خەتەنەکـردن لە دیدی باوباپیرانەوە

سۆما خالید
خەتەنەکردن نەریتێکە پێش هاتنی ئیسلام و تەنانەت  لە ئایینەکانی دیکەش بوونی هەبووە, بەڵام خەڵکیان وا تێگەیاندووە کە ئایین خەتەنەکردنی بەسەر کچاندا سەپاندووە و هەر کەسێک جێبەجی نەکات ئەوە دژایەتی ئایین دەکات، بەڵام نەشتەرگەرییەکانی خەتەنەکردن سیستمی کۆمەڵایەتی و ئابووری باوی ناو کۆمەڵگەکانن، هەروەها بە یەکێک لە تاوانەکانی کۆیلایەتیی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دادەنرێـت کە هۆکاری خەتەنەکردن بۆ سیستمی پیاو سالاری ئەگەرێتەوە کە شەرعییەت بەفرەژن و سیستمی کۆیلایەتی داوە پاشان ئەو خەتەنەکردنەی کە بۆ کچان دانراوە هیچ پەیوەندییەکی بە زانستە پزیشکییەکانەوە نییە تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی کە دریژ بووەتەوە بوناو عەقڵی پیاوە و کۆمەڵگاوە.

هەندێک کەس ئەم خەتەنەکردنە بە پاککردنەوەی کچ ناو دەبات لە کاتێـکدا دەبێتە هـۆی ئامادە نەبوونی ژن بۆ پێگەێشتی سێکسی کە چەندین گیرو گرفت دروست دەبێت لەوانە کێشەی خێزانی و کاریگەرییە دەروونییەکان.

وەک دڵەڕاوکێ و دڵتەنگی و ترس و بیرکردنەوە لە لەدەستدانی کەرامەت، کە ئەمەش وا دەکات کچەکە متمانە بەخۆی نەمێنێت گوشەگیری ئەکات، چونکە پرۆسەی خەتەنەکردن بەتەنها بڕینی ئەندامێکی لەش نییە، بەڵکو بێ ڕێزیکی دەروونیشە.

نەشتەرگەریی خەتەنەکردن لە ڕێگەی پیرەژنەکانەوە ئەکرێت نەک پزیشک. ئەو پیرەژنانەی تائێستا نوێنەری شەرەفی باڵان لە ناوەندە میللیەکاندا کە زۆرینەی کۆمەڵ پێکدێنن, کە هەندێک جار وشەی ناشرین  ئاراستەی کچەکانیان دەکەن، ئێنجا زۆرێک لە ژنان باس لەوە دەکەن کە تووشی هەڕەشە و کوشتن دەبنەوە لە کاتێکدا کە هەر خۆیان  دەست بۆ گیانی یەکتر ئەبن، لەلای هەندێک لە پیاوانیش پێیان وایە خەتەنەکردنی کچەکانیان پارێزگاریکردنە لە شەرەفی خۆیان 

ئێـمەی ژنان نابێت رێگە بەوە بدەین کە ئەم هەموو ئازاردانە قەبوڵ بکەین نابێت خۆمان بکەین بە پارێزەری ئەو رەوشتە سـاختەیە، چونکە خەتەنەکردن دەرەنجامی سەرجەم ئەو کێشانەیە کە رووبەڕووی ژن دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا  هەموو کاتێک بە ئاشکرا لە لایەن پیاوانەوە ژن بە مرواری پارێزرا و گەوهەری شاراوە ناوبراوە، بەڵام بە نهێنی دژی دەوەستێتەوە و خۆی لەو بە بەرزتر ئەزانێت و بە هاوڵاتی پلە دوو بینراوە وە کراوە بە تابلۆیەکی نیشانە  ئاسان بۆ گولەوێڵەکانی پیاو وە  پەێکەرێکی ناو بەتاڵی ئەوتۆی لە ژن دروستکردووە. بەداخەوە زۆرێک لە ژنان بە کێشەی نازانن، بەڵکو بە مافێکی ئیلاهی پیاوی دادەنێن، ئەوانەی پارێزگاری لە خەتەنەکردن ئەکەن ژنان، لەبەر ئەوی تاکە ئامرازیانە بۆ پاراستنی خۆیان و مسـوگەرکردنیان رۆڵ و دەوریان لە کۆمەڵگادا،تەنانەت خەتەنەکردن تاکە ئامرازێکە بۆ ژێر دەستە کردن و زەلیلکردنی ژن، وە ئەم نەریتە دڕندانەیە پەیوەندی نەبەشەرەف نەبەپاکییەوە نییە.

28/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر