ژانی لەدایک بونی هێزێکی نوێ و سەرنجێک

هیوا حسن

 لەساڵی 2009 گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن بۆ یەکمجار لەهەرێمی کوردستان دروست بوو توانی نوێنەرایەتی زۆرینەی دەنگە ناڕازیەکانی خەڵکی کوردستان بکات ، ئەوەبوو لەیەکەم هەڵبژاردندا توانی 25 کورسی بەدەست بێنێ و هەروەها رێبەرایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بکات ، هەرچەندە هەندێک لەو هێزو لایەنانە پێشتر وەک ئۆپۆزسیۆن هەبوون بەڵام نەیانتوانی بوو وەک پێویست نوێنەرایەتی شەقام بکەن، دوای ئەوەی گۆڕان نەیتوانی بەردەوام بێت لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن و چووە ناو دەسەڵاتەوە ، ئەوەبوو ئۆپۆزسیۆن شکستی هێناو تا ڕادەیەک شەقام بەبێ کەسی مایەوە ، هەرچەندە کۆمەڵ و یەکگرتوو وەک دوو هێزی ئۆپۆزسیۆن مانەوە بەڵام لەواقیعدا نەیانتوانی رێبەرایەتی شەقامی ناڕازی بکەن و ببنە جێگای متمانەی خەڵک ، دەرکەوتنی نەوەی نوێ وەک هێزێکی ئۆپزسیۆن هەرچەندە لەئێستادا کورسیەکانی ئەو جوڵانەوەیە روو لەهەڵکشان کردووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیە تینوێتی زۆرینەی خەڵکە ناڕازیەکان بشکێنێ و نەچووەتە نێو نوخبە رۆشنبیرو سیاسیە ناڕازیەکانەوە، تەنها توانیەتی لەڕێگای جوڵاندنی سۆزو عاتیفەوە بەشێک لەدەنگه ناڕازیەکان بۆلای خۆی رابکێشێ کە بە بڕوای چاودێرانی سیاسی ئەم هێزە ناتوانێ بەبەرنامەو گوتارێکی جیاواز لەحزبەکانی دیکە ببێتە هێزێکی کاریگەری ئۆپۆزسیۆن وەک سەرەتای دامەزراندنی گۆڕان. هەموو ئەمانەو زیاتکردنی قەیرانەکان و بێ دەربەستی دەسەڵات کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر هەڵکشانی توڕەیی و بێزارکردنی خەڵکدا هەبوو بەشێوەیەک کە چاوەڕێی دەرفەتێک بوون بۆ تۆڵە کردنەوە لەحزبەکانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیش، بەڵام نەبونی هێزێکی سیاسی کە هەڵگری خەمی دەنگە ناڕازیەکان بێت وایکرد خەڵکی بە تەواوی بێ ئومێد بێت لەپرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لەکوردستان.

 کاتێک دەرفەتی هەڵبژاردن دێتە پێشەوە و هاووڵاتی ئەتوانێ سزای حزبەکان بدات ، بینیمان چۆن لەهەڵبژاردنەکانی 10ی ئۆکتۆبەر خەڵکی کوردستان وەڵامێکی باشی دەسەڵات و حزبەکانی دەرەوەیشان داو بەئاشکراو بۆ یەکەمینجار کارتی سوریان بۆ بەرزکردنەوە، ئەوەبوو زیاتر لە 65٪ی خەڵکی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردو رێژەیەکی زۆریش لەوانەی بەشداری هەڵبژاردنیان کرد دەنگەکانیان سوتاندبوو، لێرەوە پەیامی خەڵکی کوردستان رون و ئاشکرایە کەچیتر رازی نابن ئەم کەمینەیە سیاسیە بەناوی حزبەوە نوێنەرایەتیان بکات. کەواتە ئەگەر پێش هەڵبژاردن توڕەیی خەڵک گەیشتبێتە لوتکە، ئەوا لەهەڵبژاردن خەڵک ئەو ناڕەزایەتییەی کردە کردارو بەڕوی حزبەکاندا چووەو دوا پەیامی توڕەییان دا بەگوێی ئەم نوخبە سیاسیەی سەر گۆڕەپانی سیاسی لەهەرێمی کوردستان. هەڵبژاردن تەواو بوو خەڵک تۆڵەی خۆی لەحزبەکان کردەوە ، دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی هێزێکی نوێن کە رابەرایەتی شەقام بکات، هەر بۆیە لەرۆژانی دوای هەڵبژاردنەوە جۆرە جوڵەیەک بەدی ئەکرێت ، ئاماژەکان و گفتوگۆیە ژێربەژێرەکانی سەرکردە ناڕازیەکان و نوخبە سیاسی و ڕۆشنبیرەکانی بەرەی خەڵک ئەوەمان پێ ئەڵێ کە گۆڕەپانی سیاسی لەهەرێمی کوردستان لەبەردەم لەدایک بونی هێزێکی نوێی ئۆپۆزسیۆنە کە بتوانێت لە ئاست داخوازیەکانی خەڵکە ناڕازیەکان بێت و ئەم هەرێمە لەقەیران و داڕمان رزگار بکات.


ئەگەر ئەم جوڵانە راست بن و بگەنە ئەنجام ئایا ئەو هێزەی دروست ئەبێت ئەتوانێ نوێنەرایەتی زیاتر لە 65٪ی خەڵکی ناڕازی کوردستان بکات؟ ئایا ئەم هێزە بەهەمان ئالیەتی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشوو کار ئەکات ، یان بەدیدێکی نوێ و واقیع بینانە دێتە سەر گۆڕەپانی سیاسی لەهەرێمی کوردستان؟ ئایا ئەم هێزە بەهەمان ئەدای پۆپۆلیستی ئەیەوێ روبەڕوی ئەم دەسەڵاته بێتەوە کە پێشتر گۆڕان ئەنجامیدا، یان بەهێمنی و شەرمنانە سیاسەت ئەکا وەک ئەوەی یەکگرتوو و کۆمەڵ پیادەی ئەکەن؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری دیکە هەیە کە خەڵکی کوردستان حەقیانە پێش لەدایک بونی ئەم هێزە روبەڕوی دامەزرێنەرانی بکەنەوە. پێم خۆشە بەچەند خاڵێک سەرنجی خۆم بخەمە سەر هەر هێزێکی تازە کە لەداهاتودا دروست ئەبێت. 

 ١ ـ پێم وایە هیچ هێزێکی تازە ئەگەر لەچوارچێوەی حزبدا لەدایک بێت ناتوانێت لەئاست تموحی ئێستای خەڵکی کوردستان بێت ، چونکە لەئەساسدا لەهەرێم و عێڕاقیشدا زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین لە تێکڕای ئەم ناوچەیەدا حزب نەیتوانیوە بەدیهێنەری ئامانج و داخوازیەکانی خەڵک بێت ، نەک هەر ئەوە تەنانەت نەیتوانیوە ئیدامەی ژیانی سیاسی خودی خۆی بدات ئەگەر پارەو دەسەڵاتەکانی لێ وەرگریتەوە، کەواتە ئەوەی هەیە حزب نییە تەنها کۆمەڵێ بازرگانی سیاسین بەناوی حزبەوە خەریکی روتاندنەوەی ووڵاتن ، باشترین نمونەیش حزبەکانی هەرێم و عێڕاقە بزانە کە چۆن ووڵاتیان بەرەو مەرگەسات بردووە، بەکورتی ئەگەر هەر هێزێکی سیاسی بەهەمان فۆرمی حزبەکانی ئێستا بێتە پێشەوە هیچ ئەنجامێکی لەمانەی ئێستا باشتر نابێت.

٢ ـ جگە لەو هۆکارانەی خاڵی یەکەم کە باسمان کرد، خەڵکی کوردستان ئەوەندە بێزارو بێ ئومێد بووە لەحزبی کوردی بۆیە ئامادە نییە جارێکی دیکە خۆی بەحزبێکی نوێ تاقی بکاتەوەو هەرچی توانای بەشەری و ماددی هەیە بکاتە خزمەت پرۆسەیەک کە نزیکەی سەدەیەکە فەشەلی هێناوە.

3 ـ هەر هێزێکی سیاسی کە دروست ئەبێت ، گرنگە کاری لەپێشینەی ئەوەبێت کە خوێنندنەوە بۆ سایکۆلۆژی و توانای خەڵکەکەی خۆی بکات ئەوسا بڕیاری دروست بدات ، چونکە ئاشکرایە ئێستا خەڵکی کوردستان لە حاڵەتێکی زۆر خراپی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدایە و بێ ئومێدی و بێ متمانەیی باڵی بەسەر هەموو خەڵکی کوردستاندا کێشاوە ، بۆیە ئەبێ هەنگاوی یەکەمی هەر هێزێک کە دروست ئەبێت گێڕانەوەی هیوا و متمانە بێت بۆ تاکی کوردی ، ئەوەش پێویستی بە ئەقڵی نوێ و میکانیزمی نوێی کارکردن هەیە ، نەک بە شێوازە تەقلیدیەکەی پێشوو.

رەنگە خوێنەری بەڕێز بپرسێت ئەی بەدیلی حزب چییە لەئێستادا ، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە کە زۆر گرنکە پێم خۆشە ڕای خۆمتان بۆ بخەمە روو. پێم وایە ئەو شێوازەی کە پێویستە هەر هێزێکی نوێ کە هەڵگری خەمی گەل و نیشتمانەکەیەتی بیەوێ فۆرمەڵەی بکات لەدەرەوەی چوارچێوەی حزبدا کە نوێنەرایەتی تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات ، دامەزرانی ئەنجومەنی شەقام یان ئەنجومەنی دەنگە ناڕازیەکان یان هەر ناوێک کە ئەو هێزە نوێیە خۆیان بڕیاری لەسەر ئەدەن، تاکە بەدیلە کە بتوانێت ئەم بۆشاییە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم پڕ بکاتەوە، بێگومان ئەمەی خوارەوە تەنها بۆچونی خۆمە بۆ دەربازبون لەم دۆخە ئەکرێت ئەم پرۆژەیە قسەی زیاتری لەسەر بکرێت و دەوڵەمەندی بکەن. هەیکەلی ئەنجومەن.

 1 ـ ئەم ئەنجومەنە لە چەند کەسێک پێک دێت کە هەریەکەو نوێنەرایەتی ناوچەیەک یان شارۆچکەیەک ئەکات ، لەگەڵ ئەو چالاکوان و رۆشنبیرو کەسایەتیە سیاسیە ناڕازیانەی کە هەمیشە لەبەرەی خەڵکدا بوونە و پلەو پارە نەیتوانیوە لە خشتەیان بەرێ.

٢ ـ جگە لەم ئەنجومە هیچ ئۆرگانێکی دیکە بونی نابێت، واتا ئەنجومەن تاکە ئۆرگانی ئەم هێزە ئەبێت
٣ ـ چەند لیژنەیەک لەئەندامەنی ئەنجومەن پێک دێت وەک لیژنەکانی ڕاگەیاندن و کارگێڕی و پەیوەندیەکان ….هتد.

 4 ـ سێ کەس وەک دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن دیاری ئەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی کۆبونەوەکان و جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی، ئەم دەستەیە بە مناوەبە ئەبێ ، واتا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئەبێت و پاشان کەسانی دیکە دێنە شوێنیان ئەرکی ئەنجومەن:

 1ـ ئەم ئەنجومەنە نوێنەرایەتی دەنگی شەقام و رێبەرایەتی کارو چالاکیەکانیان ئەکات لەهەر بارودۆخێکدا کە پێویستی بە هەڵوێست وەرگرتن هەبێت.

٢ـ پرۆژەیەکی سیاسی ، ئیداری ، ئابوری گشتگیر و دەوڵەمند کە بگونجێ لەگەڵ خواست و داخوزیەکانی خەڵکی کوردستان و رێگاچارەبێت بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە ئامادە ئەکات و کاری لەسەر ئەکات.
 
 داهاتی ئەنجومەن:

 بۆ ئەوەی ئەم هێزەیش نەکەوێتە ژێر کاریگەری دەسەڵاتەوەو سازش نەکات بۆ دەسکەوتی ماددی بەبیانوی ئەوەی ناتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن پێویستە لە ڕێگای ئەو خەڵکە دڵسۆزانەی کە لەهەم و خەمی ووڵاتەکەیاندان هاوکاری وەرگرن وەک پەرلەمانتارە کۆنەکان و یان ئەو پەرلەمانتارانەی لە داهاتوو لەسەر لیستی ئەم هێزە ئەبنە ئەندامی پەرلەمان و سەرمایەدارە نیشتمان پەروەرەکان کەهەمیشە هاوکاری وخزمەتی خەڵکیان کردووە ، ڕەنگە بە داهاتێکی کەم بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن چونکە جگە لە ئەنجومەن کە پێشتر ئاماژەمان پێدا هیچ ئۆرگانێکی دیکە بونی نابێت. بە کورتی و بەکوردی بەپێی پرۆژەکە ئەم هێزە تازەیە ئەبێتە هێزێکی جەماوەری سەرتاسەری کە هیچ ئۆرگان و بارەگایەکی نابێت تەنها لە شەقامەوە ئاراستە سیاسیەکانی ئەگەیەنێتە خەڵک و فشار بۆسەر دەسەڵات دروست ئەکات.

لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم ئەم ئەزمونە پێشتر تاقیکراوەتەوەو سەرکەوتنیشی بەدەست هێناوە ، وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی کە توانیان رێبەرایەتی شەقام بکەن لەزۆربەی زۆری ناوچەکانی کوردستان و بە هەزاران کەسیان هێنایە سەر شەقام و داکۆیان لە مافەکانی خۆیان کردووە ، بەم شێوازە ئەتوانرێت هێزێکی نوێ پێک بێنیت کە گوزارشت لەداخوازیەکانی خەڵک بکات و هەموو تاکێک خۆی بە خاوەندارێتی ئەم پرۆژەیە بزانێت ، ئەگەر ئەم هێزە دوور بێت لەدروستکردنی سەرکردەی خۆویست و کادری مووچەخۆرو بەرژەوەند خواز کە حزبیان وەک پرۆژەیەکی بازرگانی تەماشا کردووە، واتا ئەم هێزە ئەبێتە هێزی جەماوەر، نەک هێزی دابەشکردنی پلەو پۆست و چای خواردنی ناو بارەگا ، بەم شێوازە ئەتوانرێت هیواو متمانە بۆ خەڵک بگەڕێنینەوەو جەماوەر بکەینە پاڵپشت و خاوەنی بەهێزی ئەم هێزە نوێیە .


25/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر