هەڵبژاردنەکانی کەرکووک و دەنگدانی ستراتیجی!

د. جەبار قادر
لە دوا هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا زۆر باس لە دەنگدانی ستراتیجی کرا. مەبەست لەم جۆرە دەنگدانە ئەوەیە کە دەنگدەر  ناچار دەبێت دەنگ نەدات بە بەرەیەک یا پارتێک یا  بەربژێرێک کە دڵی دەیخوازێت و پرۆگرام و بۆچوونەکانی بەدڵە، بەڵکو دەنگەکەی بدات بە لایەنێکی دیکە بۆ ئەوەی نەبا ئەو بەرەیەی نیگەرانی و ترسێ لێی هەیە دەنگی زۆر کۆ بکاتەوە و ببێت بە هێزی یەکەم. زۆربەی چەپەکان، هەرچەندە لە هەندێ خالدا لە گەڵ بەرەی پارتی کار و چەپی سەوزدا نەبوون، بەڵام دەنگیان دایێ بۆ ئەوەی پارتی ئازادیی ڕاستڕەوی خێرت ڤیڵدەرز زۆرینە بەدەست نەهێنێت، لە بەرامبەردا زۆربەی ڕاستڕەوکانیش لەگەل نیگەرانییان لە بۆچوونەکانی بەڵام لە ترسی ئەوەی نەبا بەرەی چەپ زۆرینەی دەنگەکان وەربگرێت دەنگیان بە پارتەکەی ڤیڵدەرز دا.

بە هۆی ئەمەوە پارتە بچووکەکان دەنگی زۆریان لە دەستدا و لە نیوان ئەو دوو بەرەیەدا بوونە ژێر پێوە. ئەنجامەکە ئەوە بوو پارتەکەی ڤیڵدەرز بوو بە پارتی یەکەم و  سی و حەوت کورسی پەڕلەمانی لە کۆی سەد و پەنجا کورسی بەدەست هێنا. هێشتا دیار نییە ئایە دەتوانێت لایەنەکانی دیکە قایل بکات بۆ ئەوەی حکوومەتی لە گەڵدا دروست بکەن، چونکە لە پرۆگرامی سیاسی حیزبەکەیدا نزیکەی بیست خال هەن کە ناکۆکن یا لە گەڵ دەستوری هۆڵەندا یا لە گەڵ دەستوری یەکێتی ئەوروپا یا قانوونی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ کە لە دەوڵەتی قانووندا بەهێچ شیوەیەک ناتوانن پێیانەوە پابەند نەبن. ئەمەش دەرهاویشتەی بەشێکە لە گوتاری پەپولیزمی ناعەقڵانی و بانگەشەی بێ بنەما و سۆز و پەیمانی پووچ کە ئەم جۆرە هێزانە بەخەڵکیان دەدەن. ئەگەر لە کۆتاییدا ناچار بێت لە پێناوی ئەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست دەستبەرداری هەموو ئەو خاڵانە بێت، کە ئێستا  بە وتەی خۆی گوایە خستوونێتنە فریزەرەوە، بەڵام پارتەکانی دیکە بە تایبەتی پارتی (گرێبەستی نوێی کۆمەڵایەتی)ی پیتەر ئۆمزیخت داوای لێ دەکەن نەک بیانخاتە فریزەرەوە بەڵکو فڕێیانداتە تەنەکەی زبڵەوە، خۆ ئەگەر ئەوە بکات ئەوا هیچ ڕاستگۆییەکی لە بەردەم لایەنگران و دەنگدەرانیدا نامێنێت بۆ ئەو بانگەشانەی نزیکەی بیست ساڵە دەیانکات.

 
ئەوەی تایبەتە بە هەڵبژاردنەکانی کەرکووکەوە کە بۆ ئەم وتارە کورتە گرنە و من لێرەدا تەنها باسی دەنگدەری کورد دەکەم،  کۆمەڵی حیزب و کەسایەتی کورد خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێر کردووە. هەر دەنگدەرێکی کوردیش مافی خۆیەتی دەڵی بۆ ئەمیان یا ئەوی تریان لێبدات و حەز بە سەرکەوتنی بکات. ئەمە بارودۆخێکی ئاساییە و ڕەنگبێ لە هەموو شوێنێکی دونیا  بەم شێوەیە بێت. لە وڵاتانی قانوون و دامەزراوەی نیشتمانیی جێگیردا، دەکرێت خەڵک لەم حیزب و لەو سیاسەت نیگەران بێت و حەز بە سەرکەوتنی کەسانی پەپولیست و توندڕەو نەکات، بەڵام ترسی ئەوەی نییە دەستووری وڵات پێشێل بکرێت یاخود دەست ببرێت بۆ ماف و دەستکەوتەکانی گەلەکەی. لە عێراقدا و بە تایبەتی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هیچ یەکێک لەو مەرجانە نەک هەر لە ئارادا نین، بەڵکو پێچەوانەکەی سەروەرە وەک مەترسیی تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و خواستی چەوساندنەوەی نەتەوەیی و مەزهەبیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەو شوێنانە لە دژی دانیشتوانی کورد لە پەرەسەندندان. بەداخەوە لە عێراق بەگشتی و لەو ناوچانە بە تایبەتی دەنگدان لەسەر بنەمای پرۆگرامی سیاسی و گوتاری عەقلانی بۆ پێکەوە ژیان و پێشخستنی ئەو ناوچانە نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای نەتەوەیی و مەزهەبییە و بەرەی بەربڵاوی حیزب و ڕێکخراوەکانی عەرەب و تورکمان هەوڵی سەرەکییان نەک هەر بۆ لاوازکردنی پێگەی کوردە لەو ناوانە، بەڵکو بۆ شکست و سڕینەوەیەتی. 
  
 بۆیە لێرەدا دەنگدانی ستراتیجی بۆ هەموو دەنگدەرێكی کورد لە کەرکووک پێداویستییەکی چارەنووسسازە. ئەگەر بەربژێرێک کە پڕ بەدڵ خۆشت دەوێ و حیزبێک کە پێتوایە لەوانی دیکە زۆر باشترە، بەڵام هیچ دەرفەتی ئەوەی نییە لە ئەنجوومەنی پارێزگا کورسی بەدەست بێنێت، گەر تۆ دەنگی نەدەیتێ هیچ کارەساتێک ناقەومێ و بەو کارەت زیانت بە کەس نەگەیاندووە، بەڵام ئەگەر دەنگت دانێ دەرنەچوون و دەنگەکەت بەفیڕۆ چوو، ئەو کاتە خەتایەکی گەورەت بەرامبەر بە گەلەکەت و نەوەکانی خۆت کردووە و دەنگەکەت لە خزمەتی نەیارانی کوردا بووە. من نە سەر بە هیچ حیزب و لایەنێکم و نە بانگەشەی ئەوە دەکەم دەنگ بەم لایەن یا ئەو لایەنەی دیکە بدە و بەلامەوە گرنگ نییە کام حیزبی کوردیی کورسی زیاتر یا کەمتر دێنێت، ئەوەی بەلامەوە گرنگە یەک دەنگی کورد لە کەرکووک و ئەو ناوچانە نەسووتێت و هەموو کوردێک کە مافی دەنگدانی هەیە بچێتە سەر سندووقی دەنگدان و بە هۆشیارییەوە دەنگ بدات و بۆ ساتێک هەست و سۆزی تایبەتی و پابەندیی بەم حیزب و ئەو هۆز و ئەو بنەماڵەوە وەلاوە بنێت.

لێرە باس لە تاکی کوردی کەرکووک دەکەین و ڕووی دەممان لە ئەو دەنگدەریە، چونکە هیچ هیوایەکەمان بە ئەوە نەماوە کە حیزبی کوردیی گوێ لە کەسانی وەک ئێمە بگرێت. کوردی کەرکووک بەرگەی دەیان کارەساتی گرتووە و ئەم بارە سەختەش دەرباز دەکات و هیچ هێزێک ناتوانێت بیسڕێتەوە. مێژووی خوێناوی بەعس باشترین بەڵگەیە بۆ ئەم بۆچوونەمان.

09/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر