ژنانی پێشەنگ

سۆما خالید



کاتێک ژنان داوای یەکسانی بوون لەگەڵ پیاوان دەکەن،  مەبەستیان پیاوی خراپ نیە بەلکو دەیانەوێت لە کۆمەڵگادا وەک مرۆڤ سەیر بکرێن، نەک ته‌نیا به بیر و هزر و بازووی پیاوان به‌ڵكو بەهاوبەشی ژنانیش بناغەی کۆمه‌ڵگا دابنرێت.

 
هەر بویە دەسەڵات پێویستە ئەوە بزانێت، کە ئەو ژنانەی دەنگ بەرز دەکەنەوە هیچ هێز و ترسێک نییە بیانوەستێنێت، پێیانوانەبێت دەتوانن بەسەریاندا زاڵ بن و دەنگیان کپ بکەن، چونکە لەهەر ساتێکدا بێت نارەزایەتی ژنان دەتەقێتەوە و لە بناغەوە هەڵیدەتەکێنێت، کەسیش توانای شکاندنی ئیرادەیان نامێنێت و شکست دەهێنن.


پاشان پێویستە پیاوان پاڵپشتی ژنان بکەن و نرخی روڵ و پێگەیان بزانن تا لە تەواوی بوارەکانی کۆمەڵگا وەک ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیریدا دەستیان هەبێت، هەر وەک چۆن لە دێر زەمانەوە ژنانی کورد شانبەشانی پیاوان ڕۆڵێكی به‌رچاویان هەبوە لە شۆرشگێڕ وخەبات و بەره‌نگار بوونەوە بۆ پاراستن و مانەوەی کلتوور و نەتەوەکەمان، کە شوێن پەنجەی خۆیان دەرخستووە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیه کە بە سەدان ژنی بەتوانا و لێهاتوو و بوێر لەبوارە جیاجیاکاندا بوونیان هەیە، کە شایانی رێز و شانازین بۆ گەلی کورد. هەر وەک ناپلیۆن لە وەسفی ژندا دەلێت: "ئەو ئافرەتەی کە بە دەستێک لانک ڕادەژەنێت دەتوانێت بەدەستەکەی تری جیهان بلەرزێنێت". کەواتە ئێوەش ژن وەک مەزنێک ببینن.


ھەرچەندە مافەکانی ژنان لەچاو ساڵانی رابردوو جیاوازیەک بەدی دەکرێت بەڵام وەکو پێویست جێی خۆی نەکردوەتەوە، بەلکو بەلارێ بردنی مافەکانی ژنان بە دیوێکی تر کاریگەری‌ لەسەر ژیانی ژنانی ئازادیخوازان دروستکردووە، کە ئەمەش بە پلانێکی دارێژراو جێبەجێی دەکرێت تا ژنان لەشوێنی خۆیان بوەستێنن، چونکە لەهێزی ژنان و کچانی رۆشنبیر و شۆرشگێر دەترسن و دەزانن لەهەر کات و ساتێکدا بێت دەتوانن گۆڕانکاری و وەرچەرخانی نوێ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دروست بکەن 


30/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر