بۆ هاوپەیمانان لە عێراق دەڕۆن؟

د. جەبار قادر

1. هاوپەیمانان لەسەر داخوازی حکوومەتی عێراق لەوێن، ئێستاش ئەو حکوومەتە داوایان لێ دەکات بڕۆن. ئەوان بەردەوام ئەمە دووبارە دەکەنەوە و دەڵێن لەسەر داوای عێراق لێرەین و ناتوانن بڵێن نەخێر ناڕۆین.

2. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە زۆرینەی شیعەیە هەموو داوای ڕۆیشتنی هاوپەیمانان دەکەن، سوننەش زۆربەی هەرە زۆریان وا بیر دەکەنەوە. تەنها کوردە لەو نێوەدا نازانێت چی بکات، ئەگەر بڵێت نابێ بڕۆن، ئەوا دەکرێت بە دوژمنی سەربەخۆیی وسەروەری عێراق و ئەگەر بڵێت با بڕۆن. دیارە دواتر چی چاوەڕوانی دەکات.  

3. حکوومەتێک بەهەڵبژاردن هاتبێت، با هەڵبژاردنەکە دەیان نوقسانیشی هەبووبێ و پەڕلەمانێکی زۆرینە شیعە ئەو بڕیارەی بیەوێت دەریدەکات و هەموو خواستەکانی ئێران جێبەجێ دەکات، داوا بکات هاوپەیمانان بڕۆن، ناتوانن بڵێن: ناڕۆین. تەنها دەتوانن داوای وتووێژ و دانانی خشتەیەک بکەن بۆ کشانەوە و ماوەیەک بەمە کات بکوژن و بزانن ڕەوتی ڕووداوەکان چۆن دەبێت. 

4. تەنها لە دوو حاڵەتدا دەمێننەوە، ئەویش ئەگەر بارودۆخی عێراق بەتەواوی تێک بچێت، یا شەڕێکی گەورە لە ناوچەکە بقەومێ، ئەو کاتە پرسەکان بەپێی ئەو پێشهاتانە بڕیاریان لێ دەدرێت.

5. دەمێکە بەرپڕسان و هێزە سێاسییەکانی کوردستان پشتیان لێ کردووەتەوە، هەموو پلانێکیان، ئەگەر هەیانبێت، لەسەر مانەوەی هەمیشەیی هاپەیمانان هەڵچنیوە و بیریان لە هیچ پلانێکی تر نەکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە کاتی ئاڵۆزیدا  کوردستان و دانیشتوانی بپارێزن. نە ئامێر و ئامرازەکانی بەرگرییان دابین کردووە، نە یەکڕیزییان لە نێو خەڵکدا هێشتووە و نە توانیویانە کەڵک لەو هەموو توانا ماددی و مرۆییانەی لەبەر دەستیاندا بوونە وەربگرن.

23/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر