ئایا بزوتنەوەی گۆڕا بە كردار بەشداری حكومەتی خۆجێیەكانە؟!

عومەر عینایەت

ساڵی 2014 بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریكرد لە حكومەتی هەرێمدا كرد، دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە  هەمان ساڵدا بڕیاری بەشداریكردنی لە حكومەتە خۆجێیەكاندا. لەسەر بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە دەسەڵاتی هەرێم زۆرم وتوە و نوسیوە، ئەوەی ئەمەوێ قسەی لەسەر بكەم بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕانە لە حكومەتی خۆجێیەكان، لە زۆرنی سەوز.
هەر لە سەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان ستەمی لێكرا كاتێك یەكیەتی نیشتمانی كوردستان ئامادە نەبوو، پۆستی پارێزگار رادەستی نوێنەڕەكەی گۆڕان بكات و بە ئاشكرا وتیان(ئێمە ئیدارەی سلێمانی لەسەر سینیەكی زێڕ رادەستی بزوتنەوەی گۆڕان ناكەین)، گۆڕان بۆ پاراستنی دۆخەكە و تێكنەچونی ئاسایشی ناوچەكە ئەم ستەمەی قەبوڵ كرد و بە ئێستاشەوە ئەم پۆستەی رادەست نەكرا، ئەوەی جێگای سەرنجە شاندی دانوستاندنی گۆڕان چۆن لە بەشداریكردنی لە دەسەڵاتی هەرێم نەیانتوانی دەس بۆ هەندێك پۆستی هەستیاری وەك (سەرۆكی هەرێم، سەرۆك كۆماری عێرَاق، راوێژكاری ئەنجومەنی  ئاسایش و پاراستنی هەرێم، وەزیری سامانە سروشتیەكان....هتد )ببەن لە حكومەتە خۆجێیەكانیشدا هەمان هەڵە دوبارە بوەتەوە و دەس بۆ پۆستی دام و دەزگاكانی (ئاسایش، پۆلیس، پێشمەرگە،..) نەبراوە و لە دەرەوەی ئەم پۆستانە مامەڵەیان كردوە، لە كاتێكدا ئەوانەی ئەلف وبێی ئیدارە شارەزان، ئەو راستیە باش دەزانن كە دام و دەزگاكانی جێبەجێكردن هیچیان پیناكرێت ئەگەر بە پشتیوانی پۆلیس و ئاسایش و هێزی سەربازی نەبێت.
ئەگەر دادوەر بڕیار بدات پۆلیس و ئاسایش جێبەجێی دەكەن.
ئەگەر پارێزگار و قائیمەقام بیانەوێ‌ رێگری لە هەر سەرپێچیەك بكەن یان یاسا بچەسپێنن لە رێگای پۆلیس و ئاسایشەوە جێبەجێدەكرێ.
گشت دامەزراوەو سنورەكان پۆلیس و ئاسیش ئەیانپارێزن.
دەسەڵات پێویستی بە هێزە هێزەكانیش دامەزراوەیی نین .
كارمەندان پێویستیان بە موچەیە و موچەش لای پارێزگار نیە
فەرمانگەكان و پڕۆژەكان پێویستیان بە بودجەیە و پارێزگاریش دەستی بەتاڵە
بۆ ئەوەی ئیدارە سەركەوتو بێت، پێویستی بە هێز و دراوە ، هێز و سەرچاوەی دارایش ئەبێت دامەزراوەیی بێت و بە یەك مەودا لە هەموان دور بێت و یاسا و رێنماییەكان جێبەجێ بكات، هەركەس پارێزگار بێت و لە هەر حیزبێك بێت بۆ ئەو هێزانە گرنگ نەبێت، گرنگ سەروەری یاسا بێت
بنەمای دەسەڵات ، دارایی و هێزە، ئەو جومگانەی ئیدارە كە لە دەست بەرپرسەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندان، لە سلێمانی دورن لە دارایی و دەسەڵات و ئەم دوو سەرچاوەیەی ئیدارە لە دەستی یەكیەتیی نیشتمانیدایە و بەرپرسەكانی  ئەوان ئەم دوو سەرچاوەیە ئەجوڵێنن.
ئەوەی لەم ماوەیەدا هەستیپێدەكەین بە تایبەت روداوەكانی رۆژی پێنج شەممە 1/12/2016 لە سلێمانی كە خۆی لە گرتن و لێدانی مامۆستایانی ناڕازیدا بینییەوە و رێگری كرا لە گردبونەوە و خۆپیشاندان، لە كاتێكدا ئەم گردبونەوە و خۆپیشاندانانە ئەوپەڕی شارستانی بوون و بە ئارامی بەڕیوە چوون و تەنانەت هێماكانی هاتوچۆ و گوڵی سەرجادەكانیش زیانیان پێنەگەیشت، سەرباری ئەوەی كە خۆپیشاندەران داوای سەرەتایترین مافی خۆیان دەكەن كە بە دەستی فیرعەونەكانی كوردستان زەوتكراوە، سیاسەتی گۆڕان بەرگری كردنە لەم جۆرە خۆپیشاندانە و گەڕانەوەی مافی خوراوی موچەخۆر و مامۆستایانی كوردستانە، لە شارێكی وەك سلێمانی كە پارێزگارەكەی بە وەكالەت لای بزوتنەوەی گۆڕانە و قائیمەقامی ناوەندیش هەر لای بزوتنەوەی گۆڕانە، پارێزگار سەرۆكی لیژنەی ئەمنیە و قائیمەقام ئەندامی لیژنەی ئەمنیە، هەردوكیان دژی گرتن و ئازاردانی خۆپیشاندەرانن، ئەیانەوێ خۆپیشاندانی یاسایی بەردەوام بێت، ئەی بۆچی دەسدرێژی ئەكرێتە سەر خۆپیشاندەران بە پێچەوانەی ویستی سەرۆكی یەكەی كارگێڕی(پارێزگار) و قائیمەقامی ناوەند؟! كێیە ئەم بڕیارە دەدات بە پێچەوانەی ویستی ئەم دوانە،؟ وەڵامەكەی ئاسانە ئەوە هەندێ لە بەرپرسانی ئاسایش و پۆلیسن ئەو بڕیارە ئەدەن، كاتێك ئاسایش و پۆلیس بە ویستی حیزب ئەجوڵێنرێن لە مەكتەبی سیاسیەوە فەرمان وەردەگرن، بەدەر لە ویستی سەرۆكی یەكەی ئیداری ئیتر ئەوە پێمان دەڵێ كە ئەم وڵاتە دامەزراوەیی نیە و ئەوەی حوكم ئەكات حیزبە نەك حكومەت، تا ئەو ساتەی دامو دەزگاكانی هەرێم بە دامەزراوەیی نەكرێن و دور نەخرێنەوە لە دەستی حیزب(بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە) هەڵەیە ئێمە بڵێین بەشدارین لە دەسەڵاتی خۆجێی، بۆیە باشترە خۆمان نەخەڵەتێنین و ئەم بەشداریە كارتۆنیە رەدكەینەوە و  تا زووە بەشداریمان لە حكومەتی خۆجێی لە دەسەڵاتی هەرێم بدەینەوە بە ناوچاوانی پارتی و یەكیەتیدا و جامی گەندەڵی 25 ساڵەیان بەسەر خۆماندا قڵپ نەكەینەوە.

عومەری حاجی عنایەت هەڵەبجەیی
3/3/2016


04/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر