دووفاقی تاکو دابەزینی موڕاڵ

زانا تۆفیق بەگ
زۆربەی دیدگاکان دەڵێن سیاسەت وەک بەشێکی سەرەکی بزوێنەروچالاکی ناو کۆمەڵگایە ، پێویستی بە موڕالیەکی بەرزی زانستی هەیە، هاوکات  پەیوەندیەکی بەردەوامە  بەو واقیعە ناجێگیرەی  کۆمەڵگا. وەکو  کانت دەڵێ ( سیاسەتی ڕاستەقینە هەرگیز ناتوانێ بەردەوام بێت پێش ئەوەی ڕەچاوی موڕالی نەکردبێت). پێ دەچێت ئەم لێکدانەوەی کانت لەلای هەندێ کەس  بە شێوازیەکی جیاوازتر شروڤەی بۆ بکرێت . چونکە بەشێک لە تێڕوانینەکان  دەڵێن موڕال هیچ پەیوەندیەکی بە سیاسەتی واقیعەوە نیە ، بەردەوام  ڕۆژانە هەلسوکەوت دەکات ، لەگەڵ فاکتو ڕووداوە ئانیەکاندا ،   لەبەر ئەوە موڕالیش وەکو پروسیەک هەمیشە لە هەڵکشانو دابەزیندایە . بۆیە بەپێی ئەم دیدگایە  موڕال جیاوازە لە کایەی سیاسەتو یەکانگیر نابێتەوە .

بە دیویەکی تردا  سیاسەت پەیوەندیەکی گرنگو ئورگانی هەیە بە موڕالەوە ، ئەم پەیوەندیە لە تێڕوانینی بەشێکی زۆری بیرمەندانە وە سەرچاوەی گرتووە ، چونکە هەندێک پێیان وایە کارکردن لە زانستی سیاسیدا بەبێ  بوونی موڕاڵ دەبێتە هونەری دەستبڕینو دەڵاڵیکردن  بۆ دەسکەوتە مادیەکان ، باشترین نمونە ئەو دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستانی  تێکەوتوە. کە هیچ بنەماو ئاکارێکی بەرزی سیاسەت لە پێناوی چاکەی گشتیدا بوونی نیە جگە لە هەڵپەکردن بۆ دەستکەوتی مادی لە ژێر ناوی سیاسەتکردنو خزمەتی نیشتمان وەبەشێکیتریان لەژێر پەردەی  تێکستە دینیەکان خەریکی گیرفان پڕکردنو خۆدەوڵەمەندکردنن کە گوایە ئەمان هەڵگری ئەخلاقیەتی دینین نەک نوخبەی سیاسی ئەمەش خۆڵکردنەچاوی خەڵکی عەوامە.

پێویستە  بلێن نەمانی موڕالو نوڕمە ئاکاریەکان فاکتەری سەرەکی  نەمانی بەها پیرۆزەکانی ناو ستراکتوری کۆمەڵگایە وە لایەنی کەمی  ڕەفتاری مرۆڤەکانی گوڕیوە.

ئەم حاڵەتە دۆخێکی ناسەقامگیری دووڕووی دروست کردوە، بۆ تاکەکان واتە ئیزدیواجیەتی تاک یان بلێن دووفاقی لە ڕەفتارو گوفتاردا ، وەکو ئێستای تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردستانی تەنانەت ئەندامەکانی حیزبی کوردی . ماکەکانی ئەم دەردە تەنها نوخبەی سیاسی نەگرتۆتەوە بەڵکولقوپۆپی فراوانی  لێکەوتۆتەوە بەتایبەتی لەسەر ڕەفتاری ڕۆژانەی تاک بەتاکدا  لە کوردستان، تەنانەت نوخبەی ئەکادیمینستەکانیش بێ بەشنین لەم دووفاقیەیی انسانی کورد، بەشێکیان بەبێ هیچ توانایەکی زانستی هەوڵی ڕوشاندنی بەرامبەرەکەی ئەدات لەپێناو داپۆشینو نەشارەزایی و بێ توانای خۆی .

تەنانەت ئەم دەردە مرۆڤەکانی کوردی گرتۆتەوە لە تاراوگە  بەشێکیان لەژێر ناو ناونیشانی ناڕاستو وەهمی شیکاری بۆ چەندین دۆخی هەستیارو چارەنوساز دەکەن بەبێ ئەوە هیچ زانیاریو بەڵگەو توانایەکی تایبەتیان هەبێت لەسەر دۆخەکە یان هەڵگری هیچ بڕوانامەیەکی ڕاستەقینەی تەواوبن لە بوارەکەدا لە هەموو گاڵتەجار تر ئەوەیە ئەگەر دانیشتوی هەندەران بێت ، پاشگریەکی زانستی یان پیشەی بخیتە پێش ناوەکەت هەموو تاکەکان یان بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بەناوی پاشگرەکەوە بانگت دەکەن بەبێ ئەوەی بزانێ ئایا تۆ هەڵگری ئەو پاشخانە زانستیەی یان تەنها وەهمە . واتا قسەیەکی بەرزی فەرەنسیەکان هەیە کە تائەندازەیەکی باش لەئێستادا کاردەکات لەناوکۆمەڵگای کوردیدا دەڵێت سێ جار درۆ دەبێتە ڕاستی لە دواجار خۆت قەناعەت بە درۆکە دێنی کە ڕاستە .

25/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر