سیاسەتکارومۆدیلی نووسەری حیزبی

زانا تۆفیق بەگ
مرۆڤ وەک تاکەکەس مافی هەڵبژاردنی فۆڕمێکی سیاسی یان ئایدۆلوژیایەکی فکری هەیە. وە لەژێرکاریگەری  ئەو بزوتنەوەیەدا دەتوانێ دیدو تێڕوانینی عەقڵانی پێشکەش بە کۆمەڵگاکەی بکات. 

بەڵام ناکرێت هەموو نووسین و لێکوڵینەوەکان لەژێرکاریگەری ئینتمای سیاسیدا بێت . دەکرێت جورێک لە ئۆتۆنۆمی بیرکردنەوە لە ئاکارو نووسینەکاندا ڕەنگدانەوەی تایبەتی تێدابێ ، دیدێکی تەواو پۆزەتیڤیانەی بۆ عەقڵانیبوونی مرۆڤ  بێ ، چونکە ئازادی مرۆڤ ئاکارێکی گەردوونیە  لە هەرشوێنکی جیهاندا بێت مافی ئازادبوون و سەربەخۆی لە دیدو بیرکردنەوەکانی داهەیە.

لە کوردستاندا کەمن ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی کە لە چوارچێوەی حیزبێکی سیاسیدا کار دەکەن جەگەلە  ئینتیمابوونیان بۆ حیزبەکە ،  نووسین و گوتارەکانیان بەرگریکردنبێ لە دەستورێکی ڕێزلێگیراو ئازادییە سیاسی ومەدەنییەکان بپارێزن ، یان جورێک لە سەربەخۆیی  بابەتیانە  لە ووتارەکانیاندا ڕەنگدانەوەی هەبێ ، یان  لایەنی کەم ووتارەکانیان چاکەو خراپەی سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنو کریزەکانی بەردەم هاونیشتمانی لەناو گشت کایەکانی   کومەڵگا دەستنیشان بکات .

بەداخەوە ئێمە نەمانتوانیوە لە ناو کایەی ڕۆشنبیراندا خاوەن  جۆرێک لەو بوێریە  بین.  زۆرن لە دنیای ئەوروپادا هەم سیاسین هەم خاوەنی دیدگاو ووتاری نیمەچە سەربەخۆی خۆیانن  ،باشترین نمونە ( ئالان لوپێن)ی فەڕەنسی یە  جەگەل  لە ئەندام بوونی لە ناو حیزبێکی سیاسیدا هاوکات لە نووسینەکانیدا چەندین بابەتی گرنگ و هەستیار باس دەکات ، کە پێچەوانەی ستراتیژێتی حیزبەکەیەتی ، جەگەل لەوە بەکارهێنانی کۆمەڵی چەمک و تێڕوانینی  لایەنە دژبەرەکانی حیزبەکەی لۆپێنن ، بەڵام زۆرشێلگیرانە داکۆکی لەو بابەت و کێشانە دەکات کە ئێستا لە ژینگەی سیاسی ئەوروپاو فەڕەنسا بوونی هەیە  .

 لەم دیدگایەوە ئەگەر  بمانەوێ نرخ و سەنگی ووتارو ئایدیاکانی نووسەرانی حیزبی سەنگو قورسایی تایبەتی هەبێ وە لە دروستگردنی بڕیاری سیاسیدا بەشداربن نووسەرانی حیزبی ده بێ واز  لە نووسینی ئینشائی و سەتحی  بهێنن ،  ببنە خاوەن ئایدیای نیمچە سەربەخۆ خۆیان ، دەبێت هەوڵی گوڕانکاری بنچینەی بدەن لە هزری فۆڕمە سیاسیەکانی کوردستاندا ، لە دۆخی حیزبی دیسپلینی و ئایدۆلوژیای توندوتیژی چەقبەستو  ڕزگاریان بێت . 

پانتایەکانی ئازادی سیاسی و کومەڵایەتی فراوانتربێ لە  ووتارو هەڵوێستەکانیاندا ، هاوکات مەودای ئازادیە سیاسیەکان  بۆ نووسەرانی حیزبی فراوانتر بکرێ سانسۆر کەمبکرێتەوە  ، ڕێگە  لە جورێک لە سەربەخۆی بیرکردنەوە بۆ ڕۆشنبیران و نووسەران لە دەرەوەی ئایدۆلوژیای سیاسی فەراهەم بێ . چونکە هەتا ئێمە خاوەنی نووسەرو ڕۆشنبیرو پەڕگیڕ و ڕادیکاڵی سیاسی بین لە ناو دامودەزگاکانی حیزبدا  ، ناتوانین ببینە خاوەنی دیسکۆرسێکی سیاسی ئازاد لەناو پڕۆسەی مێژوودا.

31/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر