کلاسیکۆی نێوان دکتۆر بەرهەم و هۆشیار زێباری

هیوا حسن
ئەگەر دکتۆر بەرهەم لە هەڵبژاردنی پێشوو بەهۆی ئەو گۆڕانکاریە سیاسی و ئەمنیانەی کە لەعێڕاقدا رویاندا بەتایبەتی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرو دەرکردنی دەسەڵاتی کوردی لەناوچە جێناکۆکیەکان کە بەشێک لەسەرکردایەتی ئەوکاتەی یەکێتی ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆژێر دەسەڵاتی ناوەندو هەروەها لاوازبوونی پێگەی پارتی لەعێڕاق و ناوچەکەو جیهان بەبۆنەی سەرکێشی لە ئەنجامدانی ریفڕاندۆم  وایکرد لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دکتۆر بەرهەم لە رکابەرەکەی کە دکتۆر فٶاد حسین بوو سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت و خۆی بگەیەنێتە کۆشکی سەلام.

بەڵام رەنگە لەم قۆناغەی ئێستادا کە هەم یەکێتی بەبۆنەی کێشەکانی نێو خۆیەوە هێزو پێگەی خۆی لەدەستداوە ، هەم بەهۆی ئەوەی کە پارتی توانیەتی لەماوەی ئەم سێ ساڵەی ڕابردوودا سەنگ و قورسایی خۆی بەرێتەوە نێو ناوەندەکانی بڕیاردان لەبەغدا بەتایبەتی ئەو جوڵە سیاسیەی چەند رۆژێک پێش یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بە بەستنی هاوپەیمانیەکی بەهێز لەگەڵ سونەکان و سەدریەکان کە لەئەنجامدا توانیان کاندیدەکانی هاوپەیمانیەتیەکەیان بەزۆرینەی رەها بەرنە سەرۆکایەتی پەرلەمان، واتا ئێستا پارتی لەبەرەیەکی بەهێزدایە کە جگە لە زۆری دەنگەکانیان لە پەرلەمان کە ئەتوانن بە ئاسانی ئەوەی بیانەوێ بەدەستی بهێنن، هەمیش توانیانە پاڵپشتیەکی بەهێزی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن دژی بەرەی ئێرانی کە خۆی لە هەماهەنگی بەشێک لە شیعەکان و یەکێتی ئەبینێتەوە .

کەواتە بەپێی ئەم هاوکێشەیە بێت ئەگەر یەکێتی و پارتی لەسەر یەک کاندید ڕێک نەکەون و بە دوو بەربژێر بڕۆنە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە ، بێگومان لەم کلاسیکۆیە زێباری ئەبێتە براوەی یاریەکەو بەرەو کۆشکی سەلام ئەڕوات و ئەستێرەی دکتۆر بەرهەمیش بەرەو ئاوابوون .

13/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر