کەرکوکتان لەدەستدا، بەغدادتان پیرۆز

هیوا حسن
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە کەرکوک لەروی تەعریب و لەدەستدانی پۆستە سیادیەکانەوە بەدۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت، رۆژ لەدوای رۆژ پۆستەکانی فەرمانگەکانی کەرکوک لەکورد وەرئەگرنەوەو عەرەب یان تورکمان لەشوێنەکانیان دائەنرێت ، تازەترینیشیان گۆڕینی دوو بەرپرسی کوردە لە فەرمانگەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتیەکانی کەرکوک و هەروەها پاکتاوکردنی بەرپرسانی کوردە لە دادگای کەرکوک، کە پێشتریش بە دەیان بەرپرسی کورد لە کارەکانیان دوور خرابونەوە ، واتا تاکو ئێستا کورد نیوەی زیاتری پۆستەکانی لەدەستداوە ئەمە جگە لەو لێشاوە تەعریبەی کە ڕۆژانە لە رۆژئاواو خواروی کەرکوکدا ئەکرێت، ئەم هەموو روداوانەی دووچاری خەڵکی کەرکوک بووتەوە  بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی نەک هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە بەڵکو نەیانتوانیەوە بەیاننامەیەکی شەرمنانەش دەربکەن دژی ئەم کارە دوور لە مرۆڤایەتیەی بەرامبەر نەتەوەی کورد ئەکرێت.

بێگومان ئەمیش ئەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار یان هیچ دەسەڵاتێکیان لەئیدارەی کەرکوکدا نییە،یاخود خاک و پۆستە ئیداریەکانیان بە سەفەقاتی ژێر بەژێر بۆ بەرژەوەندی حزبی و کەسی گۆڕیوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر ئەو حزبانە هەموو تواناو هەوڵێکیان خستۆتە گەڕ بۆ وەرگرتنی تەنها پۆستێک لەبەغداد ، لەبەرامبەردا وا زۆربەی پۆستەکانی ئیدارەی کەرکوک لەدەست ئەدەن کەچی ئەڵێی نەبایان دیوەو نەباران؟.

پەراوێزخستنی کەرکوک و گرنگیدان بە بەغداد لەکوێی دروشمە سواوەکانی کوردایەتیە کە رۆژانە حزبە ناسیۆنالیزمەکان بە خەڵکی کوردستانی ئەفرۆشنەوە؟ئێمە پێمان خۆشە کورد قورسایی خۆی هەبێت لەبەغدا بەڵام بەمەرجێک ئەو ئامادەبوونەی کورد لە حکومەتی عێڕاق بۆ خزمەتی گەڕانەوەی خاک  یان هیچ نەبێت بۆ ئاسایی کردنەوەی ناوچەکانی ماددەی 140بێت، نەک لەبەغدا شایی و لۆغانی پۆستیان بێت و لە کەرکوکیش چاوەڕێی مەرگی شارەکەیان بن، ئێمە لەخۆیان ئەپرسین لەکام چەمکی کوردایەتییە موزەیەفەکەی خۆیاندا کە 60 ساڵە خەڵکی پێ فریو ئەدەن خاک جێگای پلەو پۆستی گردبێتەوە لەبەغدادی دراوسێماندا؟.

ئەم شێوازە سیاسەتەی کە دەسەڵاتی کوردی پەیڕەوی ئەکات لە فەرامۆشکردنی ناوچە جێناکۆکەکان و ڕادەستکردنی بە قەدەرێکی نادیار هەموو ئەو راستیانە دوپات ئەکاتەوە کە نەخاک و نە نەتەوە لە ئەجندای ئەم نوخبە سیاسیەی دەسەڵاتی کوردیدا نییەو ئەوەی لە بەرنامەو هزری سیاسیاندا هەیە تەنها بازرگانیکردنە بە دۆزی گەلێکی ستەم لێکراو، گەر دۆخەکەیش بەم شێوەیە بەردەوام بێت تا چەند ساڵێکی تر کەرکوک و نەجەف و کەربەلا لەیەک جیاناکرێتەوە باشترین بەڵگەش جگە لەو بابەتانەی باسمان کرد، چاندنی دار خورمایە لەشۆستەکانی شارەکە کە مەبەستەکەی روون و ئاشکرایە ئەیانەوێ دیموگرافی شارەکە بە شێوەیەک بگۆڕن کە  پێناسەی شارێکی عەرەبی بە بەریدا بکەن.

04/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر