مێژوو و هەواڵی هەڵبەستراو: ئیسرائیل‌و ڕیفیراندەمی کوردستان وەک نموونە

د. جەبار قادر

ڕێبازی لێکۆڵێنەوەی زانستیی لە بواری مێژوودا باشترین ئامرازەکانی دڵنیایی بوون لە ڕاستی و دروستیی هەواڵ و زانیاری خستووەتە بەردەم مرۆڤ بۆ ئەوەی بگات بە ڕاستییەکان یا نزیک بێتەوە لێیان. بۆیە مێژووزان هەر هەواڵ و زانیارییەکی پێدەگات یەکسەر سەیری سەرچاوەکەی دەکات و هەوڵ دەدات بزانێت چەندێ جێگای باوەڕ و متمانەیە. بۆ دڵنایی لە ئەمەش پێویستە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری دیار و ئاشکرا بێت و بەڕاستگۆیی ناسرا بێت، بە ئەمانەت و پیشەییەوە زانیاری بۆ خەڵک بگوێزێتەوە، هیچ بەرژەوەندی و مەبەستێکی تایبەتی نەبێ لە پشتی دروستکردنی ئەو جۆرە هەواڵانەوە. خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەش بۆ هەواڵ و زانیارییەکان کۆڵەگەیەکی گرنگە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستیی و دروستی هەر هەواڵ و زانیارییەک، ئایە ئەو هەواڵە یا زانیارییە چەندێ ڕێی تێدەچێ و لە گەڵ عەقڵ و لۆژیکدا یەکدەگرێتەوە؟. سەدان کتێبی قەبە لە بارەی ڕێبازی لێکۆڵینەوەی مێژووییەوە نووسراون و لە بواری ڕۆژنامەوانی پێشەییشدا سەدان و بگرە هەزاران لێکۆلێنەوە و کتێب لە ئاردان کە ڕێگا بە ڕۆژنامەوان پیشان دەدەن چۆن بچێتە بنج و بنەوانی هەواڵ و زانیارییەکانی و خۆی و دەزگاکەی تووشی ڕوو زەردی نەکات بە دروستکردنی هەواڵی هەڵبەستراو و لێکدانەوەی ناپیشەییانە.
لەم ڕۆژانەدا نامەیەک یا بەوتەی خۆیان (بەڵگەنامەیەک) بە زمانی عیبری لە نێو عەرەبەکاندا بڵاوکراوەتەوە کە بە قسەی ئەوان لە دەزگاکانی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دزەی پێکراوە. نامەکە باس لەوە دەکات گوایە ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٧دا و پێش ڕیفیراندەم کۆمەڵێ ئەفسەری خانەنشین و کارمەندی ناردووەتە باشووری کوردستان و کاری زۆریان بۆ سەربەخۆیی کوردستان کردووە. لەوەش زیاتر ئیسرائیل هەوڵی زۆری داوە لە گەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقا بۆ ئەوەی یەکسەر دان بنێن بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا و لەم کارەیدا سەرکەوتووە!. ناوی کاندیدەکەی پارتیش بۆ سەرۆکی کۆماری عیراق هێنراوە گوایە ئەو نوێنەری بارزانی بووە لە لای ئیسرائیلییەکان. 
کاتێ هەندێ دۆست و هاوڕێ ڕای منیان لە بارەی ئەم "بەڵگەنامەوە!" پرسی، خوێندنەوەی یەکەمم بۆ هەواڵەکە کە بە زمانی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە ئەوە بوو ، دەبێ هەڵبەستراو بێ واتا فەیک بێت. ئەم بۆچوونەم لەسەر بنەمای هەندێ هەل و مەرجی واقیعی بوو کە لە ئاردان: 
1. ئێمە هەموومان دەزانین کە پێداویستییە نێوەکییەکان پێش دەرەکییەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە ئارادا نەبوون و نین. بەر لە هەموو شتێک پرۆسەی نەتەوەسازی و نیشتمانسازی لە کوردستاندا بە هۆی سیاسەتەکانی پارتی و یەکێتییەوە لە ئاستێکی وێراندایە. پێم وانیە پێشکەوتووترین دەوڵەتی ناوچەکە کە ئیسرائیلە ئەم راستییە سەرەتاییانە نەزانێت و ئەوەندە ئاگاداری لە حاڵی وێرانی کورد نەبێت!.
2. بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاشکرا و بۆ چەندین جار ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە سەربەخۆیی کوردستان مافێکی ڕەوای گەلەکەیەتی، واتا ئەمە نهێنی نەبووە کە ئێستا بێن بەڵگەنامەیەک دروست بکەن بۆ ئەوەی ئاشکرای بکەن!. 
3. وادیارە بە لێکدانەوەی ئەوانەی ئەم "بەڵگەنامە"یان هەڵبەستووە، ناوهێنانی ڕێبەر ئەحمەد، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرۆک کۆماری عێراق لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە گوایە کارتەکەی دەسووتێنن. 
4. لە کاتێکدا ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژائاوا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئاشکرا لە دژی ئەوە بوون ڕیفیراندەم ئەنجام بدرێت و هەندێکیان داوایان دەکرد دوابخرێت، باسکردنی ئەوەی گوایە ئیسرائیل هەموویانی قایل کردووە بەوەی یەکسەر دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا بنێن لە درۆیەکی گەورە بەولاوە هیچی تر نییە.
5. ئەوەی بیرەوەری کاربەدەستان و ئەفسەرانی سوپا و مۆسادی ئیسرائیلییان خوێندبێتەوە، ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئەوان زۆر جار خۆیان وەک سوپەرمان پیشان دەدەن و زۆر کردەوە بەناوی خۆیانەوە تۆمار دەکەن کە لە ڕاستیدا ڕووداوەکان وا نەبوونە. ڕەنگبێ ئەمەش بۆ ئەوە بێت کە ئەو وێنە هەمیشەییە جێگیر بکرێت کە بۆ ئیسرائیل دروست کراوە، وەک هێزێکی هەرگیز نەدۆڕاو و دەزگا هەواڵگرییەکەی کە دەستی بە هەموو لایەک دەگات. سەیر لەوەدایە ئەوەندەی میدیای عەرەبی و ئیسلامی ئەم وێنەیان دروست و جێگیر کردووە و خزمەتیان بە ئیسرائیل کردووە، ئەو بە خۆی دروستی نەکردووە. 
لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا وەک کەسێك کە خەریکی مێژووم، دڵم ئاوی نەخواردەوە و گەڕام بۆ ڕێگایەکی دیکە بۆ ئەوەی زیاتر دڵنیابم لە زانیاری و لێکدانەوەکانم. پەیوەندیم بە هاوڕێیەکمەوە کرد کە هەندێ جوو لە ناوەندە زانستییەکانی ئیسرائیل دەناسێ و داوام لێ کرد ئەگەر بکرێت دۆستەکانی باسێکی ناوەڕۆکی ئەو بەڵگەیەمان بۆ بکەن. بە خۆشحاڵییەوە ئەو ئەرکەی بە جێ هێناو و پەیوەندی کرد و یەکێ لە دۆستەکانی بە وردی "بەڵگەنامەکە!"ی کەی بۆ کردین بە ئینگلیزی و پەیوەندیشی بە ئەنداماێی کنێسەتەوە  کردبوو کە نزیکە لە نەتنیاهۆ و لە ڕاستی و دروستی بەڵگەنامەکەی پرسیبوو. وەڵامەکەی ئەو ئەندام کنێسەتە ئەوە بوو کە ئەمە دروست کراوە و فەیک نیوزە و شتی وا لە ئارادا نەبووە. ئەو  پێی وابووە یا هەندێ کوردی بێ ئاگا لە کاروباری دونیا هەڵیانبەستووە بۆ ئەوەی وای دەربخەن کە هەموو شتێ ئامادەیە و کاری سەربەخۆیی تەواوە، یا نەیارانی کورد و ئیسرائیل دروستیان کردووە کە زیاتر ڕەنگبێ عەرەبن، یا تەنانەت ئەو هێزانەی کە لە دژی نەتانیاهون و دەیانەوێ وای دەربخەن کە سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی سەرکەوتوو نییە و سەرەڕۆیی دەکات و ئیسرائیل و کوردیشی تووشی کێشەی گەورە کردووە. 
ئەوەی دەبینم خوێنەری کورد زوو باوەڕ بە هەواڵی هەڵبەستراو دەکات و بڵاوی دەکاتەوە و تەنانەت هەڵوێستی لەسەر بنیات دەنێت، دواتر بۆی دەردەکەوێ کە هیچ بنەمایەکی نەبووە. ئەو "بەڵگەنامە"یەم بە عیبری لە گەڵ وەرگێرانە ئینگلیزییەکەیدا لە لای خۆم پاراستووە و بە باشی نازانم لێرەدا بڵاوی بکەمەوە.
85 Comments
Jabar Kadir


15/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر