و لە نێو شیعەیشدا ڕەوتی ویلایەتی فەقیە و دامەزراندنی ڕژێمێک لە چەشنی ڕژێمەکەی خۆی لە عێراق. هەرچی تورکیایە هەرچەندە لە هەندێ بواردا ململانێی مێژوویی لە گەڵ ئێراندا لەسەر باڵادەستیی لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و بە تایبەتی لە عێراق هەیە، بەڵام لە بەرامبەر (مەترسیی!) کورددا لێک تێگەیشتن قەت کارێکی زەحمەت نەبووە.

ڕژێمی ئەسەد لە سووریا هەرچەندە شەکەت و بێ هێزە، بەڵام ئەڵقەیەکی گرنگی ئەم هاوپەیمانێتییە پێکدێنێت و بە خۆی و ئەو میلیشیایانەی لەسەر خاکی ولاتەکەین و حیزبوڵڵای لوبنان ڕاستەوخۆ لە خزمەتی جێبەجێ کردنی ئەو پلانانەدا دەبن. واتا هەموو ئەوانەی لە ١٩٩١دا چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرا لە دژی ڕژێمی سەدام بوەستنەوە، ئەمڕۆ لە یەک بەرەی تۆکمەدان و هەموو بۆ ئامانجێکی هاوبەش کار دەکەن، با لێرە و لەوێ هەندێ جیاوازی لە دید و بۆچوونیشیان هەبن.  

بۆ ئەو بەڕێزانەی پێیان وایە لە عێراقدا دەستوورێک لە ئارادایە کە دانی بە بەشێک لە مافەکانی کورددا ناوە و ئەمەش لە داگیرکەرانی دیکە جیای دەکاتەوە، ئەمە وەک تیۆری ڕاستە بەڵام بەکردەیی دیمەنەکە زۆر جیاوازە. جارێ دەبێ  پاشخانی مێژوویی ئەم بارە بە دروستی بخوێنرێتەوە. ئەمە دیاری و بەخششی حکوومەتی عەرەبیی بەغدا نەبووە بۆ کورد، بەڵکو لە مەرجەکانی لکاندنی کوردستان بە عێراقەوە لە ساڵی ١٩٢٥ سەرچاوەیان گرتووە، بەشێک لەو مافانە لە بەڵگەنامەکانی کۆمەڵەی گەلاندا تۆمار کراون. حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندامی ئەو ڕێکخراوە گفت و پەیمانی زۆری دابوو پابەند بێت پێیانەوە و بە هێچ شیوەیەک دەستکارییان نەکات. بەڵام لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بە تەواوی پێچەوانەکەیانی دەکرد، تا ئەو کاتەی عێراق لە ژێر دەستی بریتانیادا بوو، ئینگلیزەکان بۆ ئەوەی کورد سەرئێشەی زیاتریان بۆ دروست نەکات ڕێگەیان نەدەدا عەرەب ئەو مافانە زۆر بە زەقی پێشێل بکەن، بەڵام لە گەڵ بەهێزبوونی دەسەڵاتی عەرەبیدا لە بەغدا و پەرەسەندنی ڕەوتی عرووبی لە عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو مافانەی کورد سنووردار دەکران تا لە ئاستی سفر نزیک کرانەوە.   وەڵامی کورد بۆ ئەو پرۆسە پڕ لە ستەم و نادادییە پەنابردن بوو بۆ چەک، ئەو دوای ئەم چیرۆکەش لای هەمووان زانراوە، بۆیە پێویست بەوە نییە من لێرەدا قسەی زۆری لەسەر بکەم.  

ئەزموونی دە پازدە ساڵی ڕابردوو ئەوەیان دەرخست کە کەس لە عێراق بە عەرەب و کورد و هەموو ئەوانی دیکەشەوە نە گوێ بە دەستوور دەدات و نە باوەڕی بە دیموکراسی هەیە، ئەمەش چاوەڕوان کراو بوو چونکە تێگەیشتن لە دەستوور و سیستەمی دیموکراسی پێداویستی و مەرجی خۆی هەیە کە بەداخەوە هیچ لە مانە لەو وڵاتە و بگرە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە ئارادا نین. کەسان و هێزی دیموکراتی لە نێو کۆمەڵگای عێراقیدا بە دەگمەن پەیدا بن و تا ڕاددەی نەبوون کەمن.  بۆیە هەر کەسێ هێزی لە دەستدا بێت ئەو بەندانەی دەستوور دەسەپێنێ کە لە بەرژەوەندی ئەودایە. لە وڵاتانی دیموکراتی  دەستوور پیرۆزە و  هێچ کاربەدەستێک ناتوانێت لێی لا بدات و بە پەندەکانێوە پابەند نەبێت، بەڵام دەستوور لە وڵاتانی دیکتاتۆری و نادیموکراتیدا پڕن لە بەند و خاڵی ڕازاوە و دڵڕفێن بەڵام کاربەدەستان و دەسەڵاتداران قەت بیر لەوە ناکەنەوە پێیانەوە پابەند بن. لە عێراق دەستوور بە مینیۆی چێشتخانە دادەنرێت و هەر هێز و گروپێکی بەتوانا و خاوەن دەسەڵات ئەوەی لێ هەڵدبژێرێ کە حەزی لێیەتی. ئەگەر سەیری دەستووری دیکتاتۆرترین ڕژێمەکانی دونیا بکەیت سەرت سووڕ دەمێنێ لەو هەموو بەندە جوان و مرۆییانە،بەڵام ڕۆژانە لە سێبەریاندا هەزاران تاوانی ترسناک لە دژی هاووڵاتیانی بێ گوناە ئەنجام دەدرێن. 

کێ هەیە لە کوردستان ئەو ڕاستییە نەزانێت کە هیچ سەرۆک کۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا نەیتوانیوە یەک بڕیاری دژ بە کورد بگۆڕێت، هەڵبوەشێنێتەوە یا ڕێگر بێت لە دەرکردنی دەیان بڕیاری ستەمکارانە و نادادپەروەرانە لە ئەنجوومەنی شیعەکان و دادگای بەنێو فیدرالییەوە لە دژی گەلی کوردستان. ئەوەتا بە حەزی خۆیان گاڵتە بە ڕای خەڵک و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکەن و هیچ (کاربەدەستێک!) ی کورد ناتوانێت هیچ بکات لەوە زیاتر لە میدیاوە خەڵک بەوە هێور بکاتەوە و مزگینی ئەوەیان بداتێ کە (لە دوای هەوڵێکی زۆر و دوای ئەوەی فلان و فیسان هاتوونەتە سەر خەت توانیویانە جێبەجێ کردنی بڕیارێکی پارێزگارێکی بەوەکالەت یا ئەفسەرێکی سوپای قادسیە ڕابگرن!). ئەمە ڕەخنە نییە لە زاتی ئەو بەڕێزانە کە گومانم لەوەدا نییە خەڵکی زۆر باش و بەتوانایان تیدا هەن، بەڵام لە سێبەری دەسەڵاتی فاشیزمی نەتەوەیی و مەزهەبی لە بەغدا و لەو ڕەوشەی بەسەر کورددا هێنراوە، هەر کەسێ لە شوێنی ئەوان بێت لەوە زیاتری پێ ناکرێت. پێویستە هەوڵی هەموو لایەک بۆ ئەوە بێت لەم بازنە داخراوە نەفرەتییە دەربچین.   

ئەوەتا ئەندامانی ڕەوتی کۆماری ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا دەربکرێن، کوردیش هەرجەندە باوەڕ ناکەم متمانەیەکی ئەوتۆی بە ئەمریکا مابێت، بەڵام دەزانێت هەتا سەرباز و ڕاوێژکاری ئەوان لە کوردستان و عێراق هەبن، ئەوانەی چەقۆی بۆ تێژ دەکەن دەسڵمێنەوە، بەڵام دەستبەرداری کردەوە دوژمنکارییەکانیان نابن. 

پێویستە خەڵک واقیعی بێت و لەو ڕاستییە تێبگات کە سیاسەت لەگەڵ واقیعدا مامەڵە دەکات نەک لە گەڵ خەیاڵ و فەنتازیادا کە زۆر حیزبی کوردی خەریکی ئەمە دواییانە. با خۆمان بە باسی حکوومەت و حیزبەکانەوە زۆر خەریک نەکەین، دەزانین ئەوان لەم بارودۆخەی ئێستادا ناتوانن بڕیاری ئەوە بدەن لە بەغدا و ئەوەی بە ناحەق پێی دەوترێت پرۆسەی سیاسی بکشێنەوە. ئەوە بڕیارێکی ئاسان نییە و ناکرێت بیر لە بەرژەوەندی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی شەش حەوت ملیۆن کەس نەکرێتەوە لە هەر بڕیارێکی لەو جۆرەدا.

بۆیە ڕووی دەمی ئێمەگەل لە خەڵکە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی راستەقینە، نەک پاشکۆی ئەم حیزب و ئەو ئەژێندای سیاسی، هەروەها خەڵکی هۆشیار و خوێندەوار بۆ ئەوەی بە شیوازی جیاواز ئەم خواستەی خەڵک بگەیەنن بە دونیا. ئەگەر حکوومەت و حیزبەکان، کە زۆر دوورن لە خەڵکەوە و هاووڵاتییان گەیاندووەتە ئاستی بێ هیوایی و ڕەشبینی بە دروستی بیر بکەنەوە، ئەوا نابێت ئەم جۆرە هەوڵانە بە کردەوەی دژی بە خۆیان دابنێن، بەڵکو ئەگەر هۆشمەندانە هەڵس و کەوتیان لەگەڵدا بکەن دەکرێت پێگەیان لە بەرامبەر بەغدا بەهێز بکات. باوەڕ ناکەم وا بیر بکەنەوە، چونکە لەسەر ئەوە ڕانەهاتوون خەڵکی بە ئازادی بیر بکاتەوە و خۆی رێک بخات.

11/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر