گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر(2)

عومەر عینایەت
بۆ ئەوەی هیچ كەس نان و پیاز بەم نوسینەی منەوە نەخوات، یەكێكم لەو كەسانەی بۆ دروستبونی دەوڵەتی كوردستان ئامادەی گیان بەخشینم بەڵام ئەگەر دەوڵەت بۆ پیادەكردنی دادی كۆمەڵایەتی و دیموكراتی و سەروەری یاسا بێت و ماف و ئەركی هەموان بە یەكسانی دیاریكراو بێت.
رۆژی 7/6/2017 نوێنەرانی لایەنە سیاسیەكان لە هەرێمی كوردستان چونە بەردەم مەسعود بارزانی وەك (سەرۆكی هەرێم ) بڕیاری گشتپرسی و هەڵبژاردن درا.
ئەم كۆبونەوەیە كوردستانی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سەرەتا لە 1992 ئەو كاتەی بەرەی كوردستانی وەك دیفاكتۆ(امری واقیع) ئیدارەی كوردستانی ئەكرد و لەو سەردەمەدا بەرەی كوردستانی كۆبویەوە و بڕیاری دا كە هەڵبژاردن لەو ناوچانەدا بكرێت كە لە ژێر دەسەڵاتیاندا بوو، پاش 25 ساڵ لە دەسەڵاتی كوردستان و دروستكردنی دامەزراوەكانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێكردن، بونی سەدان كەناڵ و میدیا و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، كونسلگەری زیاتر لە 40 وڵاات لە هەرێم، تازە بە تازە حیزبەكان دێنەوە لە دیوەخان كۆدەبنەوە و بڕیار لە ئایندەی گەلی كوردستان و گشت پرسی دەدەن و پشت لە دامەزراوە شەرعیەكانی كوردستان دەكەن و خۆیان دەكەن بە كوێخای میللەت، لە راستیدا ئەم بڕیارە لە دەرەوەی دامەزراوەی شەرعی پەرلەمان گەڕانەوە بوو بۆ خاڵی سفر و چوارگۆشەی یەكەم، ئەمەی ئەم حیزبانە كردیان بە یەك دانیشتنی پەرلەمان كۆتایی دەهات و هێزی یاسایی و سیاسیی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش زیاتر دەبوو، بۆچی ئەم حیزبانە و بە تایبەت پارتی ئەمەی ناوێت؟ وەڵامەكە رونە، تەنها لەبەر ئەوەی كە سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕێت كە لە بزوتنەوەی گۆڕانە، من لە پارتی و سەرۆكەكەی دەپرسم، ئەگەر بەجدی دەتانەوێ دەوڵەت دروستبكەن، ناكرێت لە كەلی شەیتان بێنە خواروەوە و پەرلەكمان كارا بكەنەوە و پڕۆسەی گشتپرسی و سەربەخۆیی لە پەرلەمانەوە بە یاسا رێكبخرێت، ئەگەر بەڕاستی نیازی دروستكردنی دەوڵەتی كوردستاندا هەیە پێویستە گیانی دەمارگیری لەسەرتان دەركەن، ئیوە باش دەزانن كە دوو لایەنی دیاری وەك بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی ئەو كۆبونەوەیان كردوە 30% خەڵكی كوردستانیان لەگەڵە و گەر بیانەوێ‌ هانی خەڵك بدەن دژی ریفراندۆم لەوانەیە دەنگی پێویست بەدەستنەهێنن لە ریفراندۆمدا، ئەمە تەنها لەبەر ئەوەی تا شەش مانگی دی سەرۆكی پەرلەمان لەدەست سەرۆكە شەرعیەكەیدا بێت كە لە بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەمە چ لۆجیكێك قەبوڵی دەكات؟! بەم عەقڵیەتەوە چۆن دەوڵەت دروستدەكەن؟! یان ئەو راستیەمان پێدەڵێ كە پارتی نیازی دروستكردنی دەوڵەتی نیە و باسككردن لە ریفراندۆم تەنها وەرەقەیەكی فشارە لەسەر حكومەتی ناوەند. 
ماوەتەوە بڵێین كە ئامادە بوونی ئەو لایەنانە لەبەردەم مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم و دەركردنی مەرسوم بۆ پێكهینانی لیژنە و كۆمیتە و ئەنجومەن و چی و چی...داننانی راستەخۆیە بەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی شەرعی هەرێمە و ئیدیعا كۆنەكانی ئەو لایەنانە پوچەڵ دەكاتەوە كە ئەیانووت ئێمە مەسعود بارزانی بە سەرۆكی شەرعی هەرێم نازانین باش دەزانن لە نیوەی رێدا هاورێكانی پێشویان بەجێهێشت.
باشترە بۆ ئەوانەی لە بزوتنەوە  گۆراِن كە بڕیاری رێكەوتنیان لە گەڵ یەكێتی دا ، چیتر باس لە رێكەوتنی گۆرَان و یەكێتی نەكەن، چونكە ئامادە بوونی یەكێتی لەم كۆبونەوەیە بەبێ بزوتنەوە گۆرَان دوا بزماربوو لە تابوتی رێكەوتنی یەكێتی و گۆرَان درا بە دەستی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەك دەستی لایەنێكی دی.
ئێمە لەسەرەتاوە بە بزوتنەوەی گۆڕانمان ووت دۆستایەتی یەكێتی راستە، بەڵام رێكەوتن لەگەڵ یەكێتی ئەبێت كاتێك بكرێت ئەو هۆكارانەی كە كاك نەوشیران و هاورَیكانی بەهۆیەوە یەكێتیان جێهێشت نەمابن یان بەلای كەمەوە كەمتر بووبن و بەرەو باشتر چوبێت، بەداخەوە ئەو هۆكارانە نەك هەر ماون بەڵكو زیاتر بوون، كەچی چون و لەگەڵیان رێكەوتین و ئەوەش وەفای ئەوانبوو بەرامبەر بەو رێكەوتنە.
دوا وتەم بۆ ئەو كەس و لایەنانەیە كە بانگەشەی گشتپرسی ئەكەن:
پێویستە ئەو راستیە لەیاد نەكەن ناحەزانی كورد چەند ئاستەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دروستدەكەن ئەوەندەش دژی گشتپرسین و لەمپەڕی بۆ دروستدەكەن، بۆیە باشترە یەك جار بكەوینە بەر هەڕەشە و ئاستەنگەكانی ناحەزانی كورد و پەرلەمانتان چۆن پەكخست هەرواش كارای بكەنەوە و لەوێوە بڕیاری سەربەخۆیی ئەدرێت و گشتپرسی  هیچ پێویست ناكات چونكە 90%ی كورد سەربەخۆیی دەوێ‌ چۆن نابینا چاوی ساغی ناوێ؟! بەڵام چاوێكی حەقیقی نەك صناعی بۆ دیكۆر، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش بە هەمان شێوە ئەگەر سەربەخۆیی بۆ بەرژەوەندی خەڵك بێت بێگومان، نەك هەر دەنگی پێدەدەن بەڵكو خۆیان لەو پێناوەدا فیدا دەكەن و قوربانیدەدەن.
ئەگەر گشتپرسی بە مەبەستی سەربەخۆیی نیە؟! كێشەی زیاترمان بۆ دروستمەكەن و پاشگەز ببنەوە!
ئەگەر مەبەستتان سەربەخۆیی كوردستانە هیچ پێویست بە گشتپرسی ناكات و پەرلەمان كارا بكەنەوە لە دانیشتنێكی پەرلەماندا(وەك نوێنەری شەرعی خەڵكی كوردستان) چۆن بڕیار لەسەر فیدراڵی درا بەبێ گشتپرسی، هەرواش پەرلەمان ئەتوانێ بە ئامادەبوونی بەرپرسە دیارەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆكی حیزبەكانی كوردستان، بڕیار لە سەربەخۆیی كوردستان بدات.
دوا ووتەم بۆ ئەوانەی لە پشت پڕۆسەی گشتپرسیەوەن هیوادارم ئەمەش شۆكێكی تری سیاسیی نەبێت و لە مێشكی گەلی كوردستانی بدەن بە مەبەستی لە یادكردنی قەیرانە سیاسی و ئابوریەكانی رابوردو



10/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر