گەندەڵی و کۆمەڵگا

هیوا حسن

گەندەڵی دیاردەیەکی جیهانیە پەتایەکی کوشندەیە رووی لەتەواوی کۆمەڵگاکان کردووە، بەڵام بەپێی سیستەمی حوکمڕانی دەوڵەتان رێژەی گەندەڵی لەووڵاتێکەوە بۆ ووڵاتێکی تر جیاوازی هەیە، بۆ نمونە لە ووڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیا لەبەر ئەوەی دام و دەزگا حکومیەکان بەپێی سیستەمی ئیداری و کارگێڕی بەدامەزراوی کراوە،هەروەها هۆشیاری خەڵک لە ئاستێکی باشدایە،  بۆیە رێژەی گەندەڵی لەو ووڵاتانە لەئاستێکی نزمدایە ، بەپێچەوانەوە لەووڵاتە دواکەوتووەکان و بەتایبەتی لەو ووڵاتانەی کە باری سیاسی و ئابوری و ئەمنی تێیاندا سەقامگیر نییە ، دیاردەی گەندەڵی لەئاستێکی بەرزو مەترسیداردایە.

ئەگەر تەماشای عێڕاق بەهەرێمی کوردستانیشەوە بکەین ئەبینین گەندەڵی سەرتاپا ووڵاتی گرتۆتەوە بەشێوەیەک نەک هەر لەدام و دەزگا حکومیەکان بگرە لەناو کۆمەڵگای عێڕاقیش وەک پەتایەکی کوشندە باڵی بەسەر گەلانی عێڕاقدا کێشاوە، واتا ئێستا کۆمەڵگایش بووەتە بەشێک لەبرەودان بە  پرۆسەی گەندەڵی کە لەهەموو بوارەکاندا رۆچووەتە ناو ناخی تاکەکانی ئەم نیشتمانەوە.

کاتێک قسەو رەخنەمان لەدەسەڵاتداران هەیە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان تێوەگلاون لە گەندەڵی و کاری نابەجێ ، لەهەمان کاتدا بەشێکی زۆریش لە هاونیشتمانیان بوونەتە جێبەجێکاری ئەو پرۆسە بەدناوە، تۆ تەماشاکە کاسبکارێکی ئاسایی لەشوێنی کارەکەی خۆیەوە فێڵ و گزی لە خەڵکی دەکات ، فەرمانبەرێک لە کاتی دەوامدا وەک پێویست ئەرکەکانی جێبەجێ ناکات، مامۆستایەک ئەو ئەرکەی لەسەرە کە پەروەردەو فێرکردنی نەوەی دوارۆژە کەچی کەمتەرخەمی ئەکات و ئەرکە پیرۆزەکەی وەک خۆی بەجێ ناهێنێ، پزیشکێک لەبری ئەوەی پیشەکەی بکاتە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە ، کەچی بەداخەوە هەندێکیان وەک بازرگانێک تەماشەی پیشەکەیان ئەکەن ، باوک و دایکان کە بەرپرسی یەکەم و سەرەکین لە بەخێوکردنی منداڵەکانیان بە شێوەیەکی جوان و تەندروست بۆ ئەوەی لەدوا رۆژدا نەوەیەکی بەسوود پەروەردە بکەن بۆ کۆمەڵگا، کەچی وەک پێویست ئەو ئەرکەیان بەجێ ناهێنن و گرنگیان پێ نادەن، دواجار نەوەیەکی خراپ بۆ داهاتوو  ئەنێرنە نێو کۆمەڵگاوە، بە کوردی و بەکورتی هەموو ئەمانەو دەیان نمونەی تر بەشێکن لەگەندەڵی کە ڕاستەوخۆ خودی هاووڵاتی خۆی لێی بەرپرسیارە، ووڵات بەرەو کارەسات و داڕمانی زیاتر ئەبات.

هەموو ئەمانەی باسمان کرد هۆکاری سەرەکین بۆ تێکدانی شیرازەی ووڵات و هیچی کەمتر نییە لەو بەرپرسە گەندەڵانەی کە ووڵاتیان بەرەو ئەم شێوازە خراپە بردووە، بۆیە ئەگەر خودی هاووڵاتی هەریەکەو لەشوێنی خۆیەوە راستگۆیانەو بێ مادوبوون ئەرکەکانی وەک خۆی جێبەجێ بکات ، بێگومان ئەتوانین ڕێ لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای گەندەڵی بگرین و سنورێکی بۆ دابنێین.

14/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر