بوونی دەزگای راگەیاندن لەهەر کۆمەڵگایەکدا نیشاندانی شارستانیەتی ئەو کۆمەڵگەیە، کە لەیەکسانیبون و گەشەکردنی ئاستی ڕۆشنبیری تاک و گەشەسەندنی رەوشی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی خۆی دەبینێتەوە، هەروەها پیشاندانی و ناساندنی نەتەوە بەدنیای دەرەوە و گەلانی جیهانە و دەخرێتە خزمەتی هاونیشتمانیان.
ئەرکی ڕاگەیاندن پێش هەمو شتێک بەرپرسیاریەتیە و دەبێت بزانرێت چۆن ئەو بەرپرسیاریەتیە دەپارێزرێت گەر کۆمەڵایەتی یان ئاسایشی نەتەوەیی بێت، پێویستە گواستنەوەی ڕووداو و پێشهات و زانیاری بەڕاستگۆیی و شەفافیەت و واقیعی بێت و هاوکاتیش هەبوونی پەیوەندیەکی توکمەیە لەرووی بەرێوەبەردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگا.
دەزگای ڕاگەیاندن دەبێت ئامانجی کارکردنی روون و شەفاف بێت و بەڕاستگویانە ئەرکەکانی میدیا جێبەجێی بکات، ببێت پردێک لەنێوان خەڵک و حکومەت نەک بەمەبەستێکی شەخسی و لایەنێک هەنگاوەکانی بنێت. هاوکات بەشێوەیەک کار بکات وا لەبینەر و گوێگر یان خود خوێنەر بکات نەتوانێت دەستبەرداری کۆنترۆڵی تەلەفزیون و خوێندنەوەی ماڵپەرەکان بێت بەمەبەستی گەڕانی بەردەوام بەشوێن زانیاری، بەجۆرێک کە هەست بکات بەدیار ئوستازێکی زانکۆ دانیشتووە، چونکە تاک دەتوانێت بڕیار بدات سەیری کام میدیا و بەرنامەیەک دەکات و دەیکاتە سەرچاوەی زانیارییەکانی، نەک دەزگای راگەیاندن بەدوای بێنەر و خوێنەر رابکات.
ئەمڕۆ دنیای راگەیاندن پێچەوانەی هەمو ئەوانەی سەرەوە بۆتەوە کە باسم کرد، بەشێک لە میدیاکانی ئەم سەردەمە لەپێناو بەرزکردنەی لایک و کۆمێنت پێشبرکێی زیادکردنی بێنەر دەکەن و ئەرک و رۆڵی میدیاییان لەبیرکردوە، بابەتەکانیشیان جگە لەچەواشەکاری، ئاژاوەگێری و تێکدانی شیرازەی خێزان و لادان لە بەهاکانی ئەخلاقی میدیایی هیچیتر نیە، هەمو ئەمانەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری تاک دروست دەکات و تاک دەخاتە خانەی سڕبون و کۆمەڵگای مێگەل بەرهەم دەهێنێت.
کاتی ئەوە هاتوە، ئیتر ئەو دەزگایانە بۆ بنیادنانی ژینگەیەکی تەندروست و سرینەوەی ئەو شتانەی لەمیدیایەوە خراوەتە هزر و مێشکی کۆمەڵگا، بەپاراستن و گەڕانەوەیان بۆ بەهاکانی ئەخلاقی و ڕاستی و سەنگینی میدیایی هەمو ئەوانە لە مێشکیان بسڕنەوە، وە کاتێک
ئاشتەوایی و بەهای میدیایی پارێزراو دەبێت، کە بەرپرسیاریەتی کۆمەڵگا دەخەنە ئەستویان. پاشان لەدوای ئەنجامدانی ئەو هەنگاوانە دەردەکەوێت توانراوە چەند سوود بە تاک گەێنراوە و لەرووی مەعریفە و زانستیش چەند گەشەیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەرێگەی بەرنامە و پرۆگرامی بەسوود دەتوانن بچنە ناو خانەی شانە دەمارەکان بۆ مەبەستی دۆزینەوەی رێگا چارەسەرێک بۆ کێشەو گرفتەکانی هاوڵاتیان و بەتایبەت خێزانەکان، ببنە رێگە نیشاندەریان، ئەمەش بەرێگای هونەری میدیایی و بەڕەچاوکردنی داب و نەریت و کلتوری کۆمەڵگا دەکرێت.