ئەرکی راگەیاندن لەرووی پلان دانان

سۆما خالید
پلان بە چەمکێکی تازە دادەنرێت و بریتیە لە کێشانی هێڵێکی پان بۆ بەدیهێنانی ئامانج لەسەر بنەمای( توانا، پێداویستی، پڕۆگرام) لە خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و پرۆسەیەکە بۆ ڕێكخستنی هێزی مادی و مرۆیی بەسەرپەرشتی كردن و چاودێری كردن، کە مرۆڤی هوشیار پەنای بۆ بردووە بۆ سوود وەرگرتن و هاوسەنگیەک لە نێوان ئەرک و ئارەزووکانی ژیان، چونکە گەورەترین ئامانجی پلاندان سوود وەرگرتنە لە تواناو وزەکانی، هەر چەندە دەوڵەتانی سەرمایەدار لە رووی زانستی و پراکتیکەوە زیاتر کەڵکیان لێوەگرتووە، کە پێویستە بنەڕەتیەکان دەستبەر دەکات و بەو شێوەیەی لەگەڵ فەلسەفەی سیاسی باودا بگونجێت. وە لەم قۆناغەدا پێویستی بە توانین و گۆڕانکارى و جێبەجێکردنە، لەبەر ئەوەى پێویستە هەموو کەسێک بە دانانى پلان پرەنسیپێکى گشتگیر دابنێت، کە ئەمەش پێویستی بە رێنمایی هەیە.

لێرەدا باس لە‌ پلاندانی ڕاگەیاندن دەکەین، کە پلاندانانی ڕاگەیاندن و بەشداریکردنی حکومەت و سیاسیە باڵاکان لە بەرپرسیارێتیەکاندا، بووەتە یەکێک لە پێداویستیەکانی سەردەم و پلانە سەرتاسەرییەکانی جیهان، بە جۆرێک بایەخدانێک بە بڵاوکردنەوە و بەرهەمهێنانی ڕاگەیاندنی دەرەکی بەدیدەکرێت، ئەمەش لەگەڵ ستراتیژی دەوڵەتدا دەگۆنجێت، وە ئەرکی سەرشانیانە ئامانجە گشتیەکانی و رۆڵی دیاری بکەن لەچوارچێوەی پرۆسەی کۆمەڵایەتی گەورەی دەوڵەتەکانیاندا. راگەیاندن بووەتە فاکتەرێکی بنەڕەتی و چالاک لە بزاڤی دەوڵەتاندا بەجیاوازی رەوتی سیاسیانەوە، بە جۆرێک پەیوەندییەکی بەتین لەنێوان راگەیاندن و سیاسەت هەیە بە ئاوێتەبوون لە قەڵەم دەدرێت، وا دەخوازێت پلاندانێکی سیاسی و پراکتیکی فراوان بۆ سیاسەتەکانی راگەیاندن و گەیاندن بەهەردوو ئاستی ناوخۆو دەرەکی هەبێت و لەسەر کۆمەڵێک قوناغ و هەنگاوی ئەوتۆ بنیادنرابێت، کە بۆ ڕووبەرووبونەوەی هەلومەرج و کێشەکان پەیڕەو بکرێن. 

هەرچەندە کاری ڕاگەیاندن سەربەخۆ نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا بەو سیاسەتانەوە گرێدراوە کە دادەنرێن، بۆیە دەزگاکانی ڕاگەیاندن وەک ئاوێنەیەک دەبن کە ئەو سیاسەتانە دەنوێنن و بایەخ لەسەر لایەنێک، یا خود لایەنێکی تر چڕ بکرێتەوە و رووناکی بخرێتە سەر، پاشان وەگەڕخستنی توانای مادی و مرۆیی میدیاکان لە پێناو بەدیهێنانی کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراوە، کە سوود لە توانا و هێز و شارەزاییە میدیاکان وەڕدەگرن، کە بەچەند پلانێکی تەواوی راگەیاندنی ئەوتۆ بەشێوەیەکی کارا جێبەجێدەکەن، هەمو ئەمانە وەک فاکتەرێکی گرنگ لە پەرە پێدانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر وەک ئەو کار و ئەرکانەی لەم سەردەمەدا دەیانبینین، تەنیا ئامرازێکی کلاسیکی هەواڵ و کاتبەسەر‌بردن نیە، بەڵکو بووەتە هونەرێکی ئاڵۆز و ورد کە چەندین دامەزراوە ئەم کارە دەکەن و تەکنەلوژیای هاوچەرخ و توانای مرۆیی و مادی گەورەیان بۆ تەرخان کردوون، کە بونەتە پاڵپشت بۆ هێز و دەسەڵات. 

بۆ چارەسەر کردنی ئەم دۆخە پێموایە ئەرکی ڕاگەیاندن ئەوەیە، دەبێت پشت بە سیاسەتێک ببەستێت کە لە تیۆرێکی سیاسی سەرچاوە دەگرێت و لەچوارچێوەی بوارەکانی دیکە هاوسەنگ بێت، وە مەرجە بەگوێرەی ستراتیژێکی تایبەت بەخۆی بەرێوەبچێت، کە بە ستراتیژی گەیاندن ناسراوە. لەگەڵ ئەوەشدا جگە لە بواری سیاسی، لە بوارەکانی دیکەی وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سەربازی یەکتر تەواو بکات، بەمەش رووبارێکی بەپێز بۆ کاناڵە جیاجیاکانی راگەیاندن دەستەبەر دەبێت، وە یەکێک لە سیفەتەکانی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان ئەوەیە کە هەنگاوێکی دوور و درێژیان لەبواری توێژەری زانستی تایبەت بەم پسپۆڕیەدا بڕیوە، بەجورێک توانیویانە ڕووبەڕووی چەندین کێشەی راگەیاندن ببنەوە، بۆیە پێویستە لەسەر بنەمایەک بنیادنرابێت، قابیلی جێبەجێکردن، بواری هەموارکردن و هاوسەنگی بێت تا سودێک ببەخشێت. هەروەها راگەیاندن پێویستی بە دەزگایەکی ستراتیژی تایبەتمەند هەیە، کە کارمەندەکانی باوەریان بە پلاندانانی زانستی هەبێت چ لەرووی فیکرە و جێبەجێکردن، وە کارمەندەکانی کاناڵ لەرووی کەسایەتی هەڵبژێردراو بن و کاریگەری لە جەماوەری ناوەوە و دەرەوە دروست بکات، واتە توانای قەناعەتپێکردنیان هەبێت، چونکە لە پاڵ گەیاندنی تاکە کەسییدا کاریگەریەکی گەورە لە قەناعەتپێکردندا هەیە، وە چەندین پسپۆری زانستی تێدا بەشدار بێت و شانبەشانی پسپۆرانی ڕاگەیاندن و سیاسەت و ئابووری و دەرونناسی و کۆمەڵناسی و هی دیکەش بگرێتەوە، بەجورێک چالاکییەکانی پرۆسەی یەکتر تەواو و دەستبەر و میدیا رەنگڕێژ بکەن، ئینجا دەبێت لە سۆنگەی ئەو کێشانەی چارەسەری دەکەن ئەو پرسیارانە بورۆژێنن، ئەمەش بە سیفەتی پلاندانای سەرکەوتووی راگەیاندن دادەنرێت.

12/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر