ئەوەی ژێربەڕەی خستە سەربەڕە

زانا تۆفیق بەگ
 
لە پەڕاوێزی ووتارەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەبارەت بە کێشە هەڵواسراوەکانی یەکێتی و پارتی و بەتایبەتی تیمی یەکێتی لە حکومەتدا . زۆر بە ڕاشکاوانە هەموو بابەتەکانی هێنایە سەربەڕە .
دیارە دۆخەکە مەترسیدارە چونکە یەکەم جارە بە شێوەیەکی فەرمی و ڕاستەخۆ سەرۆک وەزیران ئاڕاستەی تۆمەتی بە هەدەردانی داهاتی شاری سلێمانی و نەگەڕانەوەی داهاتی خاڵە سنورێیەکانو  داهاتی نانەوتی لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە مونوپۆڵ دەکرێ.لە ناوەڕۆکی بەلاغی فەرمی بەڕێز مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای داخستنی دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکارجافیان کردوە . کە ئەمە زەنگێکی ترسناکە، چونکە تاوانی تیرۆرکردن لەسەر هەر هۆکاربێ دەرئەنجامەکەی بۆ ناو ناوبانگی هەرێمی کوردستان زۆر خراپە بەتایبەتی لە شارێکی وەکو هەولێر کە زیاتر لە پێنج سەد نوێنەرایەتی ووڵاتانی جیهانی تێدایە .
بەشێکی تری کێشەکە بریتیە  لە نەمانی گوتاری سیاسی یەکگرتوو لەناو خودی یەکێتیدا  چونکە هەر هێزیەکی سیاسی ئەگەر تووشی لێکترازانی ناخۆی ببێتەوە ناتوانی بەشێوەیەکی ڕێکخراوەیی بەشداری هیچ پرۆسیەکی سیاسی و ئیداریدا بکات. 
 بەشێکی تری  کێشەکە پەیوەندی بە  هەڵبژاردنی داهاتووە هەیە.  چونکە لەم دۆخەی ئێستای یەکێتیدا وا چاوەڕوان دەکرێ نەتوانی پاڕێزگاری لە ڕێژەی کورسیەکانی ئێستایان بکەن. ئەگەرەکان وا پێشبینی دەکرێ ، کە نەتوانن لە شەش کورسی زیاتر مۆسگەربکەن. وە ڕۆژلەدوای ڕۆژ هێزی جەماوەری یەکێتی ڕووی لە داڕمانە چونکە لەناوچەی سلێمانی جگە لە قەیرانی ئەمنی ئاستی بژوێ خەڵکی بەجورێک خراپە هیچ کەس ولایەنێک ڕازی نیە لە دەسەڵاتی یەکێتی لەم ناوچەیەدا.  
بژاردەکانی بەردەم یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ پارتیدا جگەلەوەی دەبێت کۆی گشتی داهاتەکانی سلێمانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بکات چونکە بەڕێز مەسرور بارزانی لە ناوەڕۆکی روونکردنەوەکانی موکوڕە لەسەر ئەوەی کە نابێ داهاتی ناوچەکانی سلێمانی لەلایەن یەکێتیەوە قورخ بکرێ دەبێ شەفاف ئاشکرابکرێت بۆ حکومەت هاوکات  بژاردەی دووهەم دەبێت داوا لە حکومەتی عێراق بکات کە ئیدارەی سلێمانی بکات .لە هەردوو حاڵەتەکەدا یەکێتی ناتوانێ چارەسەری قەیرانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بکا ئەگەر ئیرادەیەکی یەکگرتووی خاوەن بڕیاری سیاسی بەهێز لەناو سەرکردایەتیەکەیدا دروست نەکا وە دەستێوەردانی دەرەکی لەم کێشەیەدا دوورنەخرێتەوە .

16/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر