د. جەبار قادر
جارێکی تر دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، دەستیان کردووەتەوە بە ڕەنگڕێژکردنی وێنەی "کۆبوونەوە پڕدەستکەوتەکان" و "کەشوهەوای ئەرێنی" لە نێوان سەرۆکوەزیرانی دەستنیشانکراو لە بەغدا و سەرکردە شیعەکان لە لایەک و بەرپرسانی کورد لە لایەکی ترەوە. هەمان ئەو دەستەواژانەی کە ساڵانێکە دەیانبیستینەوە، دووبارە دەبنەوە؛ وەک: چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، چەسپاندنی شایستە دارایی و سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە و داڕشتنی بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا. بەڵام ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکە ئەوەیە کە پتر لە چارەکەسەدەیەکە ئەم قەوانە دووبارە و دەبارە دەبێتەوە، بێ ئەوەی هیچ دەرەنجامێکی کردەیی لێ بکەوێتەوە کە لەگەڵ ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک و ئەو هەموو مەینەتییەی چەشتوویانە، یەک بگرێتەوە.
لە ڕوانگەی کوردەوە، کێشەکە چیتر تەنیا نەگەیشتن بە لێکتێگەیشتن یان گرفتێکی کارگێڕی نییە؛ بەڵکو ئەمە ڕێبازێکی سیستماتیکە کە بەغدا پەیڕەوی دەکات بۆ پەراوێزخستن و بێدەسەلاتکردنی هەرێمی کوردستان، بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتەکانی و لاوازکردنی قەوارە سیاسی و ئابوورییەکەی. ئەم ڕەفتارە لە بۆشایییەوە نەهاتووە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە ناو عەقڵییەتێکی ناوەندگەرای قووڵدا داکوتاوە کە هەر چشنە لامەرکەزییەتێک وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی عێراق دەبینێت. هەرچەندە ئەزموون سەلماندوویەتی کە هەر ئەم ناوەندگەراییە توندڕەوە بووەتە هۆکاری سەرەکیی ئەو هەموو کارەسات و تەنگژانەی کە دەیان ساڵە عێراقیان تێوەگلاوە.
تەنگژەی مووچە تەنیا پرسێکی دارایی نییە، بەڵکو نموونەیەکی زەقی بەکارهێنانی بژێویی خەڵکە وەک کەرەستەیەکی فشاری سیاسی. کاتێک ژیان و گوزەرانی فەرمانبەرانی هەرێم بە بڕیارە ناجێگیرەکانی بەغداوە گرێ دەدرێت، پەیامەکە لە بابەتێکی کارگێڕی تێدەپەڕێت و دەبێتە هەوڵێک بۆ ژێردەستەکردنی سیاسیی هەرێم. لەگەڵ هەر دواکەوتنێکی مووچەدا، دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەخرێتە ناو کۆمەڵگە و بەمەش متمانەی هاووڵاتیان بەو دامەزراوانە نامێنێت کە بڕیار بوو پارێزەریان بن، نەک ببنە ئامرازی فشار و سزای بەکۆمەڵ.
سەبارەت بە پێشمەرگە، سەرەڕای ڕۆڵی کاریگەریان وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق و قوربانیدانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، کەچی هێشتا بەغدا بە گومانەوە لێیان دەڕوانێت و بەردەوامە لە پشتگوێخستنی مافە دارایی و سەربازییەکانیان. لەبری ئەوەی ئەم هێزە لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی ڕاستەقینەدا بکرێتە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانی، بە ئەنقەست لە دۆخێکی نادیاردا دەهێڵرێتەوە و وەک کارتێکی فشار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، نەک وەک جومگەیەکی ستراتیژی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەموو عێراق.
لە بابەتی دابەشکردنی دەسەڵاتیشدا، ئەوەی لە گوتاری فەرمیدا دەگوترێت "هاوبەشییە"، بەڵام لە کردەوەدا ڕۆڵی کورد لە ناوەندەکانی بڕیاردا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. بەشداریی کورد تەنیا لە چوارچێوەی پشکپشکێنەی هەندێک پۆستی دیاریکراودا کورت کراوەتەوە، لە کاتێکدا جڵەوی بڕیارە چارەنووسسازەکان لە دەست لایەنە باڵادەستەکانی شیعەدایە کە زیاتر بڕوایان بە لۆژیکی هەژموونی ناوەندی هەیە نەک هاوسەنگیی نیشتمانی.
پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە بۆچی ڕێککەوتنەکان بە ئەنجام ناگەن، بەڵکو ئەوەیە: ئایا لە بنەڕەتدا ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لە بەغدا هەیە بۆ بونیادنانی هاوبەشییەکی هاوسەنگ؟ ئەزموونە تاڵەکان پێمان دەڵێن ئەوەی پێشنیار دەکرێت تەنیا دەرمانی کاتییە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکان و ڕێ خۆشکردنە بۆ مامەڵە سیاسییەکان، نەک چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان. دوای چەند مانگێک، تەنگژەکان بە توندتر لە جاران سەر هەڵدەدەنەوە و جارێکی تر تۆمەتبارکردنی یەکتر و هێرشی میدیایی دەست پێ دەکاتەوە.
ساڵانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماند کە گرەوکردن لەسەر گۆڕینی ڕەفتاری بەغدا، بێ ئەوەی ڕێساکانی ململانێکە بگۆڕدرێن، کارێکی بێهوودەیە. بەردەوامبوون لە تاقیکردنەوەی هەمان ڕێگەی شکاو و پشتبەستن بە هەمان متمانەی بێبنەما، تەنیا بەرهەمهێنانەوەی شکستی لێ دەکەوێتەوە. عەقڵییەتی ناوەندگەرای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، جگە لە قەیران هیچی تری بۆ عێراق بەدی نەهێناوە و وڵاتەکەی لە ڕیزبەندیی هەرە دواوەی گەشەپێدان و خۆشگوزارانیدا هێشتووەتەوە.
لێرەوە ڕەوایە بپرسین: تا کەی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی چارەسەرێک بێت کە هەرگیز نایەت؟ کەی کاتی ئەوە دێت لە سیاسەتی "پەرچەکردار"ەوە بەرەو داڕشتنی بژاردە و ستراتیژییەکی نوێ هەنگاو بنێین کە سەقامگیری و شکۆی ئابووری و سیاسی بۆ خەڵکی هەرێم و هەموو عێراق مسۆگەر بکات؟
شکاندنی ئەم بازنە داخراوە، پێویستی بەوەیە کێشەکە وەک خۆی بناسین؛ کێشەکە تەنیا لێکتێنەگەیشتن نییە، بەڵکو گرفتێکی بنەڕەتییە لە شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. ئەمەش پێویستی بە بوێری هەیە لە بڕیارداندا؛ چ لە ڕێگەی سەپاندنی مەرجی جێبەجێکردنی بڕیارەکان یان بە پێداچوونەوەیەکی سەراپاگیر بە جۆری پێوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، بە جۆرێک کە مافەکانی هەرێم بێ دووفاقی و دوودڵی بچەسپێنرێن.
خەڵک لە بەڵێن و چاوەڕوانی بێزار بوون. هەتا گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لەم پرسەدا ڕوو نەدات، ئێمە هەر لە ناو ئەو گەڕەلاوژەیەدا دەمێنینەوە: ڕێککەوتنی کاتی، تەنگژەی دووبارە کە هاووڵاتی هەمیشە باجەکەی دەدات. تەنیا جیاوازی ئەوەیە کات دەڕوات، متمانە نامێنێت و دەرفەتی بونیادنانی دەوڵەتێکی دادپەروەریش کەمتر دەبێتەوە.
د. جەبار قادر